لۆژیکی جەنگی حەماس، تورکیا، ئێران، ڕووسیا و عێڕاقچەند سەرنجێکی خێرا بۆ کورد

ڕووسیا
ڕووسیا لە دوو ڕووەوە سوود لە پەلامارە تیرۆریستییەکەی حەماس بۆ سەر خەڵکی مەدەنیی ئیسرائیل و هێرشی پێچەوانە و دڕندانەی دەوڵەتی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەزە و خەڵکی مەدەنیی، وەردەگرێت. یەکەم، سەرقاڵکردنی خۆرئاوای هاوپەیمانی ئیسرائیل بە جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل و دوورخستنەوەی سەرنج لەسەر جەنگی خۆی لەسەر گەلی ئۆکرانیی. دووەم کێشکردنی ئەمریکا بۆ نێو جەنگێکی دیکەی ناو خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و شەڕی ئەمریکا لەڕێگەی بەکرێگیراوەکانی و هاوپەیمانەکانی.

تورکیا
وا پێناچێت تورکیا ڕاستەوخۆ هیچ هەوڵێکی دابێت بۆ هەڵکشانی جەنگەکە، هیچ نەبێت هێشتا شتێکی ئەوتۆ لەم بارەیەوە دیار نییە، بەوەدا تورکیا هەم خەریکە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە و هەمیش شەرمنانە ڕایگەیاند کە پێویستە هەردوولا کۆتایی بەکێشەکانیان بهێنن. بەڵام بێگومان تورکیا گەورەترین قازانج لەم جەنگە دەکات: سەرقاڵبوونی جیهان پێشتر بە کێشەی ئۆکرانیا و ئێستاش ئیسرائیل-فەڵەستین تا هێرشەکانی زیاتر لەسەر کوردستان چڕبکاتەوە. تورکیا چاوەڕوانی گڵۆپێکی سەوز بوو هێرشەکانی دەستپێبکاتەوە و قەیرانە ناوخۆییەکانی ڕەوایەتیی، ئابووریی، هەرێمیی و شکستەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بشارێتەوە. تەقینەوەکەی ئەنقەرە لەم کاتەدا و بەدوویدا هێرشەکەی حەماس، باشترین خەڵات بوون بۆ تورکیا دەرچوون.

ئێران
بە زمانی کوردیی، ئاگری بن کاکە ئێرانە. هەر لەگەڵ هێرشەکەی حەماسدا ئێران نەک تەنها ساڵانێکە پشتیوانیی لە حەماس دەکات، بەڵکو پیرزۆبایی و خۆشحاڵیی خۆی لە تارانەوە نارد وەک دەستپێکی «لەناوبردنی زایۆنیزم». وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران پیرۆزبایی ئێرانی بە گەلی فەڵەستینیی گەیاند و گوتی: «ئۆپەراسیۆنی ئەمڕۆی بزووتنەوەی خەباتگێڕیی فەڵەستینی خاڵێکی وەرچەرخانی بەردەوامیی خەباتی چەکدارانەی گەلی فەڵەستینە دژی زایۆنیستەکان. بەم ئۆپەراسیۆنە پەڕەیەکی نوێ لە مەیدانی خەباتی گەلی فەڵەستینیدا دژی زایۆنیستەکان کراوەتەوە». خامەنەیی پیرۆزبایی و پشتیوانیی خۆی گەیاند و جەختی لەسەر ئامانجی کۆماری ئیسلامیی لەسەر سڕینەوەی ئیسرائیل و بەکرێگیراوەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردەوە. لێرەدا قسەی بەکرێگیراوەکان دێتە ناوەوە: مەبەستی ڕوونی خامەنەیی کوردە. ئێرانییەکان لە ١٩٧٩ بەداوە بەچەپ و ڕاستیانەوە خەریکی تیۆریزەکردنی ئەوەن کورد بەکرێگیراوی زایۆنیستەکانە و کوردستان هەم دووەم ئیسرائیلە و هەم هەوڵی ئیسرائیلیزەکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە (چەمکەکەی حەمید دەباشی، بیرمەندی چەپگەری ئێرانیی و هەروەها ڕوانگەی ڕاستەوخۆی خامەنەیی). لێرەدا وەرزێکی نوێ بۆ ئێران کراوەتەوە جەنگی ڕاستەوخۆی لەگەڵ باشوور و ڕۆژهەڵات دەستپێبکات.

عێڕاق
هادی عامری سەرۆکی ڕێکخراوی میلیشیای بەدر، ڕایگەیاند ئەگەر ئەمریکا بیەوێت دەستێوەردان لە کێشەکەدا بکات، ئێمەش لە ئامانجەکانی دەدەین لە عێڕاق. بە ناڕاستەوخۆیی مەبەستی لە ئامانجەکانی ئەمریکا لە عێڕاق، هەرێمی کوردستانە. کەواتە بەرەیەکی دیکەی جەنگیی دەکرێتەوە. لە عێڕاق دژی کورد بەناوی لێدان لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا.

ئیسرائیل و ناتانیاهو
حەماس جەنگەکەی خۆی لە ڕۆژی ٧ی ئۆکتۆبەر دەستپێکرد کە هاوکاتە لەگەڵ جەنگی یۆم-کیپور، لە ساڵی ١٩٧٣دا کە چوار دەوڵەتی عەرەبیی بە ڕابەرایەتیی میسر و سوریا هێرشیانکردە سەر ئیسرائیل لە یۆم-کیپوردا کە پیرۆزترین ڕۆژی ناو نەریتی جووایەتییە. حەماس لە هەمان ڕۆژدا هێرشەکەی ئەنجام دا. بەڵام ئەمە دیوێکی ئاشکرای ڕووداوەکەیە.
هێرشەکەی حەماس باشترین خەڵات بوو بۆ بنیامین ناتانیاهو و هاوپەیمانە ڕاستڕەوە توندڕەوەکانی دەرچوو. خەڵکی ئیسرائیل نزیک بە ساڵێکە دژی هەوڵەکانی ناتانیاهو بۆ گۆڕینی دەستووری دیموکراتیی ئیسرائیل بۆ دەستوورێکی دەسەڵاتخوازیی و تۆتالیتار دەجەنگن. مێژوو سەلماندوویەتی هەرکاتێک ڕاستڕەوەکان لە حوکم بن، جەنگی داگیرکاریی ئیسرائیل لەسەر خاکی فەڵەستین لەبرەو دابووە. هەرکاتێک لیبراڵ و هاوپەیمانە چەپەکانیان لە حوکم بووبێتن، هەم ئاشتیی هەبووە و هەمیش دانوستان و هەوڵی چارەسەرکردن لەئارادا بووە. لەم ڕووەوە، هێرشەکەی حەماس بۆسەر ئیسرائیل لە دوو ڕووەوە خەڵاتی مەزنە بۆ ناتانیاهو دەرچووە:

١

چەندین مانگە کۆمەڵگەی مەدەنیی لە ئیسرائیل دژی ڕاستڕەوترین و تۆتالیتارترین و فەناتیکترین حکومەتی ڕاستڕەویی-دینداریی لە مێژووی ئەم وڵاتەدا، دەجەنگێت. بزووتنەوە مەدەنییەکەی ئیسرائیل سەرەتا تەرکیز دەکاتە سەر هەوڵی حکومەت بۆ گۆڕین و دەستکاریکردنی دەستوور و بواری دادوەریی، یەکێک لە بەندەکانی ئەم گۆڕانکارییە، کە ناتانیاهو و هاوپەیمانەکانی پێشنیاریان کردووە، بەرتەسککردنەوەی زیاتری خاکی فەڵەستینە، بەڵام بزووتنەوەی مەدەنیی ئیسرائیلی دژی ئەم هەوڵە دەجەنگێت. گفتوگۆی دیموکراتیی، هاووڵاتییبوون و تەنانەت ڕۆڵی عەرەبەکانیش لە ئیسرائیل بەرتەسکتر دەکاتەوە.

٢
خەڵکی ئیسرائیل دەستی بە شۆڕشێک کردبوو، هێرشەکەی حەماس بۆ سەر خەڵکی مەدەنیی گەورەترین خزمەتی هەم بە ناتانیاهو و هاوپەیمانەکانی کرد و هەمیش خەڵکی ئیسرائیلی خستە ترس و دڵەڕاوکێی زۆرەوە. هەروەها بیانوویەکیشی دایە دەستی ناتانیاهو و هاوپەیمانەکانی لەناوخۆ دڕندانەتر سەرکوتی شۆڕشە مەدەنییەکە بکات و هەمیش پشتیوانیی نێودەوڵەتیی بەدەست بهێنێت و هەروەها بزووتنەوەکە لە دەرەوە و لە تاراوگەش لاواز بکات. حەماس بە هێرشە کارەساتبارەکەی، نەک خزمەت بە دۆزی ڕەوای فەڵەستینییەکان ناکات، بەڵکو بەپێچەوانەوە، خزمەت بە دڕندەترکردنی زیاتری بیر و پراکتیکی ڕاستڕەویی لە ئیسرائیل دەکات.

دوا خاڵ
لێرەدا ئێران و ڕووسیا براوەی یەکەم دەبن، ڕاستڕەوەکانی ئیسرائیل و لەپاڵیدا تورکیا مارشەکانی خۆی فراوانتر دەکات. دۆڕاو و قوربانییەکانیش کۆمەڵگەی مەدەنیی ئیسرائیلیی، خەڵکی داماوی فەڵەستینیی و کوردستان دەبێت.

لۆژیکی جەنگیی بەمجۆرە، جگە لە دەبەنگایەتیی جەنگیی، هیچی دیکە نییە.

وێنەکە: ناو بازاڕی تاران: تۆفانی ئەل-ئەقسا.

پێشرەو محەممەد

ھەواڵی زیاتر