كۆمیسیۆن مه‌رجی نوێی بۆ هه‌ڵبژاردن ڕاگه‌یاند

كاروان كه‌لاری/ باڵكێش

رۆژنامەى “مەدا”ى عێراقى بڵاویکردەوە، کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکان مەرجى تەواوکردنى پاشکۆى تایبەت بە بازنەکانى تا کۆتایی ئەم مانگە دیاریکردووە بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختە لە لە وادەى خۆیدا.

بەگوێرەى راپۆرتێکى رۆژنامەکە ناوەندە پەرلەمانییەکان پێشبینى دواکەوتنى هەڵبژاردن دەکەن بۆ ماوەى دوو بۆ سێ مانگ، بەهۆى دواکەوتنى پەرلەمان لە تەواوکردنى. پاشکۆى تایبەت بە بازنەکان لە یاساى هەڵبژاردنەکان. 

شیروان دوبردانى، ئەندامى لیژنەى هەرێم و پارێزگاکان لە پەرلەمانى عێراق دەڵێت، تا ئێستا حکومەت هی بودجەیەکى بۆ کۆمسیۆن خەرج نەکردووە، چوار ملیۆن کارتی بایۆمەتریش کە لە نوسینگەکانى کۆمسیۆنن رادەستى دەنگدەران نەکراونەتەوە، هێشتا 14 ملیۆن کەس کارتى بایۆمەترییان نییە.

باسى لەوەشکردووە، کۆمسیۆن مەرجى ئەوەى داناوە کە دەبێت پاشکۆى تایبەت بە بازنەکان لەم مانگەدا تەواو بکرێت، تا بتوانێت لەحوزەیرانى داهاتوودا هەڵبژاردن ئەنجام بدات.

ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت، “ئەگەرێکى گەورە” هەیە بۆ دواکەوتنى هەڵبژاردن، بۆ ماوەى دوو بۆ سێ مانگ، بەهۆى کێشەکانى سیستەمى فرە بازنەییەوە.

لاى خۆیەوە،سائب خدر، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمان دەڵێت “کارێکى قورسە پرسی ئەنجامدان یان دواکەوتنى هەڵبژاردنى پێشوەختە یەکلابکرێتەوە، چونکە وەستاوەتە سەر تەواوکردنى دابەشکردنى بازنەکان لە پارێزگاکان.

وتیشى دابەشکردنى بازنەکان لە نەینەوا و کەرکوک و دیالە و ناوچە جێناکۆکەکان کێشەى لەسەرە، کوتلەکانیش لەچەند رۆژى داهاتوودا گفتوگۆکانیان دەستپێدەکەنەوە بۆ یەکلاییکردنەوەى ئەو پرسە.

هاوکات حسێن هنداوى، راوێژکارى سەرۆک وەزیران بۆ کاروبارى هەڵبژاردن جەختیکردووەتەوە، وادەى هەڵبژاردن جێگیرکراوە و هیچ گفتوگۆیەکى نوێ لەئارادا نییە لەو بارەیەوە و کۆمسیۆن دەتوانێت لەوادەى خۆیدا بەڕێوەی ببات. 

ھەواڵی زیاتر