بارەگای بارزانی لەبارەی هێرشکردنە سەر نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی کوردستان دەڵێت، ئەم جۆرە هێرشە ناڕەوایانە هیچ بیانوویەك هەڵناگرن و هەوڵدانە بۆ تێكدانی سەقامگیریی هەرێمی كوردستان.
بەگوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 17ی ئابی 2026، لە کاتژمێر 00:28، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە جۆری (حەدید-110) لە دیوی سنووری وڵاتی ئێرانەوە ئاراستەی بارەگای نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە قەزای پیرمامی پارێزگای هەولێر کران.
دەقی ڕاگەیەنراوەکەی بارەگای بارزانی:
- زۆر بەتووندی ئیدانەی ئەو هێرشە درۆنیە دەكەین كە بەرەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە 17ی ئابی 2026 لەو دیوی سنووری ئێرانەوە كرایە سەر نووسینگەی سەرۆك وەزیران و شوێنی حەوانەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستنی لە پیرمام.
- هەرێمی كوردستان هیچ كاتێك بەشێك نەبووە لەم شەڕ و گرژییانەی لە ناوچەكەدا هەیە و ئەم جۆرە هێرشە ناڕەوایانە كە هیچ بیانوویەك هەڵناگرن، هەوڵدانە بۆ تێكدانی سەقامگیریی هەرێمی كوردستان. بە دڵنیاییەوە بەكارهێنانی درۆن و موشەك چارەسەری كێشەكان ناكات.