Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13709 بابەت
گشتی
22-08-2026

دابەشكردنی مووچە دەكەوێتە هەفتەی داهاتوو

سەرچاوەیەكی باڵا لە وەزارەتی دارایی و ئابووری  پشتڕاستی كردەوە، دەستكراوە بە كۆكردنەوەی داهات بۆ دابینكردنی مووچەی مانگی حەوتی مامۆستا و فەرمانبەرانی گرێبەست و بە ئەگەرێكی زۆرەوە لە هەفتەی داهاتوو وادەی دابەشكردنی مووچەكانیان ڕادەگەیێنرێت.  جگە لە فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەمیشەیی، نزیكەی 87 هەزار مامۆستا و فەرمانبەریش كە بەشێوەی گرێبەست دامەزراون و مووچەكانیان لەسەر داهاتی ناوخۆ دابین دەكرێت كە بڕەكەی 42 ملیار دینارە. سەرچاوەیەكی باڵا لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاندووە، حكومەتی هەرێمی كوردستان دوای ئەوەی بڕی 120 ملیار دیناری بۆ تەواوكردنی گوژمەی مووچە دابین كرد كە بە مەقاسە بڕدرابوو، ئێستا وەزارەتەكە هەوڵەكانی چڕكردووەتەوە بۆ دابینكردنی بڕی 42 ملیار دیناری دیكە كە مووچەی نزیكەی 87 هەزار مووچەخۆری گرێبەستە.  ئەو سەرچاوەیە ڕوونیشی كردەوە، ئێستا دەستكراوە بە كۆكردنەوەی داهاتەكە، ئەزموونی مانگەكانی ڕابردوو دەریخستووە، پرۆسەكە 10 ڕۆژ بۆ دوو هەفتەی پێویستە، بۆیە هەموو ئەگەرەكان بەو ئاڕاستەیەن، ڕاگەیاندنی وادەی دابەشكردنی مووچەی مامۆستا و فەرمانبەرانی گرێبەست بكەوێتە هەفتەی داهاتوو، دوای ئەوەش بە پێنج بۆ شەش ڕۆژ سەرجەمی گرێبەستەكان مووچەكانیان وەربگرن.

گشتی
22-08-2026

نرخی نەوت گەیشتە نزیکەی 94 دۆلار

نرخی نەوت لە مامەڵەکانی کۆتایی هەفتەی رابردوودا بەبێ گۆڕانکارییەکی بەرچاو مایەوە، بەڵام بەرەو ئەوە دەچێت بۆ دووەم هەفتەی لەسەریەک قازانج تۆمار بکات، ئەم دۆخە لە کاتێکدایە گرژی و نەبوونی لێکتێگەیشتن لە نێوان ئەمریکا و ئێران بەردەوامە، کە کاریگەریی زنجیرەیی لەسەر دابینکردنی نەوت لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروستکردووە. شەممە 22ـی ئابی 2026، نرخی گرێبەستە ئایندەییەکانی نەوتی خاوی برێنت بەرزبوونەوەیەکی کەمی بە بڕی 4 سەنت تۆمار کرد و گەیشتە 93.82 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، ئەوەش پاش ئەوەی لە رۆژانی پێشوودا 2.4%ـی بەرزبووەوە. لە بەرامبەردا، گرێبەستە ئایندەییەکانی نەوتی خاوی تێکساسی رۆژئاوای ئەمریکی 6 سەنت دابەزی و گەیشتە 86.78 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، ئەمەش پاش ئەوەی لە مامەڵەکانی پێنجشەممەی رابردوودا 2.3%ـی قازانجی تۆمار کردبوو. سەبارەت بە ئەنجامی کۆتایی هەفتەکە، لە ماوەی پێنج رۆژی رابردوودا نرخی نەوتی خاوی برێنت زیاتر لە 7% و نەوتی خاوی ئەمریکی زیاتر لە 8% بەرزبووەوە، بەمەش هەردوو جۆرەکە بەرزترین ئاستی خۆیان لە 24ـی تەممووزەوە تۆمار کرد.

گشتی
22-08-2026

نامۆ فازیڵ بەڵێن دەدات تۆڵەی خۆی بکاتەوە

نامۆ فازیڵ، پاڵەوانە کوردەکە پەیامێکی بڵاوکردەوە و بەڵێن دەدات بگەڕێتەوە UFC و تۆڵەی خۆی بکاتەوە، دەشڵێت: داوا لە گەلی کورد دەکەم دەرفەتێکی دیکەم پێبدەن و پاڵپشتیم بکەن، بەڵێن دەدەم ئاڵای کوردستان بگەیەنمە لوتکەی جیهان. نامۆ فازیڵ لە نوێترین پەیامی دا رایگەیاند داوای لێبوردن لە نەتەوەکەی دەکات کە نەیتوانی ئەمجارەیان دڵیان خۆش بکات، دەشڵێت: ئێمە وەکو کورد زۆر شانازی بە رەفتار و رەوشتمان دەکەین، لە هەمان کاتدا زۆر دڕندەشین هەرکەسێک پەلامارمان بدات ئێمەش قاچی دەشکێنین و دەبێت پیشانی دونیای بدەین کورد ئەوەندە لاواز و ئاسان نییە تا هەر کەسێک بیەوێت بەسەرمان بکەوێت و پانمان بکاتەوە. نامۆ فازیڵ، شێرەکەی کوردان گوتیشی: لە دوایین رکابەریم دا بەرپرسانی UFC دانیان پێدا نا کە زوڵمیان لە من کرد، بەڵێنیشم پێدراوە بمگەڕێننەوە نێو رکابەرییەکانی UFC. نامۆ فازیڵ گوتیشی: پلانێکی داڕێژراو هەبوو بۆ ئەوەی لاوازم بکەن، پێش شەڕەکە هێرشم کرایەسەر و بەجۆرێک پەلاماردرام تەنانەت شەوێک پێش شەڕەکە نەمتوانی بخەوم، ئەوەش کاریگەری لەسەر ئەنجامی رکابەرییەکەم هەبوو. پاڵەوانە کوردەکە رایگەیاند ئەو نایەوێت بیانوو بۆ دۆڕانەکەی بێنێتەوە و دەشڵێت: شکستەکەم بەهۆی هەڵەی خۆم بووە، بەڵام بەڵێن دەدەم ئاڵای کوردستان لە جیهان بە بەرزی بهێڵمەوە، هەر وەکو چۆن شکستم بە جەیک بابیان هێنا و شانازییەکی گەورەم بە کورد بەخشیم بەهەمان شێوە دەبێت بگەڕێمەوە نێو مەیدانی شەڕ و تۆڵەی خۆم بکەمەوە

هەواڵ
22-08-2026

هێرش کرایە سەر کەشتییەک

لە بەردەوامی گرژییەکانی دەریای ڕەشدا، کەشتییەکی بارهەڵگری تورکی لە نزیک بەندەری نۆڤۆرۆسیسک رووبەڕووی هێرش بووەوە، لە ئەنجامدا کارمەندێک گیانی لەدەستدا و 8ـی دیکەش بریندار بوون. بەگوێرەی زانیارییەکان، کەشتیی "ئوراڵ" کە سەر بە کۆمپانیای کالیۆنجویە، شەوی رابردوو لە کاتێکدا سەرقاڵی گواستنەوەی بار بووە، کراوەتە ئامانج. ئەم کەشتییە پێشتر رۆڵێکی مرۆیی هەبووە و توانیویەتی 18 دەریاوان لە کەشتییەکی دیکە بە ناوی "نەجیبە" رزگار بکات، ئەویش پێشتر لەلایەن هێزەکانی ئۆکرایناوە پێکرابوو. سەرچاوە هەواڵییەکان ئاماژە دەکەن، بەهۆی هێرشەکەوە کارمەندێکی کەشتییەکە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە، هەروەها 8 کارمەندی دیکەش بریندار بوون کە ئێستا لەناو کەشتییەکەدا چارەسەری سەرەتاییان بۆ دەکرێت. سەرەڕای زیانەکان، کەشتیی "ئوراڵ" بەردەوامە لە رێڕەوەکەی و چاوەڕوان دەکرێت نیوەڕۆی ئەمڕۆ بگاتە بەندەری سامسۆن لە تورکیا. باس لەوەش دەکرێت، تیمە تەندروستییەکان و فریاکەوتنی خێرا لە بەندەری سامسۆن لە ئامادەباشیدان بۆ گواستنەوەی بریندارەکان بۆ نەخۆشخانە.

گشتی
22-08-2026

50 ملیۆن لیتر بەنزین هاوردەی هەرێمی کوردستان کرا

ئەمڕۆ شەممە 22ـی ئابی 2026، کۆمپانیایەکی گەورە 50 ملیۆن لیتر بەنزینی سوپەری لە تورکیاوە هاوردەی هەرێمی کوردستان کرد، کە دەکاتە 35 هەزار تۆن.   بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەو بڕە بەنزینە کواڵێتییەکی بەرز و باشی هەیە و بەسەر بەنزینخانەکاندا دابەش دەکرێت. هاوردەکردنی ئەم بڕە زۆرەی بەنزین کاردانەوەی ئەرێنی هەبووە و بەهۆیەوە نرخی لیتری بەنزینی سوپەر لە بەشێک لە بەنزینخانەکاندا دابەزیوە بۆ 1900 دینار. هەینی 21ـی ئابی 2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا  رایگەیاند، لە بەیانییەوە پرۆسەی دابەشکردنی بەنزینی پاڵپشتیکراوی حکوومی بە نرخی 750 دینار لە شاری هەولێر فراوانتر دەکرێت و لە نێوان 25 بۆ 35 بەنزینخانەدا دابەش دەکرێت، هاوکات کارتی وەرگرتنی سووتەمەنی (کۆبۆن) دووبارە کارا دەکرێتەوە. پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، لە سبەینێوە دابەشکردنی بەنزین بە کارت بە شێوەیەکی تاقیکاری دەستپێدەکات، لە رۆژی یەکشەممەوە پرۆسەکە بە تەواوەتی لە هەولێر رێکبخرێتەوە و ببێتەوە بە سیستەمی ئەلیکترۆنی و کارت. لە هەمان کاتدا، تیمە هاوبەشەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر بەردەوام چاودێریی کارکردنی بەنزینخانەکان دەکەن، بە مەبەستی پاراستنی بەردەوامیی پرۆسەکە و زیادکردنی ژمارەی وێستگەکان هاوتەریب لەگەڵ زیادبوونی بڕی سووتەمەنیی دابینکراو. سەبارەت بە شێوازی دەستنیشانکردنی بەنزینخانەکان، ئومێد خۆشناو روونی کردەوە، هیچ لیستێکی دیاریکراو بە ناوی بەنزینخانەکان بڵاوناکرێتەوە، بەڵکو شۆفێران دەتوانن لە رێگەی ئەو تابلۆیانەی لەسەر بەنزینخانەکان دادەنرێن و ئاماژە بە بوونی بەنزینی پاڵپشتیکراوی حکوومی دەکەن، سووتەمەنی وەربگرن. دەربارەی بەشەسووتەمەنی و پشکی ئۆتۆمبێلەکانیش، پارێزگاری هەولێر ئاشکرای کرد دابەشکردنەکە لە رێگەی کارت و کۆبۆنەوە دەبێت، بە جۆرێک لە قۆناخی سەرەتادا هەفتانە یەک بەش بەنزین بۆ ئۆتۆمبێلە ئاسایی و تایبەتەکان دیاری دەکرێت، هاوکات هەوڵێکی چڕ لە ئارادایە بۆ ئەوەی بەشەسووتەمەنیی ئۆتۆمبێلی تاکسی زیاتر بکرێت و لە هەفتەیەکدا دوو بەشیان پێبدرێت تاوەکو بارگرانی لەسەر کاسبیی رۆژانەیان دروست نەبێت.  

هەواڵ
22-08-2026

دەست بەسەر ژمارەیەک درۆن و چەک و تەقەمەنیدا گیرا

ئەمڕۆ شەممە، 2ـی ئابی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازیی عێراق رایگەیاند، لە پارێزگای میسان دەستیان بەسەر ژمارەیەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنیدا گرتووە. بەڕێوەبەرایەتییەکە لە راگەیەندراوێکدا روونیکردەوە، پشت بەستن بە زانیاریی وردی هەواڵگری و بەپێی رێنماییەکانی بەڕێوەبەری هەواڵگریی سەربازی، مەفرەزەکانی بەشی هەواڵگری و ئاسایشی فیرقەی 22ی کۆماندۆ ئۆپەراسیۆنێکیان کردووە، لەو ئۆپەراسیۆنەدا ژمارەیەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، گولـلەهاوەن، مووشەکی ئارپێچی و چەندین جۆر نارنجۆکی دەستی دەستیان بەسەردا گرتووە. سەرجەم رێکارە یاساییە پێویستەکان بەرامبەر بەو کەرەستانە گیراونەتە بەر، بەڕێوەبەرایەتییەکە جەختیکردەوە، هەوڵەکانیان بۆ چاودێریکردن و بەدواداچوونی سەرجەم کارە نایاساییەکان و دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەت بەردەوام دەبێت، بەمەبەستی بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە پارێزگاکەدا.

گشتی
22-08-2026

لیژنەی ناوبژیوانان لە یەکەم یارییدا ریال مەدرید تووڕە دەکات

لیژنەی ناوبژیوانانی یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا گورزێکی بەهێزی لە ریال مەدرید و جۆزێ مۆرینیۆی راهێنەری وەشاند، دوای ئەوەی ناوبژیوانێکیان بۆ بەڕێوەبردنی یەکەم یاریی فەرمی یانەکە بەرامبەر ئیسپانیۆل لە گەڕی دووەمی خولی ئیسپانیا دیاریکرد، کە مێژوویەکی باشی لەگەڵ یانەکەدا نییە. خۆسێ ماریا سانچێز مارتینێزی ناوبژیوانی ئیسپانی یەکەم یاریی ریال مەدرید لەم وەرزەدا بەرامبەر ئیسپانیۆل بەڕێوەدەبات، کە بڕیارە ئەمشەو لە بارسێلۆنا ئەنجام بدرێت. ئەم ناوبژیوانە، کە لە مۆندیالی رابردوو دوورخرایەوە لە بەرژەوەندی هێرناندێز هێرناندێز، سەرپەرشتی گەڕانەوەی فەرمی مۆرینیۆ دەکات بۆ ئیسپانیا. ئەم هەنگاوەی لیژنەی تەکنیکی ناوبژیوانان لەلایەن هەندێک کەسەوە بە پێشوازییەکی 'نادۆستانە' لە راهێنەرە پۆرتوگالییەکە وەسف کراوە. سانچێز مارتینێز یەکێکە لە ناوبژیوانە چالاکەکانی ئێستا و لە تیمی ناوبژیوانانی سەر بە 'خۆسێ ماریا ئێنرێکێز نێگرێرا' بووە لە لیژنەی تەکنیکی ناوبژیوانان. جگە لەوەش، وەک خۆی دانی پێدا ناوە، نێگرێرا ئەو کەسە بووە کە پلەکەی بۆ 'پلەی یەکەم' بەرزکردووەتەوە. ئەو ناوبژیوانە ئەزموونێکی زۆری لە لالیگا هەیە و لە چەندین بۆنەدا رۆڵی گوتەبێژی فەرمی لیژنەی تەکنیکی ناوبژیوانی بینیوە لە سەردەمی سەرۆکایەتی مەدینا کانتالیخۆ، بەتایبەتی لە کاتی لێکۆڵینەوەکانی کەیسی نێگرێرادا. ئەمە یەکەم دەرکەوتنی ریال مەدریدە لە خولەکەدا، دوای ئەوەی یاریی گەڕی یەکەمی بەرامبەر ریال سۆسیداد دواخرا. ئەمە 44ـەمین جار دەبێت کە سانچێز مارتینێز یارییەکی ریال مەدرید بەڕێوەدەبات، کە زۆرترین ژمارەی یارییە بۆ هەر تیپێک بەڕێوەی بردبێت. بەڵام ئامارەکانی لەگەڵ ریال مەدرید بۆ یانە شاهانەکە دڵخۆشکەر نین؛ هەرچەندە لە 60٪ـی ئەو یارییانەی بۆی بەڕێوەبردوون لە 26 یارییدا سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە، بەڵام ئەم رێژەیە لە خوار تێکڕای ئاستی ئاسایی تیپەکەوەیە. ریال مەدرید لەژێر سەرپەرشتی ئەودا لە 19٪ـی یارییەکانیدا دۆڕاوە (8 یاری) و لە 21٪ـی یارییەکانیدا یەکسان بووە (9 یاری). دیاریکردنی سانچێز مارتینێز وەک سووکایەتییەکی راستەقینە لە لایەن لیژنەی تەکنیکی ناوبژیوانانەوە سەیر دەکرێت، کە لە یەکەم دەرفەتدا یەکێک لەو ناوبژیوانانەیان هەڵبژارد کە سەر بە سەردەمی نێگرێران بۆ یەکەم یاریی ریال مەدرید. ئەمەش خراپتر دەبێت بەگەڕانەوەی مۆرینیۆ؛ ئەو راهێنەرەی لە خولی یەکەمی کارکردنیدا لەگەڵ ریال مەدرید کەموکوڕییەکانی سیستمی ناوبژیوانی ئیسپانیای ئاشکراکرد. هەروەها فیگێرۆا فاسکێز، کە ئەویش ناوێکی ناسراوە بۆ ریال مەدرید، ئەرکی تەکنیکی ڤار VAR دەبێت لەم یارییەدا، کە ئەویش مێژوویەکی پڕ لە بڕیاری مشتومڕاوی دژی یانە مەدریدییەکە هەیە.

هەواڵ
19-08-2026

سیستەمی نۆرەگرتن بە ئەلیکترۆنی لە نەخۆشخانەی ڕزگاری کارا کرا

بەڕێوەبەرایەتیی نەخۆشخانەی فێرکاریی رزگاری لە هەولێر بەشە راوێژکارییەکانی بە سیستەمی نۆرەی ئەلیکترۆنی کردەوە. بەڕێوەبەرایەتیی نەخۆشخانەی فێرکاریی رزگاری لە شاری هەولێر هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە، بەشە راوێژکارییە نوێیەکانی نەخۆشخانەکە بە سیستەمی پێشکەوتووی نۆرەی ئەلیکترۆنی بەڕووی نەخۆش و سەردانیکەراندا دەکرێنەوە. ئەم پێشوەچوونە نوێیە بە مەبەستی رێکخستنی نۆرەی نەخۆشەکان، کەمکردنەوەی قەرەباڵخیی نێو هۆڵەکان و خێراکردنی پرۆسەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان کراوە.  هاووڵاتییان دەتوانن لە رێگەی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانەوە بەپێی جۆری بەش و راوێژکارییە پزیشکییەکان پسوولەی نۆرەی خۆیان بەشێوەیەکی دیجیتاڵی وەربگرن و چاوەڕێی بانگکردنی ژمارەکانیان بکەن لەسەر شاشەکان. بەڕێوەبەرایەتیی نەخۆشخانەکە دەڵێت "کاراکردنی ئەم سیستەمە ئەلیکترۆنییە نوێیە تەنیا دەستپێکێکە بۆ چەندین هەنگاوی دیکەی گەشەپێدان. لە داهاتووشدا کارئاسانیی زیاتر بۆ باشترکردنی کەرتی تەندروستی و خزمەتکردنی هاووڵاتییان پێشکەش دەکەن"    

هەواڵ
17-08-2026

وەزارەتی پێشمەرگە هێرشەکەی سەر نووسینگەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئ...

وەزارەتی پێشمەرگە هێرشە درۆنییەکەی سەر نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە تووندی سەرکۆنە دەکات و داوای هەڵوێستی جدی لە بەغدا دەکات.  وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیێنراوێکدا بەتووندی ئیدانەی ئەو هێرشە درۆنییە دەکات کە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، لە سنووری ئێرانەوە کرایە سەر نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی مانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە پیرمام. لە ڕاگەیێنراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە: ئەم دەستدرێژییە ناڕەوایە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان و عێراقە، هەروەها بەئامانجگرتنی پێگە دەستووری و یاساییەکانە، کە بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی کوردستان و ناوچەکە مەترسیدارە. دەقی ڕاگەیێنراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە:-    بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشە درۆنییە دەکەین کە بەرەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە، ١٧ی ئابی ٢٠٢٦، لە سنووری ئێرانەوە کرایە سەر نووسینگەی بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە پیرمام. ئەم دەستدرێژییە ناڕەوایە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان و عێراقە، هەروەها بەئامانجگرتنی پێگە دەستووری و یاساییەکان و پێشێلکردنی سەروەرییە. هەرێمی کوردستان هەمیشە بەشێک بووە لە چارەسەر و هەوڵی داوە هەموو گرفتەکان لە ڕێگەی گفتوگۆوە یەکلایی بکرێنەوە. ئەم دەستدرێژییە بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی کوردستان و ناوچەکە مەترسیدارە. پێویستە هەموو لایەک ڕێز لە سەروەریی عێراق و سەقامگیری و ئارامیی هەرێمی کوردستان بگرن. داوا لە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەکەین هەڵوێستی جددییان هەبێت بۆ ڕاگرتنی ئەم هێرشە ناڕەوایانە و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەیان.   وەزارەتی پێشمەرگە ١٧ی ئابی ٢٠٢٦

هەواڵ
17-08-2026

نێچیرڤان بارزانی لەبارەی هێرشە درۆنییەکان: حکومەتی عێراق دەبێت هەڵوێست...

سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکات کە کرانە سەر نووسینگەی سەرۆکوەزیران و ماڵی سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات بەرپرسیارییەتیی خۆی جێبەجێ بکات بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەیان. رۆژی دووشەممە، 17ـی ئابی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشە درۆنییەکان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکەین کە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەڕێز مەسرور بارزانی و شوێنی حەوانەوەی سەرۆکی ئاژانسی پاراستنیان کردە ئامانج." هەروەها دەڵێت: "ئەم هێرشانە بە تەواوی رەتکراوە و پەرەسەندنێکی مەترسیدارن." لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، نێچیرڤان بارزانی داوا لە حکومەتی عێراق دەکات هەڵوێستی هەبێت و رایدەگەیێنێت: "داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکەین بەرپرسیارییەتی و پابەندیی دەستووریی خۆی لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵات جێبەجێ بکات بۆ دووبارەنەبوونەوەی ئەم دەستدرێژییانە."   سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە کە "پاراستنی سەروەری، ئاسایش و سەقامگیریی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە، بەرپرسیارییەتییەکی هاوبەشە و هەمووان دەبێت کار بۆ ئارامکردنەوە و نەهێشتنی گرژییەکان بکەن."   پێشتریش مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا سەبارەت بە هێرشە درۆنییەکانی سەر نووسینگەکەی رایگەیاند: "دوای لێکۆڵینەوەیەکی دژەتیرۆری کوردستان، دەرکەوتووە ئەمڕۆ نووسینگەی تایبەتم و ماڵی سەرۆکی دەزگای ئاسایش و هەواڵگری بە هێرشی درۆنی ئێرانی کرانە ئامانج."   لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو "هێرشە بێباکانە و قبووڵنەکراوانە" دەکات و رایدەگەیێنێت: "ئەمە پەرەسەندنێکی مەترسیدار و هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان."   هاوکات دژەتیرۆری کوردستان لەبارەی هێرشەکەوە رایگەیاند بە گوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 17ی ئابی 2026، لە کاتژمێر 00:28، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە جۆری (حەدید-110) لە دیوی سنووری وڵاتی ئێرانەوە ئاراستەی بارەگای نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە قەزای پیرمامی پارێزگای هەولێر کران، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتەوە."   دەشڵێت: "ئەم هێرش و دەستدرێژییانە بە توندترین شێوە سەرکۆنە دەکەین و بەهیچ شێوەیەک مایەی قبووڵکردن نین، تەواوی بەرپرسیارێتیی لێکەوتەکانیشی لە ئەستۆی ئەنجامدەرانیدایە."   حەدید 110 خێراترین درۆنی ئێرانییە، خێراییەکەی دەگاتە 510 کم/کاژێر و بزوێنەرەکەی لە جۆری تۆربۆیە.    درۆنەکە دەتوانێت لە بەرزایی تاوەکو 9 کیلۆمەتر بۆ یەک کاژێر بفڕێ و 350 کم دوور بڕوات. هاوکات، 30 کگم تەقەمەنی هەڵدەگرێ و بۆ ئەوە دروستکراوە خێرا ئاسمانی لایەنی بەرامبەر ببڕێت پێش ئەوەی سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی بیدۆزنەوە. 

هەواڵ
17-08-2026

بارەگای بارزانی: هێرشکردنە سەر نووسینگەی سەرۆکوەزیران هەوڵدانە بۆ تێکد...

بارەگای بارزانی لەبارەی هێرشکردنە سەر نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی کوردستان دەڵێت، ئەم جۆرە هێرشە ناڕەوایانە هیچ بیانوویەك هەڵناگرن و هەوڵدانە بۆ تێكدانی سەقامگیریی هەرێمی كوردستان. بەگوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 17ی ئابی 2026، لە کاتژمێر 00:28، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە جۆری (حەدید-110) لە دیوی سنووری وڵاتی ئێرانەوە ئاراستەی بارەگای نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە قەزای پیرمامی پارێزگای هەولێر کران.  دەقی ڕاگەیەنراوەکەی بارەگای بارزانی:   - زۆر بەتووندی ئیدانەی ئەو هێرشە درۆنیە دەكەین كە بەرەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە 17ی ئابی 2026 لەو دیوی سنووری ئێرانەوە كرایە سەر نووسینگەی سەرۆك وەزیران و شوێنی حەوانەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستنی لە پیرمام. - هەرێمی كوردستان هیچ كاتێك بەشێك نەبووە لەم شەڕ و گرژییانەی لە ناوچەكەدا هەیە و ئەم جۆرە هێرشە ناڕەوایانە كە هیچ بیانوویەك هەڵناگرن، هەوڵدانە بۆ تێكدانی سەقامگیریی هەرێمی كوردستان. بە دڵنیاییەوە بەكارهێنانی درۆن و موشەك چارەسەری كێشەكان ناكات.

هەواڵ
17-08-2026

مەسرور بارزانی: نووسینگە تایبەتەکەم بە درۆن لەلایەن ئێرانەوە کراوەتە ئ...

مەسرور بارزانی دەڵێت، بەپێی لێکۆڵینەوەکانی دژەتیرۆری کوردستان، بەیانیی ئەمڕۆ نووسینگەی تایبەتی من و ماڵی سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری کرانە ئامانجی هێرشی درۆنیی ئێران.  بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 17ی ئابی 2026، لە کاتژمێر 00:28، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە جۆری (حەدید-110) لە دیوی سنووری وڵاتی ئێرانەوە ئاراستەی بارەگای نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە قەزای پیرمامی پارێزگای هەولێر کران.  مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کوردستان دەڵێت، بەتووندترین شێوە سەرکۆنەی ئەم هێرشە بێباک و قبوڵنەکراوانە دەکەم. ئەمە پەرەسەندنێکی مەترسیدار و هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردسستان. - سەرۆکوەزیرانی کوردستان دڵنیایی دەدات و دەڵێت، "ئەم هێرشانە ساردمان ناکەنەوە لە ئەنجامدانی ئەرکەکانمان و پاراستنی هاووڵاتیانمان"

1 2 ... 11 12 13 ... 1142 1143