سەرچاوەیەكی باڵا لە وەزارەتی دارایی و ئابووری پشتڕاستی كردەوە، دەستكراوە بە كۆكردنەوەی داهات بۆ دابینكردنی مووچەی مانگی حەوتی مامۆستا و فەرمانبەرانی گرێبەست و بە ئەگەرێكی زۆرەوە لە هەفتەی داهاتوو وادەی دابەشكردنی مووچەكانیان ڕادەگەیێنرێت.
جگە لە فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەمیشەیی، نزیكەی 87 هەزار مامۆستا و فەرمانبەریش كە بەشێوەی گرێبەست دامەزراون و مووچەكانیان لەسەر داهاتی ناوخۆ دابین دەكرێت كە بڕەكەی 42 ملیار دینارە.
سەرچاوەیەكی باڵا لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاندووە، حكومەتی هەرێمی كوردستان دوای ئەوەی بڕی 120 ملیار دیناری بۆ تەواوكردنی گوژمەی مووچە دابین كرد كە بە مەقاسە بڕدرابوو، ئێستا وەزارەتەكە هەوڵەكانی چڕكردووەتەوە بۆ دابینكردنی بڕی 42 ملیار دیناری دیكە كە مووچەی نزیكەی 87 هەزار مووچەخۆری گرێبەستە.
ئەو سەرچاوەیە ڕوونیشی كردەوە، ئێستا دەستكراوە بە كۆكردنەوەی داهاتەكە، ئەزموونی مانگەكانی ڕابردوو دەریخستووە، پرۆسەكە 10 ڕۆژ بۆ دوو هەفتەی پێویستە، بۆیە هەموو ئەگەرەكان بەو ئاڕاستەیەن، ڕاگەیاندنی وادەی دابەشكردنی مووچەی مامۆستا و فەرمانبەرانی گرێبەست بكەوێتە هەفتەی داهاتوو، دوای ئەوەش بە پێنج بۆ شەش ڕۆژ سەرجەمی گرێبەستەكان مووچەكانیان وەربگرن.