لە کەناراوەکانی قوبرسی باکوور، کەشتییەکی گەشتیاری بە 267 سەرنشینەوە نووقم بوو. سەرۆکی شارەوانیی گیرنە رایدەگەیێنێت، تیمەکانی فریاگوزاری تاوەکو ئێستا توانیویانە 159 کەس لە مردن رزگاربکەن و ئۆپەراسیۆنی گەڕان بەدوای سەرنشینەکانی دیکەشدا بەردەوامە. کاتژمێر 12:30ـی پاشنیوەڕۆی یەکشەممە، 30ـی ئابی 2026، کەشتییەک لە کەناراوەکانی شاری گیرنە لە قوبرسی باکوورەوە بەرەو بەندەری تاشئوجو لە پارێزگای مەرسینی تورکیا بەڕێکەوت، بەڵام تەنیا 14 خولەک دوای جووڵانی و لە دووریی 2.5 کیلۆمەتر لە وشکانییەوە، نووقم بوو. ئەرهان ئاریکڵی، وەزیری گواستنەوە و گەشتوگوزاری قوبرسی باکوور رایگەیاند، کەشتییەکە بە هۆکارێکی نادیار ئاوی تێچووە و دواتر نووقم بووە. گوتیشی، تیمەکانیان هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ دۆزینەوەی ئەو سەرنشینانەی چارەنووسیان نادیارە. موراد شەکوڵ، سەرۆکی شارەوانیی گیرنە، ئاماژەی بەوە کرد، ئۆپەراسیۆنێکی فراوان بە بەشداریی هێلیکۆپتەر و بەلەمی سەربازی و مەدەنی دەستیپێکردووە. تاوەکو ئێستا 159 کەس رزگار کراون، بەڵام هێشتا ژمارەی گیانلەدەستدان بە فەرمی رانەگەیێندراوە. لە لایەکی دیکەوە، جەودەت یڵماز، یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا، رایگەیاند تیمەکانی ئاسایشی کەناراوەکان و هێزە دەریاییەکانی تورکیای راسپاردووە تاوەکو بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی قوبرسی باکوور، پەلە بکەن لە رزگارکردنی تەواوی سەرنشینەکان و ئەوەی بە "کاری لەپێشینە" ناوبرد. ئێستا تیمەکانی گەڕان و فریاگوزاری لە ناوچەکەدا بڵاوەیان پێ کراوە و هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی 108 سەرنشینەکەی دیکەی ناو کەشتییەکە چڕ کراونەتەوە.
یانەی بارسێلۆنا گەیشتە رێککەوتن بۆ گواستنەوەی یەکێک لە یاریزانە دیارەکانی ئارسیناڵ، بەمەبەستی بەهێزکردنی هێڵی هێرشبەری (هێرشبەری سەرەڕم) لەم وەرزەدا. بەگوێرەی میدیای ئیسپانیا، بارسێلۆنا گواستنەوەی گابریێل جیسوسی هێرشبەری ئارسیناڵی یەکلاییکردەوە بۆ ئەوەی ببێتە بژاردەی سەرەکی لە هێڵی هێرشبەریدا، ئەمەش دوای ئەوەی گواستنەوەی جولیان ئەلڤارێز بەهۆی رەتکردنەوەی ئاتلێتیکۆ مەدریدەوە ئەستەم بوو. گرێبەستی هێرشبەرە بەرازیلییەکە لەگەڵ ئارسیناڵ لەساڵی 2027 کۆتایی دێت، بۆیە یانە کەتەلۆنییەکە ئەو یاریزانەی هەڵبژاردووە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە هێرشبەرییەی کە بەهۆی رۆیشتنی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی پۆڵەندییەوە دروست بووە. بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، کەمبوونەوەی رۆڵی جیسوس لەگەڵ پاڵەوانی ئێستای پرێمەرلیگ، بەهۆی بوونی کای هاڤێرتز و ڤیکتۆر یوکێرێش لەپێش ئەوەوە، وای لێکردووە بەدوای رێگەیەکدا بگەڕێت بۆ رۆیشتن. ئەم یاریزانە بەرازیلییە لەو کاتەوەی لە یانەی پاڵمێراس بووە و پێش ئەوەی لە ساڵی 2016 بچێتە خولی ئینگلیزی، هەمیشە خەونی بە یاریکردن بۆ بارسێلۆنا بینیوە، هەر زوو رازیبووە درێسی یانە کەتەلۆنییەکە بپۆشێت. بارسێلۆنا ئاگاداری بارودۆخی پزیشکیی گابریێل جیسوس بووە دوای ئەوەی لە کانوونی دووەمی 2025 تووشی پچڕانی بەستەری خاچی ACL بوو لە ئەژنۆی چەپیدا، بەڵام ئێستا بەتەواوی چاکبووەتەوە. هەروەها ئامارەکانی گۆڵ تۆمارکردنی جیسوس جێی گومان نین؛ لەنێوان ساڵانی 2016 بۆ 2022 لەژێر سەرپەرشتی بێپ گواردیۆلادا 95 گۆڵی لە 236 یاری بۆ مانچێستەر سیتی تۆمارکردووە، هەروەها 33 گۆڵیشی لە 123 یاری بۆ ئارسیناڵ لەنێوان ساڵانی 2022 بۆ 2026 تۆمارکردووە. جێی ئاماژەیە کە هەوڵی بارسێلۆنا بۆ گواستنەوەی گابریێل جیسوس رێگر نابێت لە گواستنەوەی جولیان ئەلڤارێز لە داهاتوودا، چونکە هێشتا یانەکە گرنگی بە هێرشبەرە ئەرجەنتینییەکەی ئاتلێتیکۆ مەدرید دەدات، بەڵام ئەوە بۆ ماوەیەکی دیکەی گواستنەوەکان دەمێنێتەوە. سەرچاوەکانی هەواڵ دەڵێن "جیسوس سبەی پشکنینی پزیشکی ئەنجام دەدات، ئارسیناڵ بڕی 10 ملیۆن یۆرۆ وەک بڕی سەرەکی وەردەگرێت، لەگەڵ چەند گۆڕانکارییەک بەرامبەر گواستنەوەی هەمیشەیی جیسۆس بۆ بارسێلۆنا". هەروەها دەڵێن "گابریێل جیسوس دوای وەرگرتنی مۆڵەت لە ئارسیناڵ، گەشت دەکات بۆ ئەنجامدانی پشکنینی پزیشکی، کە ماوەی گرێبەستەکەی دوو ساڵە لەگەڵ بارسێلۆنا، لەگەڵ بوونی مەرجی درێژکردنەوەی بۆ ساڵێکی دیکە و تاوەکو ساڵی 2029".
ئەمڕۆ یەکشەممە، 30ی ئابی 2026، چەند ناوچە و شارۆچکەیەکی سنووری لە باشووری لوبنان کەوتنە بەر زنجیرەیەک تۆپبارانی چڕ و هێرشی ئاسمانی سوپای ئیسرائیل، کە تێیدا چەندین ناوچەی ستراتیژی کراونەتە ئامانج. بە گوێرەی سەرچاوە میدیاییەکان، تۆپخانەکانی ئیسرائیل هەریەکە لە شارۆچکەکانی مەیفەدون، تولین، مەنسووری و وادی سلوقی-یان بۆردومان کردووە. هەروەها ناوچەکانی نێوان بەیت یەحون و بەرعەشیت کراونەتە ئامانج و هێزەکانی ئیسرائیل بۆمبی فۆسفۆرییان بەرەو دەوروبەری بەرزاییەکانی عەلی تاهر هاویشتووە. هاوکات، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانی کردووەتە سەر ناوچەی نەبەتیەی فەوقا، لە کاتێکدا گردی دەبشە و بەرزاییەکانی عەلی تاهر جارێکی دیکە تۆپباران کراونەتەوە و بە رەشاشی قورسیش تەقە لە شارۆچکەی حەداسا کراوە. هەر لە چوارچێوەی ئەو هێرشانەدا، دەوروبەری مەنسوری و بیوت سەیاد و رێرەوی رووباری زەوتەر لە رۆژهەڵات و رۆژئاواوە بۆردومان کراون، کە ناوچەکانی قەقعەییە، یەحمر شەقیف، فەقعاتی، لێوارەکانی تەیبە، دێر میماس، خەردەلی، جەرمەق و عەیشییەی گرتووەتەوە.
سەرۆک بارزانی و بەڕێوەبەری دۆسیەی عێراق لە ئەنجوومەنی ئەتلەنتیک، دوا پەرەسەندنە سیاسییەکانی ناوچەکە، پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و هەوڵەکانیان بۆ چارەکردنی کێشەکان تاوتوێ کرد. رۆژی یەکشەممە، 30ـی ئابی 2026، سەرۆک مەسعود بارزانی، لە پیرمام، پێشوازی لە ڤیکتۆریا تایلەر، بەڕێوەبەری دۆسیەی عێراق لە ئەنجوومەنی ئەتلەنتیک کرد. بارەگای بارزانی بڵاوی کردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دوایین گۆڕانکاری، پێشهات و هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکە کرا، هاوکات تیشک خرایە سەر پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی. هەڵسەنگاندنی رەوتی پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستان و تاوتوێکردنی هەوڵەکان بە ئامانجی چارەکردنی کێشە و ئاستەنگەکان، تەوەرێکی دیکەی سەرەکیی ئەم کۆبوونەوەیە بوو.
بەهۆی هێرشێکی مووشەکییەوە ئاگرێکی گەورە لە دەوروبەری گوندی "بادلیان" لە سنووری قەزای سۆران کەوتەوە. بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەوروبەری کاتژمێر یەکی بەرەبەیان، دەنگێکی بەهێز لە سۆران بیسترا، دواتر دەرکەوت هێرشی مووشەکییە. بەهۆی هێرشێکەوە کە دەگوترێت مووشەکی بالیستی بووە، ئاگرێک لەو ناوچەیە کەوتەوە، تیمەکانی بەرگری شارستانی بە هاوکاری پۆلیس و ئاسایشی ناوچەکە توانییان لە کاتێکی کەمدا ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن و رێگری بکەن لەوەی بگاتە ناو ماڵەکانی گوندەکە کە کەمتر لە کیلۆمەترێک لە شوێنی رووداوەکەوە دوور بوون. گوتەبێژی بەرگری شارستانی سۆران لەم بارەیەوە دەڵێت "ئاگرەکە بەهۆی مووشەکێکی ئاراستەکراو بووە، کە لە پشت گوندەکە کەوتووەتە خوارەوە. دەشڵێت "بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان، نزیکەی 5 بۆ 10 دۆنم لە پووش و پاوان و ژینگەی ناوچەکە سووتاوە" هاوکات ئاگر لە سنووری قەزای سیدەکان و ناحیەی سمیلانیش کەوتووەتەوە، تیمەکانی فریاگوزاری لەو ناوچانەش توانیویانە ئاگرەکان بکوژێننەوە و رێگری لە تەشەنەکردنیان بکەن، بەمەش زیانەکان تەنیا بە پوش و پاوانی ناوچەکە سنووردار کراون. رێکارە ئەمنییەکان لە ناوچەکە چڕکراونەتەوە و لێکۆڵینەوەکان بۆ زانینی وردەکاری زیاتری هێرشە مووشەکییەکە و سەرچاوەی تەقەکردنەکە بەردەوامن.
پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە سنووری پێنجوێن بە خێرایی بەڕێوەدەچێت و ئێستا دوو قۆناخی دیکەی دابەشکردنی زەوی لە سنوورە ئامادەیە، بەڵام چاوەڕێی قەرەبووکردنەوەی جووتیارەکان دەکرێت. لەوبارەیەوە رەئوف رەشید رەحیم، سەرۆکی شارەوانی پێنجوێن، ئەمڕۆ سێشەممە، 25ـی ئابی 2026، رایگەیاند، پرۆسەی دابەشکردنی زەوی زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت و تاوەکو ئێستا 482 فەرمانبەر و خانەنشین و پێشمەرگە زەوییان وەرگرتووە و ئامادەکارییەکان بۆ دابەشکردنی قۆناخێکی دیکەی دابەشکردنی زەوی تەواوکراون و نەخشەی زەوییەکان ئامادە کراون. سەرۆکی شارەوانی پێنجوێن ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی بەردەم پرۆسەی دابەشکردنی زەوی قەرەبوووکردنەوەی جووتیارانە، چونکە ئەو زەوییانەی لە سنوورەکە دابەش دەکرێن زەوی کشتوکاڵین و دەبێت جووتیاران قەرەبوو بکرێنەوە. گوتیشی، نووسراویان بۆ وەزارەتی شارەوانی کردووە و هەر کاتێک بڕیاریان دا بە قەرەبووکردنەوەی جووتیاران، سەرەتای مانگی داهاتوو هەزار و 100 پارچە زەوی دیکە بەسەر فەرمانبەران و خانەنشینانی سنوورەکە دابەش دەکەن. سەبارەت بە وردەکاری و میکانیزمی قەرەبووکردنەوەی جووتیارانە، رەئوف رەشید، ئاشکرای کرد، هەر جووتیارێک بەرامبەر چوار دۆنم زەوی، زەوییەکی بە رووبەری 200 مەتر پێدەدرێت و ئەگەر ئەو کێشەیە چارەسەر بێت تا پێش سەری ساڵ پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە سنووری پێنجوێن کۆتایی پێدەهێنن. بە گوێرەی ئامارەکانی شارەوانی پێنجوێن دوو هەزار و 450 فەرمانبەر و خانەنشین و پێشمەرگەی سنوورەکە مافی وەرگرتنی زەوییان هەیە و سەرجەم رێنمایی و مەرجەکان دەیانگرێتەوە. رۆژی 25ـی ئایاری 2026، یەکەم قۆناخی دابەشکردنی زەوی لە سنووری پێنجوێن بەڕێوەچوو و 380 کەس زەوی وەرگرت. دابەشکردنی زەوییەکان بە شێوەی خاڵبەندییە و لەو کەسانەوە دەستپێدەکات کە 52 خاڵیان هەیە تاوەکو دەگاتە 26 خاڵ.
بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێر رایگەیاند، ئاستی هۆشیاریی ژینگەیی لە هەولێر روو لە بەرزبوونەوەیە، هەروەها رێژەی راوکردنیش بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە و چەندین جۆری ئاژەڵی کێوی زیادیان کردووە. دڵشاد هیرانی، بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێر رایگەیاند، ئاستی رۆشنبیری و تێگەیشتنی هاووڵاتییان بەرامبەر ژینگە بەرزبووەتەوە و لە چەند ساڵی دوایی دا تێڕوانینی خەڵک بەرامبەر بە ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان گۆڕاوە، ئێستا لە جیاتی راوکردن و لەناوبردنیان بەخێویان دەکەن و هاوکارییان دەکەن، هاوکات لە وەرزی زستان و سەرمادا خواردنیان بۆ دابین دەکەن. گوتیشی رێژەی راوکردن بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بووەتەوە و رێنماییەکانیش توندکراون بۆ دەستگیرکردنی سەرپێچیکاران، هەروەها هێزەکانی ژینگەپارێزی و دارستان بەردەوام چاودێریی ژینگە و سرووشتی هەرێمی کوردستان دەکەن. بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، چەند جۆرێک لە ئاژەڵ و باڵندە مەترسیی لەناوچوونیان لەسەر بوو، بەڵام ئێستا دەرکەوتوونەتەوە و زیادیان کردووە، بۆ نموونە ئاژەڵی مامز لە هەندێک ناوچەی وەک زورگەزراو و دەشتی هەولێر بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. لە کابینەی نۆیەمدا گرنگییەکی تایبەت بە پرسی پاراستنی ژینگە و رێکخستنی رێنماییەکانی راوکردن دراون، ئاشکراشی کرد، بۆ پاراستنی زیاتری ژینگەی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک ناوچەی قەدەخەکراو هاوشێوەی وڵاتانی پێشکەوتوو رادەگەیەندرێت، هەروەها چەند ناوچەیەکی قەدەخەکراویش وەک دەڤەری بارزان و باڵەکایەتی هەن و چەندین ئاژەڵ و باڵندەی کێوی و گوڵ و گژوگیای دەگمەن لەو سنوورانە هەیە. یەکێک لە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پاراستن و پارێزگاریکردن بوو لە ژینگە و سرووشتی هەرێمی کوردستان، هەر لە سەردەمی کابینەی نۆیەمدا دەیان بڕیار و رێنمایی توند بۆ سەرپێچیکارانی ژینگە دەرکراو و چاودێرییەکان چڕکرانەوە.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "به بۆنهی یادی لهدایكبوونی پێغهمبهری ئیسلام حەزرەتی محهمهد (دروودی خوای لهسهر بێت)، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی گشت موسڵمانانی كوردستان و جیهان دهكهم". دەشڵێت، "ئومێدەوارم یادی لەدایکبوونی پێغەمبەر (د.خ)، ببێته هۆی قووڵبوونەوەی زیاتری کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی کوردستان و برایەتی و ئاشتی و تەبایی نێوان گەلانی جیهان". ئەمڕۆ سێشەممە 25ـی ئابی 2026، بەرانبەرە بە 12ی رەبیعولئەوەل لە ساڵنامەی کۆچیدا، لە هەر چوار پارچەی کوردستان و لە وڵاتانی ئیسلامیدا، یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام دەکرێتەوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە سنووری شارۆچکەی خورماتوو، چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشیان کردە سەر خاڵێکی سەربازیی حەشدی شەعبی و هێرشەکەیان تێکشکێنرا. لەم بارەیەوە لیوای 63ی حەشدی شەعبی دەڵێت: "ژمارەیەک لە تیرۆریستانی داعش پەلاماری خاڵێکی سەربازیمانیان داوە لە دەوروبەری چیای هەنجیرە لە سنووری خورماتوو. هێزەکانمان دەستبەجێ رووبەڕوویان بوونەتەوە و دوای شەڕ و پێکدادان، تیرۆریستان ناچار بە هەڵاتن کراون." دانیشتووانی ناوچەکەش ئاماژە بەوە دەکەن، سەرەتا دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز و دواتر دەنگی تەقەیەکی زۆر لە سنووری چیای هەنجیرە بیستراوە، ئەوەش بووەتە هۆی ترس و دڵەڕاوکێ لای هاووڵاتیان. بەگوێرەی زانیارییەکان، دوای هێرشەکە هێزەکانی حەشدی شەعبی لە ناوچەکە کەوتوونەتە ئامادەباشی و کێوماڵی سنوورەکەیان دەستپێکردووە بۆ دۆزینەوەی پاشماوەی چەکدارە هەڵاتووەکان. هەر بەیانی ئەمڕۆ هێزێکی هاوبەش لە سوپای عێراق و حەشدی شەعبی ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنی بەرفراوانیان لە دەوروبەری چیاکانی مورسی عەلی و ناوچە شاخاوییە سەختەکانی سنوورەکە دەستپێکرد، بە ئامانجی راوەدوونان و لەناوبردنی ئەو گرووپە تیرۆریستییەی کە هێرشەکەیان ئەنجامداوە.
راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی بەریتانی، ئەمڕۆ شەممە، زانیارییەکی سەرنجڕاکێشی دەربارەی خولی دووەمی کارکردنی جۆزێ مۆرینیۆی راهێنەری پۆرتوگالی لە یانەی ریال مەدرید ئاشکراکرد. لەم هاوینەدا فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید، گرێبەستی لەگەڵ مۆرینیۆ واژۆکرد بۆ ئەوەی کۆتایی بە باڵادەستیی یانەی بارسێلۆنا بهێنێت لەسەر ئاستی ناوخۆیی کە لە دوو وەرزی رابردوودا یانە کەتەلۆنییەکە سەپاندوویەتی. بەگوێرەی رۆژنامەی ذا ئاتلێتیکی بەریتانی، سەرچاوە نزیکەکان لە مۆرینیۆوە جەختیان کردووەتەوە کە ئەو زۆر پەرۆشە بۆ دەستپێکردنی خولی دووەمی راهێنەرایەتی لەگەڵ ریال مەدرید. ئاماژەی بەوەش کردووە کە راهێنەرە پۆرتوگالییەکە هەست دەکات ستافێکی نایابی هەیە بۆ کارکردن لەگەڵ ئەو کەسانەی کە پێشتر لە مەدرید بوون، جگە لە هەبوونی پێکهاتەیەکی ناوازە بۆ پەرەپێدانی ئەم پڕۆژە نوێیە. مۆرینیۆ پابەندییەکی تەواوی خۆی نیشانداوە، بەجۆرێک کارەکە گەیشتووەتە ئەوەی لە چەندین بۆنەدا لەناو بارەگای مەشق و راهێنانەکاندا خەوتووە، ئەمەش بۆ ئەوەی دڵنیابێتەوە لە تەرخانکردنی کاتی پێویست بۆ هەموو ئەو ئەرکانەی کە دەیەوێت ئەنجامیان بدات. جۆزێ مۆرینیۆ ئێستا بەتەواوی ئاگاداری وردەکارییەکانە لە هەموو بەشەکاندا، هەروەک چۆن لە خولی یەکەمی راهێنەرایەتیدا دەیکرد. ئەمە لەکاتێکدایە کە وەرزی رابردووش هەندێکجار لە بارەگای مەشقەکانی یانەی بێنفیکای پۆرتوگالی خەوتووە. وەرزی نوێی ریال مەدرید، ئێوارەی ئەمڕۆ کاژێر 22:30 بەرامبەر ئیسپانیۆل لە خولی ئیسپانیا دەست پێدەکات و یانەی شانە لە دەرەوەی یاریگای خۆیدا دەبێتە میوانی ئیسپانیۆل.
شاندێکی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری ئولانباتاری پایتەختی مەنگۆلیا بەشدارییان لە 17ـەمین کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی بیابانبوون (COP17) کردووە و زنجیرەیەک دیدار و ڕێککەوتنی نێودەوڵەتییان کردووە. ماوەی شەش ڕۆژە شاندێکی هەرێمی کوردستان لە ئولانباتاری پایتەختی مەنگۆلیا بەشدارن لە کۆنفرانسی جیهانیی COP17. لە کۆنفرانسەکەدا شاندەکە ئاڵنگارییە جددییەکانی هەرێمی کوردستانیان پەیوەست بە گۆڕانی کەشوهەوا، وشکەساڵی و کێشەی ئاوە سنووربڕەکان خستووەتەڕوو، هاوكات کار دەکرێت بۆ دروستکردنی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی خۆڵبارین. فازڵ ئیبراهيم، بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە کۆنفرانسەکە هەماهەنگیمان لەگەڵ چەند ڕێکخراوێکی جیهانی دروستکردووە، لەوانە لەگەڵ کۆمەڵەی عەرەبی و ڕێکخراوی فاو (FAO) گفتوگۆمان کردووە لەسەر پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی تایبەت بەو وڵاتانەی زیانمەندن لە شەپۆلەکانی خۆڵبارین. ٠ ئامانج لەم هاوپەیمانییە دروستکردنی پلاتفۆرمێکی هاوبەشە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی داتا و زانیارییەکان و پێشبینیکردنی پێشوەختەی شەپۆلەکانی خۆڵبارین، ئەمەش هەنگاوێکی ستراتیژی و زانستیی گرنگە بۆ داڕشتنی ستراتیژییەتی نوێ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی و دەستەبەرکردنی ئاسایشی ژینگەیی وکەمکردنەوەی مەترسییەکانی بیابانبوون، داڕمانی خاک 17مین کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی بیابانبوون "COP17" کۆبوونەوەیەکی نێودەوڵەتیی گرنگە، بەپێی کارنامەی فەرمیی نەتەوە یەکگرتووەکان کارەکانی بۆ ماوەی 12 ڕۆژ بەردەوام دەبێت لە 17ـی ئەم مانگەوە دەستیپێکردووە.
یانەی دهۆک بەدوای یەکەم بردنەوەدا دەگەڕێت، کاتێک بۆ یاریی دووەم لەسەریەک لە یاریگای خۆی یاریی دەکات. لە دوایین یاریی گەڕی دووەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق و لە یارییەکی لووتکەدا، کاژێر 21:30 دوو راهێنەری ئێرانی رووبەڕووی یەکدەبنەوە، کاتێک دهۆک میوانداریی یانەی تەڵەبە دەکات. دهۆک لە گەڕی یەکەمدا بەرامبەر غەڕاف یارییکرد و لەنێو هاندەرانیدا یەکسانبوو، یانەی تەڵەبە لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر دیالە دۆڕا، کەواتە ئەمشەو هەردوو تیپ رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی یەکەم سێ خاڵی ئەم وەرزە دەکەن. پێش یارییەکە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا، یەحیا گوڵمحەممەدی، راهێنەری یانەی دهۆک گوتی "رێز لە یانەی تەڵەبە و راهێنەرەکەیان عەلیڕەزا مەنسووریان دەگرین، بەتایبەت بۆ ئەو ئاستە باشەی لە وەرزی رابردوو پێشکێشیانکرد. ئێمە پێش خولەکە یارییەکی دۆستانەمان بەرامبەر تەڵەبە ئەنجامدا و لە تواناکانی ئەوان تێدەگەین. هەوڵدەدەین سوود لە یاریگا و هاندەرانمان وەربگرین بۆ ئەوەی ئاستێک پێشکێش بکەین شایستەی ناوی دهۆک بێت. ئامانجی ئێمە ئەوەیە هاندەرانمان رازی بکەین، بۆیە داوا دەکەین ئامادەبن و پاڵپشتیمان بکەن." هاوشێوەی یاریی یەکەم، بەهۆی ئەوەی بەتەواوی لە پێکانەکەی چاک نەبووەتەوە، رێوان ئەمین، ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی یانەی دهۆک زەحمەتە بەشداری لە یارییەکەدا بکات.