Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13709 بابەت
هەواڵ
17-08-2026

دوو درۆن ئاڕاستەی نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیران کراون

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی دژەتیرۆری هەرێمی کوردستان، دوو درۆن لە کاتژمێر 00:28 ئاراستەی بارەگای نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن کراون. ئەمڕۆ دووشەممە دژەتیرۆری کوردستان هێرشی درۆنی بۆ سەر نووسینگەی سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن ڕاگەیاند، هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "درۆنەکان لە دیوی سنووری وڵاتی ئێرانەوە ئاڕاستە کراون" لە ‌هێرشەکاندا هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتۆتەوە. دەقی ڕاگەیەندراوەکەی دژەتیرۆری هەرێمی کوردستان: بە گوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 17ی ئابی 2026، لە کاتژمێر 00:28، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە جۆری (حەدید-110) لە دیوی سنووری وڵاتی ئێرانەوە ئاراستەی بارەگای نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە قەزای پیرمامی پارێزگای هەولێر کران، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتەوە. ئەم هێرش و دەستدرێژییانە بە توندترین شێوە سەرکۆنە دەکەین و بەهیچ شێوەیەک مایەی قبووڵکردن نین، تەواوی بەرپرسیارێتیی لێکەوتەکانیشی لە ئەستۆی ئەنجامدەرانیدایە.

گشتی
16-08-2026

بەنزینی 750 دیناری نرخی هەر سێ جۆرە بەنزینە بازرگانییەکەی دابەزاند

بازرگانێکی بەنزین دەڵێت، دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری، نرخی لیترێک بەنزینی بازرگانی نزیکەی 500 دینار دابەزاندووە، گوتەبێژی گۆڕەپانی سووتەمەنیفرۆشانی هەولێر دەڵێت، "هیچ خواست لەسەر بەنزینی بازرگانی نەماوە و نرخی زیاتر دادەبەزێت". دوو رۆژە دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری کە پێیدەگوترێت بە "نرخی پاڵپشتیکراوی حکومەت" لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە. بازرگانێکی بەنزین لە هەولێر ئەمڕۆ یەکشەممە 16-08-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێستا بەنزینی نۆرماڵی کواڵیتی بەرزم هەیە بە کۆ لیتری بە 1050 دینار، هەمان بەنزین پێش سێ رۆژ لیتریمان بە 1525 دینار دەدا". لە بەنزینخانەکان لیترێک بەنزین 50 بۆ 75 دیناری دەخرێتە سەر، ئەو بازرگانە گوتی: "هەر بەنزینخانەیەک ئەمڕۆ بەنزینی نۆرماڵی کڕی بێت، لیترێکی بە 1100 دینار دەدات". لەبارەی بەنزینی موحەسەن و سوپەرەوە ئەو بازرگانە گوتی: "ئەمڕۆ لیتری بەنزینی موحەسەن بە 1400دینار و سوپەر بە 1600 دینارە". پێشتر لیترێک بەنزینی موحەسەن بە 2250 دینار و سوپەر بە 2500 دینار بوو. سەرباز کەریم، گوتەبێژی گۆڕەپانی سووتەمەنیفرۆشانی هەولێر، ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند: "بەو نرخەی بەنزینی بازرگانی لە بازاڕدا هەیە و دابەزیوە کەس نایکڕێت و هیچ خواستێک لەسەر بەنزینی بازرگانی نەماوە، دابەشکردن بەردەوام بێت زۆر زیاتر دادەبەزێت". سەرباز کەریم، کە هاوکات بازرگانی سووتەمەنییە گوتی: "ئەوانەی دەڵێن کواڵیتی ئەم بەنزینە خراپە شارەزانین، ئەگەرنا باشترین کواڵیتی هەیە و بەنزینی پاڵاوگەکانی کار و لانازە و ئۆکاتنی 92ـە، مەگەر بەنزیخانەکان خۆیان دەستکاری بکەن". گوتەبێژی گۆڕەپانی سووتەمەنیفرۆشانی هەولێر داوای لە بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، کە "چاودێری وردی بەنزینخانەکان بکەن، بەنزینخانە ئەگەر بیەوێت دەتوانێت نەفتا تێکەڵی بەنزینەکە بکات، کە لیتری نەفتا 400 دینارە، ئەوەش کواڵیتی بەنزینەکە بە تەواوی خراپ دەکات". سەرباز کەریم دەستخۆشی زۆر لە بڕیاری دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری دەکات و بە هەنگاوێکی زۆر باشی دەزانێت، بەڵام دەڵێت: "هەندێک بەنزینخانە هەن دوو کاژێر بەنزینە 750 دینارییەکە دەفرۆشن و ئەوی دیکە بە بازرگانی دەفرۆشنەوە، بەنزینخانەیەک کە تانکەرێک بەنزین وەردەگرێ 36 هەزار لیترە، بەشی بەیانی تاوەکو خۆرئاوابوون دەکات کە بەردەوام بەنزین بفرۆشێت، بۆیە زۆر گرنگە لایەنی پەیوەندیدار چاودێری وردی بەنزینخانەکان بکەن". تاوەکو ئەمڕۆ لە سلێمانی نرخی بەنزینی بازرگانی دانەبەزیوە. لیترێک بەنزینی نۆرماڵ لە بەنزینخانەکان بە هەزار و 200 دینارە، موحەسەن لە بەنزینخانەکان بە هەزار و 750 دینارە و سوپەر بە هەزار و 900 دینارە. لە زۆرینەی بەنزینخانەکانی هەولێر، دهۆک لیترێک بەنزینی بازرگانی نۆرماڵ هێشتا بە زیاتر لە 1400 دینار دەفرۆشرێت. بەگوێرەی بەدواداچوونێک کە لە بەرپرسانی نەوت و کانزاکان و قایمقامەکان وەریگرتوون، ئەمڕۆ زیاتر لە سێ ملیۆن و 400 هەزار لیتر بەنزینی 750 دیناری دابەش دەکرێت. بەڕێوەبەرانی نەوت و کانزاکان لە پارێزگاکانی سلێمانی و دهۆک دەڵێن: "ئێمە چاودێری بەنزینخانەکان دەکەین، نەوەکو کۆمپانیا.

هەواڵ
16-08-2026

ناتۆ درۆنێکی لە ئاسمانی رۆمانیا تێکشکاند

وەزارەتی بەرگریی رۆمانیا رایگەیاند، فڕۆکەیەکی جەنگیی ئیسپانی کە لە چوارچێوەی ئەرکەکانی ناتۆدایە، درۆنێکی لە نزیک سنوورەکانی ئۆکراینا و مۆڵدۆڤا خستووەتە خوارەوە. ئەمە نوێترین پێشهاتی بەزاندنی ئاسمانی وڵاتانی ئەندام لە ناتۆیە بەهۆی جەنگی ئۆکرایناوە. وەزارەتی بەرگریی رۆمانیا رۆژی یەکشەممە، 16-08-2026، لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، فڕۆکەیەکی جۆری F-18 کاژێر 5:01ـی بەیانی بەرپەرچی درۆنەکەی داوەتەوە کە لە خاکی مۆڵدۆڤاوە هاتبووە نێو ئاسمانی رۆمانیا.  پێدەچێت پاشماوەی درۆنەکە لە ناوچەیەکی چۆڵ لە هەرێمی گالاتای نزیک سنووری ئۆکراینا کەوتبێتە خوارەوە. رۆمانیا کە ژمارەی دانیشتووانی 19 ملیۆن کەسە، یەکێکە لەو وڵاتانەی ناتۆ کە زۆرترین کاریگەریی جەنگی ئۆکراینای لەسەرە، چونکە سنوورە رۆژهەڵاتییەکانی لەسەر دەریای رەش زۆر نزیکن لەو ناوچانەی ئۆکراینا کە بەردەوام لەلایەن رووسیاوە بۆردوومان دەکرێن. لە ساڵی 2023ـەوە، دەسەڵاتدارانی رۆمانیا چەندین جار پاشماوەی درۆنیان لە خاکەکەیاندا دۆزیوەتەوە. لە کۆتایی تەممووزی ئەم ساڵیشدا، رۆمانیا بۆ یەکەمجار لە دەسپێکی جەنگی رووسیا و ئۆکراینا لە شوباتی 2022، درۆنێکی لە دووریی 100 کیلۆمەتر لە بوخارێستی پایتەخت خستە خوارەوە. جگە لە رۆمانیا، وڵاتانی پۆڵەندا و وڵاتانی باڵتیکیش کە دەکەونە رۆژهەڵاتی هاوپەیمانێتیی ناتۆ، چەندین جار رووبەڕووی بەزاندنی ئاسمانی وڵاتەکەیان بوونەتەوە. رۆژی هەینیش ناتۆ رایگەیاند کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیتاڵیا درۆنێکیان لە ئاسمانی لاتیڤیا تێکشکاندووە. جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا کە لە شوباتی 2022ـەوە دەستیپێکردووە، ناوچەکەی خستووەتە قۆناخێکی زۆر مەترسیدارەوە. وڵاتانی هاوسنووری ناوچەی شەڕ لەژێر گوشارێکی زۆری ئەمنیدان و ناتۆ ئەرکە ئاسمانییەکانی بۆ پاراستنی ئاسمانی ئەو وڵاتانە چڕتر کردووەتەوە. ئەم پێشهاتە نوێیانە مەترسیی پێکدادانی راستەوخۆی نێوان رووسیا و ناتۆ زیاد دەکەن، هەرچەندە هاوپەیمانێتییەکە هەوڵ دەدات تەنیا وەک بەرگریی مامەڵە لەگەڵ درۆنەکاندا بکات

هەواڵ
16-08-2026

پاسێکی گەشتیاری وەرگەڕا و 12 کەس گیانیان لەدەستدا

پاسێکی گەشتیارانی پۆڵەندی لەسەر رێگەیەکی خێرای هەنگاریا وەرگەڕا و بەهۆیەوە 12 کەس گیانیان لەدەستدا و 47 کەسی دیکەش بریندار بوون. پاسەکە لە سڕبیایەوە بەرەو پۆڵەندا دەچوو. بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 16ـی ئاب، بەگوێرەی راگەیێندراوی پۆلیس و دەستەی نیشتمانیی بەڕێوەبردنی کارەساتەکان، رووداوەکە کاتژمێر 1:00ـی بەیانی لەسەر رێگەی خێرای M3 لە نزیک شارۆچکەی مێزۆکێرێستێس لە رۆژهەڵاتی بوداپێست روویداوە. پاسەکە کە 57 سەرنشین و دوو شۆفێری تێدا بووە، لە رێڕەوی خۆی لایداوە و کەوتووەتە نێو دۆڵێکەوە. وردەکاریی قوربانییەکان و رزگارکردن لە شوێنی رووداوەکەدا گیانلەدەستدانی 11 کەس راگەیێندرا و کەسێکی دیکەش دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا. هەروەها دە کەس بە سەختی بریندار بوون و 37 کەسی دیکەش برینیان سووکە. تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و فریاگوزاری ناچار بوون بەشێک لە سەرنشینەکان لە پەنجەرەی پاسەکەوە دەربهێنن، چونکە لە ناوەوە گیریان خواردبوو. دواتر بە دوو کرێنی زەبەلاح پاسەکە لە نێو دۆڵەکە دەرهێندراوە و زانیارییە سەرەتاییەکانی پۆلیس دەری دەخەن "شۆفێرەکە خەواڵوو بووە" بۆیە دوای رووداوەکە دەستبەسەر کراوە. کاردانەوەی بەرپرسانی هەنگاریا و پۆڵەندا پیتەر مەگیار، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییەکان کرد و سوپاسی تیمەکانی رزگارکردنی کرد. هاوکات رادۆسلاو سیکۆرسکی، وەزیری دەرەوەی پۆڵەندا رایگەیاند، کونسوڵخانەی وڵاتەکەیان لە پەیوەندیی بەردەوامدایە لەگەڵ بەرپرسانی هەنگاریا. دۆناڵد توسک، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەنداش گیانلەدەستدانی 12 هاووڵاتیی وڵاتەکەی لەو رووداوەدا پشتڕاست کردەوە. لە ساڵی 2003ـەوە ئەمە بە خراپترین رووداوی هاتووچۆ لە هەنگاریا دادەنرێت، کاتێک لە پێکدادانی شەمەندەفەر و پاسێکی گەشتیارانی ئەڵمانیدا 33 کەس گیانیان لەدەستدا. هەروەها لە ساڵی 2002ـدا، لە رووداوێکی هاوشێوەدا پاسێکی گەشتیارانی پۆڵەندی وەرگەڕا و 19 کەس گیانیان لەدەستدا. هەنگاریا لە قۆناخێکی نوێی توندکردنەوەی رێکارەکانی سەلامەتیی رێگەوباندایە، چونکە لە وەرزی هاویندا گوشارێکی زۆر لەسەر رێگە خێراکان دروست دەبێت.

گشتی
16-08-2026

کانسێلۆ دەگەڕێتەوە

جواو کانسێلۆ، بەرگریکاری پۆرتوگالی یانەی هیلالی سعودی، لە گەڕانەوە بۆ ریزەکانی یانەی بارسێلۆنا نزیکبووەتەوە. یاریزانەکە لەڕێگەی پەیامێکی ناڕاستەوخۆوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئاماژەی بەوە کردووە کە گەڕانەوەی بۆ کەتەلۆنیا تەنیا کاتی ماوە. کانسێلۆی تەمەن 32 ساڵ، وێنەیەکی خۆی بە درێسی بارسێلۆناوە بڵاوکردووەتەوە و ئیمۆجییەکی 'کاژێری لمی' لەتەنیشت داناوە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە کاتی گەڕانەوەی بۆ یاریگەی 'سپۆتیفای کامپ نو' زۆر نزیکە. گرێبەستێکی بێبەرامبەر هەرچەندە پێشتر باس لەوە دەکرا بارسێلۆنا بڕی 10 بۆ 15 ملیۆن یۆرۆ بە هیلال دەدات، بەڵام رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی زانیاریی نوێی ئاشکرا کردووە. بەگوێرەی رۆژنامەکە، کانسێلۆ بەخۆڕایی پەیوەندی بە بارساوە دەکات، لە بەرامبەردا یانەی هیلال گرێبەست لەگەڵ مارک کاسادۆ واژۆ دەکات. کاسادۆ کە لە پلانەکانی هانزی فلیکدا نییە، بەبڕی کەمتر لە 40 ملیۆن یۆرۆ دەچێتە یانە سعودییەکە، ئەمەش رێگەی بۆ گواستنەوەی کانسێلۆ خۆش کردووە. دۆخی کانسێلۆ لە هیلال سیمۆنی ئینزاگی، راهێنەری ئیتاڵی یانەی هیلال، لە یەکەم یاریی وەرزی نوێی خولی سعودی بەرامبەر فەیسەڵی، کانسێلۆی لە لیستەکە دوورخستەوە. ئینزاگی لەبارەی داهاتووی یاریزانەکەوە گوتی "کانسێلۆ بەردەوامە لە مەشقەکان، بەڵام پرسی مانەوە یان رۆیشتنی پەیوەندی بە کارگێڕیی یانەکەوە هەیە. جێگەی ئاماژەیە یانەی هیلال ئێستا 13 یاریزانی بیانی هەیە، لەکاتێکدا بەپێی یاساکان تەنیا بۆی هەیە 10 یاریزانی بیانی تۆمار بکات، ئەمەش وایکردووە یانەکە دەستبەرداری بەشێک لە بیانییەکانی بێت. فلیک گڵۆپی سەوزی هەڵکردووە هانزی فلیک، راهێنەری بارسێلۆنا، رەزامەندی لەسەر گەڕانەوەی کانسێلۆ دەربڕیوە، چونکە پێیوایە یاریزانەکە وەرزی رابردوو ئاستێکی بەرزی پێشکەش کردووە و بەهۆی ئەوەی دەتوانێت لە چەند پێگەیەکی جیاوازدا یاریی بکات، سوودێکی زۆر بە پێکهاتەکەی دەگەیێنێت. ئێستا رێککەوتنی تەواوەتی لە نێوان بارسا و کانسێلۆ هەیە و تەنیا واژۆی کۆتایی یانەی هیلالی ماوە بۆ ئەوەی گرێبەستەکە رابگەیێنرێت.

گشتی
16-08-2026

وەرزی نوێی ئیمپڕاتۆر دەستپێدەکات

لە گەڕی یەکەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە یانەی هەولێر لەنێو یاریگەی خۆیدا میوانداریی یانەی کارەبا دەکات، ئیمپڕاتۆر دەیەوێت یارییەکە بە پاڵپشتی هاندەرانی بباتەوە. وەرزی ئەمساڵ هەولێر بەسەرکردایەتی لوئەی سەڵاحی راهێنەر هاوشێوەی وەرزی رابردوو کە پلەی سێیەمی بەدەستهێنا، دەیەوێت وەرزێکی پڕ دەسکەوت و ئەنجامی دڵخۆشکەری هەبێت، تیپەکە ئامادەکارییەکانی مامناوەندە و هێشتا کێشەی یاریزانانی هەن. لەم یارییەدا هەریەک لە ئیسماعیل میحراب، یاریزانی مەغریبی و عامر جامووسی یاریزانی ئوردنی لەگەڵ حوسێن حەسەنی گۆڵپارێز بەهۆی تەواونەبوونی کارە کارگێڕییەکانی گرێبەستیان، لەگەڵ مستەفا قابیل و عەلا رەعد بەهۆی پێکان ناتوانن یاریی بکەن، بەڵام هەولێر ورەیان بەرزە و دەیانەوێت بە وەرگرتنی سێ خاڵی یارییەکە بچنە نێو یارییەکانی خولەکە. وەرزی نوێ بۆ هەولێر ئاسان نییە، لەبەرئەوەی جیا لە خولی ئەستێرەکانی عێراق درێس زەردەکان بەشداریی یارییەکانی جامی کەنداو، جامی عێراق و جامی سوپەری عێراق دەکات، هەولێر باڵکێشترین گرێبەستی وەرزی ئەمساڵی هێنانی ئیبراهیم بایش، ئەستێرەی هەڵبژاردەی عێراقە، لە چەند رۆژی داهاتووش چاوەڕواندەکرێت گرێبەستی عەلی جاسم، ئەستێرە و گۆڵکاری هەڵبژاردەی عێراق ئاشکرا بکات. لوئەی سەڵاح، راهێنەری یانەی هەولێر  رایگەیاند"بوونی ئیبراهیم بایش لە پێکهاتەکەمان زۆر باشە و عەلی جاسم هەولێرییە و تەنیا کات پێویستە تا کارەکانی هێنانی دەستبەرداربوونی لە یانەی کۆمۆ تەواو دەبێت، ئێمە ئامادەکاریمان مامناوەندە و دەمانەوێت بۆ وەرزی نوێ ئاستێکی دڵخۆشکەرمان هەبێت".  یانەی کارەبا سێ هەفتەیە دەستی بە راهێنان کردووە، تیپەکە پشتی بەیاریزانی لاو بەستووە، کەمپی راهێنانی لە موسڵ ئەنجامداوە و وەک ئامادەکاریی پێنج یاریی دۆستانەی کردووە. موهەند عەبدولڕەحیم، کاپتنی یانەی کارەبا رایگەیاند "دەزانین ئەرکمان ئاسان نییە، بەڵام ریزەکانمان تۆکمەیە و دەمانەوێت بە بردنەوە بچینە نێو ململانێی وەرزی نوێی خولەکە ".  پێنج یانەی کوردستانی وەرزی ئەمساڵ بەشداریی یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراقیان کردووە کە بریتیین لە هەولێر، دهۆک، زاخۆ، نەورۆز و گازی باکوور. 

هەواڵ
16-08-2026

عەلی حوسێن: پارتی و یەکێتی لەم هەفتەیەدا کۆدەبنەوە

عەلی حوسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاشکرای کرد لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە و چاوەڕوانی ئەنجامی گرنگ دەکرێت.  عەلی حوسێن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، سەرەڕای هەبوونی "بەرز و نزمی" لە پەیوەندییەکانی ڕابردوودا، بەڵام ئێستا قۆناغی بەرپرسیاریەتییە و دەبێت هەموو لایەک پێکەوە کار بکەن.   "لە ماوەی ڕابردوودا دوور لە چاوی ڕاگەیاندنەکان چەند کۆبوونەوەیەک ئەنجام دراون، لەم هەفتەیەدا پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە و دەرەنجامی ئەرێنیشیان دەبێت."  لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەبارەت بەڕێککەوتنی نێوان یەکێتی و نەوەی نوێ، کارکردنیان بەیەک پاکێج، ئەم ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی پەردەی لەسەر هەوڵێکی پێشووی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لادا و وتی: مانگی نۆی ساڵی ڕابردوو، نەوەی نوێ لە ڕێگەی کەسایەتییەکی سیاسییەوە پەیوەندییان بە خودی خۆمەوە کرد و داوایان کرد 15 کورسییەکەیان بخەنە خزمەت پارتی، بۆ ئەوەی پێکەوە حکومەتێکی (50+1) بەبێ یەکێتی پێکبهێنین، بەڵام ئێمە ڕەتمانکردەوە. - ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی، ئاماژە بەوەدەدات لەبەر دوو هۆکار پێشنیارەکەی نەوەی نوێیان ڕەتکردووەتەوە: یەکەم: پارتی پێی وایە پارتی و یەکێتی تەواوکەری یەکترن و پێکهێنانی حکومەت بەبێ یەکێتی بۆشایی لە پرۆسەی حوکمڕانیدا دروست دەکات. دووەم: لەو کاتەدا شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە زیندان بوو، پارتی بە کارێکی نادروستی زانیوە ڕێککەوتنی لەو شێوەیە لەگەڵ کەسێک بکات کە ئازاد نەبێت و لە زیندان بێت.

هەواڵ
16-08-2026

زەوی بەسەر فەرمانبەران دابەشدەکرێت

لەم هەفتەیە تیروپشک بۆ قۆناغی هەشتەمی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی سنووری سەرۆکایەتى شارەوانیی هەولێر ئەنجام دەدرێت. ئەندازیار کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر ڕایگەیاند، سەرجەم ئامادەکارییە کارگێڕی و یاساییەکان بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی دیکەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی سنوورى سەرۆکایەتیی شارەوانى هەولێر تەواو کراون، بڕیاروایە لەم هەفتەیە قۆناغی هەشتەمی ئەنجامدانی تیروپشک بەڕێوەدەچێت. بەپێی زانیارییەکانی ئاڤا لەم قۆناغەدا نزیكەی پێنج هەزار فەرمانبەر لەم پڕۆسەیە سوودمەند دەبن.  لە سنوورى سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر 82 هەزار فەرمانبەر بەمەبەستی سوودمەندبوون لە پارچە زەوی ناویان تۆمار کراوە، تاوەكو ئێستا حەوت قۆناغ زەویی دابەشكراوە کە نزیکەی 42 هەزار فەرمانبەر لێی سوودمەند بوونە، هاوکات 40 هەزار پارچە زەویی دیکەش ماون و لە داهاتوودا قۆناغ بە قۆناغ تیروپشکیان بۆ ئەنجام دەدرێت.  پێشتر پارێزگاری هەولێر ئاشکراشی کردبوو، لە سنووری پارێزگای هەولێر زیاتر لە 60%ـی پارچە زەوییەکان تیروپشکیان بۆ ئەنجام دراوە، دووپاتیشی کردەوە پرۆسەکە بەردەوام دەبێت تاوەکو تەواوی ئەو فەرمانبەرانەی مەرجەکان دەیانگرێتەوە لە پڕۆسەکە سوودمەند دەبن. بەڕێوەچوونی ئەم پڕۆسەیە لەکاتێکدایە، ڕۆژی 27ی ئاداری 2024، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانى، لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بۆ بەخشینی پارچەیەک زەوی نیشتەجێبوون بەسەر فەرمانبەرانی مەدەنی و سەربازی و خانەنشینانى کەرتی گشتی کە مەرج و ڕێنماییەکان دەیانگرێتەوە. 

هەواڵ
16-08-2026

هونەرمەندێکی میللیی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکان دەستگیر کرا

هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری شنۆ، هونەرمەندێکی میللییان بە ناوی مەسعود ئالانی دەستبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستەوە؛ تاوەکو ئێستاش هۆکاری دەستگیرکردنەکەی ڕانەگەیەنراوە. لە هەڵمەتێکی دەستگیرکردنی هاونیشتمانییانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پاشنیوەڕۆی ڕۆژی شەممە هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعات لە یەکێک لە کافتریایەکانی شاری شنۆ، هونەرمەند "مەسعوود ئالانی کۆنەقەڵا"یان بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و حکومی دەستگیرکرد. بەپێی ڕاپۆرتە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا 11 هاونیشتمانی لە شارەکانی شنۆ، بۆکان، میاندواو و مەهاباد دەستگیر کراون. دوای دەستگیرکردنی مەسعوود ئالانی، هێزە ئەمنییەکان بەبێ مۆڵەتی دادوەر چوونەتە سەر ماڵی مەسعود ئالانی و دەستیان بەسەر مۆبایلی هاوسەر و کچەکەیدا گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.  مەسعوود ئالانی، خەڵکی گوندی "سینگان" و دانیشتووی شاری شنۆیە. ئەو یەکێکە لە هونەرمەندە میللییە ناسراوەکانی ناوچەکە و بەهۆی وتنی گۆرانیی نیشتمانی و نەتەوەیی، پێشتریش چەندین جار لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی ئێرانەوە بانگ و دەستبەسەر کراوە.

هەواڵ
16-08-2026

سوودانی پیرۆزبایی لە کورد دەکات

محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، بەبۆنەی 80ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرکردایەتی، کادر و جەماوەری پارتی کرد. سوودانی لە پەیامەکەیدا تیشکی خستە سەر مێژووی سیاسیی پارتی و رۆڵی لە رووبەڕووبوونەوەی دیکتاتۆرییەت، هاوکات جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر کردەوە. دەقی پەیامەکەی محەمەد شیاع سوودانی: "جوانترین پیرۆزبایی و هیوای سەرکەوتن ئاراستەی سەرکردایەتی، کادر و جەماوەری پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەین بەبۆنەی 80ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی حزبەکەیان، بە رێز و پێزانینەوە یادی ئەم کاروانە سیاسییە دەکەینەوە کە بۆ چەندین دەیەیە ئامادەییەکی کارای لە مێژووی هاوچەرخی عێراقدا هەیە. ئەم یادە وێستگەیەکی گرنگە بۆ بیرهێنانەوەی کاروانی بزووتنەوەی سیاسیی کوردی و ئەو ئالنگاریی و قوربانییانەی بینیویەتی، هەروەها رۆڵی لە رووبەڕووبوونەوەی دیکتاتۆرییەت و چەسپاندنی چەمکەکانی هاوبەشی، فرەیی و مافە دەستوورییەکان. ئەمڕۆ ئێمە لەبەردەم قۆناخێکداین کە پێویستی بە دانایی و بەرپرسیارێتیی زیاترە؛ هاوبەشیی نیشتمانی، گفتوگۆ و پەنابردن بۆ دەستوور، وەک کۆڵەکەی سەرەکی بۆ پاراستنی عێراق و بەهێزکردنی سەقامگیرییەکەی دەمێننەوە. هەروەها جەخت لە بونیادنانی پەیوەندییەکی پتەوی نێوان بەغدا و هەولێر دەکەینەوە کە لەسەر بنەمای متمانە و بەرژەوەندیی هاوبەش بێت."

هەواڵ
16-08-2026

هەسەدە و یەپەگە هەڵدەوەشێنەوە

بەرپرسێکی هەسەدە رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە و یەپەگە رادەگەیەنرێت. جەختیشی کردەوە، زۆربەی کێشەکان لەگەڵ دیمەشق چارەسەر کراون. مەحموود بەرخودان، بەرپرس لە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە کۆبانێ، لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی "تورکیا" رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا هەڵوەشاندنەوەی هەریەک لە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و هەسەدە رادەگەیەنن و چیتر قەوارەیەک بە ناوی خۆبەڕێوەبەرییەوە نامێنێت. ئەو بەرپرسەی هەسەدە ئاشکرای کرد، دانوستانەکان لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق بۆ تێکەڵبوونەوەی سەربازی گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی و 99%ـی کێشەکان چارەسەر کراون. بە گوتەی مەحموود بەرخودان، تاوەکو ئێستا نزیکەی 10 بۆ 12 هەزار شەڕڤان تێکەڵ بە سوپای سووریا بوون و پرۆسەی رادەستکردنەوەی دامەزراوە گشتییەکان و بیرە نەوتەکان بە دیمەشق لە قۆناخی کۆتاییدایە. بەرپرسی هێزەکانی سووریای دیموکرات داوای لە دیمەشق کرد لە دەستووری نوێدا مافی هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان بپارێزێت و رێز لە مافەکانیان بگیرێت. هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە پێشەنگایەتیی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە ساڵی 2015 دامەزرا و کۆنترۆڵی ناوچەیەکی بەرفراوانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریای کرد. لە ماوەی رابردوودا ئەم هێزانە بە پاڵپشتیی ئەمریکا شەڕی چەکدارانی داعشیان کرد و قەوارەی خۆبەڕێوەبەرییان راگەیاند.  بەهۆی گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ناوچەکە و دەستپێشخەرییەکانی تایبەت بە پرۆسەی ئاشتی لە ناوخۆی تورکیا و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق، گوشارێکی زۆر کەوتە سەر هەسەدە بۆ رێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی.  ئەم پێشهاتە نوێیە دوای زنجیرەیەک گفتوگۆی چڕ دێت بۆ رێکخستنەوەی دۆخی سووریا و کۆتاییهێنان بە فرەیی هێزە چەکدارەکان، ئەمەش وەک هەنگاوێک دەبینرێت بۆ گێڕانەوەی سەروەریی تەواوەتی بۆ سووریا لە چوارچێوەی یەک سوپا و یەک وڵاتدا.

هەواڵ
12-08-2026

پلەکانی گەرما دادەبەزن و کەش و هەوا فێنک دەبێت

لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتووەوە شەپۆلێکی هەوای فێنک ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و دەبێتە هۆی دابەزینێکی بەرچاو لە پلەکانی گەرما. فازڵ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان: لە ئەنجامی هاتنی ئەم بارستە هەوایە، لە رۆژی دووشەممە، 17ی ئابی 2026، گۆڕانکاری لە کەشوهەوادا روودەدات و پلەکانی گەرما بە 4 بۆ 7 پلەی سیلیزی دادەبەزن. فازڵ ئیبراهیم دەشڵێت، "بەهۆی کاریگەری ئەم بارستە هەوایە، بە شێوەیەکی گشتیی لە زۆربەی ناوچەکان بەرزترین پلەی گەرما بۆ ژێر 40 پلەی سیلیزی دادەبەزێت، هەروەها لە ناوچە شاخاوییەکان پلەکانی گەرما نزیک دەبنەوە لە 32 پلەی سیلیزی" بەگوێرەی پێشبینییەکانی، لە پارێزگای هەولێر 37 پلە، سلێمانی 35 پلە، دهۆک 36 پلە، هەڵەبجە 37 پلە و لە پارێزگای کەرکووکیش بەرزترین پلەی گەرما دەگاتە 38 پلەی سیلیزی.

1 2 ... 12 13 14 ... 1142 1143