کتێبی “بە هەردوو دیوی بۆسفۆردا” چاپکرا

کتێبێک دەربارەی بیرەوەیی و گەشتنامە چاپکرا و نووسەری کتێبەکەش دەڵێت: “ کتێبەکە لە دوو بەش پێکهاتووە کە (ئەزموونی ژیان لە ئیستانبووڵ و گەشتی وڵاتان)ـە.

نووری بێخاڵی، نووسەری کتێبی “بە هەردوو دیوی بۆسفۆردا” بە باڵکێشی ڕاگەیاند، ئەم کتێبە بریتییە لە گێڕانەوەی سەربووردەی ژیانی گەشت و گەڕان و مانەوە لە ژمارەیەک وڵاتی دونیادا، کە تیایدا تیشک دەخاتە سەر لایەنە کولتووری و مێژوویی و سیاسییەکانی ئەو شوێنانە.

وتیشی: ئەزموونی ساڵ و شتێک مانەوە لە تورکیا، بەشە هەرە گرنگەکەی کتێبەکەیە، کە بەهۆی تێکەڵبوون و بەریەککەوتنی ڕاستەوخۆی نووسەر لەگەڵ کۆمەڵگاکەدا، جگە لە خستنەڕووی کونجە پەنهانەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، غەریبزەدەیی کورد و بوونی بە ئاردی ناو دڕکی شارەکانی تورکیا و دوا نەوەی ئاخێوەری زمانی کوردی، ڕووداوگەلی سیاسیی گرنگیش کە لەو ماوەیەدا لەو وڵاتەدا ڕوویان داوە (ڕیفراندۆم بۆ هەموارکردنەوەی دەستوور، ڕێپێوانی دادپەروەری، گرتنی پەرلەمانتارانی تورک) دیوێکی دیکەی گێڕانەوەکانن بە زمانێکی ئەدەبیی خەیاڵ ئامێزی نزیک لە (ڕۆمان). دواجار هەموو ئەو ڕووداوانە (تەنانەت بە دیاردە کۆمەڵایەتیی و کولتوورییەکانیش) بە سەرەداوێک بە ئێرەی نیشتمان گرێ دراونەتەوە کە لە بیرەوەریی نووسەردا زیندوو بوون.

ئاماژەی بەوەشدا، کە خاڵێکی جیاکەرەوەی ئەم کتێبی یادەوەریی و گەشتنامەیە ئەوەیە، کە جگە لە زمان و فەزا ئەدەبییەکەی، لە گێڕانەوەدا سوود لە تەکنیکی فلاش باک وەرگیراوە، ئەویش بە تێکهەڵکێشکردنی ڕووداوەکانی ئەوێ و ئێرە، هاوکات قۆستنەوەی وردترین شت و ڕووداو بۆ کردنە بیانووی خودنووسینەوە و هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی وێستگەکانی تەمەن و ئەزموونی ژیانی نووسەر.

کتێبەکە دەزگای (فام) ئەرکی چاپ و بڵاوکردنەوەی لە ئەستۆ گرتووە و دوای جەژنی ڕەمەزان دەکەوێتە بەردەستی خوێنەران.

ھەواڵی زیاتر