کوردستان

وەزارەتی پێشمەرگە هێرشەکەی سەر نووسینگەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئیدانە دەکات

17-08-2026
وەزارەتی پێشمەرگە هێرشەکەی سەر نووسینگەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئیدانە دەکات
قەبارەی نووسین:
A A 21px

وەزارەتی پێشمەرگە هێرشە درۆنییەکەی سەر نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە تووندی سەرکۆنە دەکات و داوای هەڵوێستی جدی لە بەغدا دەکات.

 وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیێنراوێکدا بەتووندی ئیدانەی ئەو هێرشە درۆنییە دەکات کە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، لە سنووری ئێرانەوە کرایە سەر نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی مانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە پیرمام.

لە ڕاگەیێنراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە: ئەم دەستدرێژییە ناڕەوایە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان و عێراقە، هەروەها بەئامانجگرتنی پێگە دەستووری و یاساییەکانە، کە بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی کوردستان و ناوچەکە مەترسیدارە.

دەقی ڕاگەیێنراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە:- 

 

بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشە درۆنییە دەکەین کە بەرەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە، ١٧ی ئابی ٢٠٢٦، لە سنووری ئێرانەوە کرایە سەر نووسینگەی بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە پیرمام.

ئەم دەستدرێژییە ناڕەوایە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان و عێراقە، هەروەها بەئامانجگرتنی پێگە دەستووری و یاساییەکان و پێشێلکردنی سەروەرییە.

هەرێمی کوردستان هەمیشە بەشێک بووە لە چارەسەر و هەوڵی داوە هەموو گرفتەکان لە ڕێگەی گفتوگۆوە یەکلایی بکرێنەوە. ئەم دەستدرێژییە بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی کوردستان و ناوچەکە مەترسیدارە.

پێویستە هەموو لایەک ڕێز لە سەروەریی عێراق و سەقامگیری و ئارامیی هەرێمی کوردستان بگرن. داوا لە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەکەین هەڵوێستی جددییان هەبێت بۆ ڕاگرتنی ئەم هێرشە ناڕەوایانە و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەیان.

 

وەزارەتی پێشمەرگە

١٧ی ئابی ٢٠٢٦