كاروان كهلاری/ باڵكێش
ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای هەولێر ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگهیاندووه، “دەبێت سەرجەم فەرمانبەران لەکاتی دەوامدا دەمامک ببەستن، بەپێچەوانەوە ڕێکاری کارگێڕیی بەرامبەریان دەگیرێتەبەر و هیچ هاوڵاتییەکیش بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکانی بۆی نییە بەبێ بەستنی (دەمامک) بچێتە ناو هیچ فەرمانگەیەکەوە.
دەقی راگەیاندراوەکە:
یەکەم: پارێزگاری هەولێر، بڕیاریدا بەدابینکردنی ١٠٠هەزار (دەمامک) لەسەر ئەرکی پارێزگای هەولێر، بۆ بەشێک لەدام و دەزگاکانی پۆلیس و هاتوچۆ و فەرمانگەکان، کە لەبەیانییەوە دەست بەدابەشکردنی دەکرێت.
دووەم: هاوڵاتییان و هاوشاریانی خۆشەویستی سنوری پارێزگای هەولێر ئاگادار دەکەینەوە، ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو قۆناغەدا مەترسیدارە و لە تەشەنکردن دایە، بۆیە داواکارین لە هەموو لایەک پابەندی رێنماییە تەندروستییەکانبن بەگشتیی و بەتایبەتی بەستنی (دەمامک).
سێیەم: سەرجەم بازاڕ و شوێنە گشتییەکان (مۆڵ، مارکێت، مینی مارکێت، دوکان) ئاگادار دەکەینەوە، پابەندبن بەجێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان و بەستانی (دەمامک) بۆ کرێکاران، خاوەن دوکان، فرۆشیاران، ئەو هاوڵاتیانەشی سەردانیان دەکەن، بەپێچەوانەوە تیمەکانی قائیمقامیەت و ناحییە و شارەوانییەکان راسپێردراون هەرشوێنێک پابەند نەبێت، بەپێی بڕیاری لێژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، رێکاری یاساییان لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.
چوارەم: داوا لەمامۆستایان و پیاوانی ئایینی و یەکیتی زانایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام دەکەین، هەروەک چۆن لە رابردوودا هاوکارمان بوونە، بەهەمانشێوە هاوکارمانبن بۆ هۆشیارکردنەوەی نوێژخوێنان کەپابەندی رێنماییە تەندروستییەکانبن و بەهیچ شێوەیەک رێگە بەخۆیان نەدەن بەبێ بەستنی (دەمامک) بڕۆنە ناو مزگەوت و شوێنە ئایینییەکان.
پێنجەم: کۆبوونەوە وێڕای ئەوەی یادی پڕ شکۆی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (محەمەد) (د. خ) بەرز و پیرۆز نرخاند، تەئکیدی لەوەکردەوە کە هەولێری پایتەخت ساڵانە بەجیاواز لە هەموو جیهان، پێشەنگ بووە لە پێشوازيی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام، (محەمەد) دروودی خوای لێبێت و بەشانازییەوە ئەو یادە مەزن و پڕ شکۆیەی بە رێورەسم و شێوە و شێوازێک کردووەتەوە کە لە ئاست گەورەیی یادەکە بووە، بەڵام بۆ ئەمساڵ بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا و رێکارەکانی خۆپارێزی لەم نەخۆشییە، بەپشت بەستن بە فەتوای لێژنەی باڵای فەتوا لە هەرێمی کوردستان، داوا لە هاوڵاتیانی سنوری پارێزگای هەولێر دەکەین، تەنها بە رازاندنەوە و دروشم و پیرۆزبایی ئەم یادە مەزنە بەرز رابگرن، هەموو جۆرە گردبوونە و کۆبوونەوەیەکی فراوان و رێوڕەسمی خوێندنەوەی مەولوود لە(مزگەوت، تەکیە، ناو سەنتەری شار، ژێر قەلات) و شوێنە جیاجیاکان بەڕێوەناچێت و مەڕاسیمی تایبەت و بەخشینەوەی شیرینی و سازدانی ئاھەنگی خۆشی بەبۆنەیەوە ئەنجامنادرێت.
شەشەم: سەرجەم فەرمانبەرانی فەرمانگەکان ئاگادار دەکەینەوە دەبێت (دەمامک) ببەستن، هەر فەرمانبەرێک لەکاتی دەوام (دەمامک) نەبەستبێت رێکاری کارگێری لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر، هەروەها هیچ هاوڵاتییەک بۆ راییکردنی مامەڵەکانی بۆی نییە بەبێ بەستنی (دەمامک) بچێتە ناو هیچ فەرمانگەیەک.
حەوتەم: داوا لەسەرجەم قوتابیان و خوێندکارانی ئازیزی سنوری پارێزگاکەمان و کەسوکارەکانیان دەکەین، بۆ پاراستنی سەلامەتی و تەندروستی خێزانەکانیان، لەکاتی چوونی رۆڵەکانیان بۆ قوتابخانە و خوێندنگاکان، رێنماییە تەندروستییەکان و رێکارەکانی خۆپارێزی جێبەجێبکەن و (دەمامک) ببەستن.
هەشتەم: هاوڵاتیان و هاوشاریانی خۆشەویست ئاگادار دەکەینەوە، مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر دەبێت و ژمارەی گیان لەدەستدانی ئازیزان و مردن بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە لەزیادبووندایە، بۆیە ئەگەر رێکارەکانی خۆپارێزی و رێنماییە تەندروستییەکان جێبەجێنەکرێت، دۆخەکە لەوەی کە هەیە سەختتر دەبێت، ئەوکات بەناچارییەوە دەبێت بیر لەڕێگای توندتری دیکەی خۆپارێزی بکەینەوە.