ئەنجومەنی باڵای فەتوا سەبارەت بە مانگی مەولوود روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەبەر بارودۆخی ناجێگیری تەندروستی گشتی لە کوردستان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا -کۆڤید19- کە رێنماییە تەندروستییەکان وا دەخوازن گردبوونەوە نەکرێت بۆ هیچ بۆنەیەک.
ئەنجومەنی باڵای فەتوا ئاماژەی بەوەشکردووە، پێمان باشە بۆ ئەمساڵ شێوازی ئاهەنگگێڕانەکە لە گردبوونەوە لە ماڵ و مزگەوت و خانەقاو تەکیەکان بگۆڕدرێت بە دەربڕینی دڵخۆشی بە بڵاوکردنەوە و هەڵواسینی لافیتە و دروشمەکان لە شوێنە گشتییەکان و هەروەها لە سۆشیال میدیا.
بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
((قل بفضل الله وبرحمته فبذلك فليفرحوا)) سورة يونس الآية:۵۸.
وێرای پیرۆزبایی کردنمان بە بۆنەی هاتنەوەی یادی لەدایکبوونی فەخری کائینات (صلى الله عليه وسلم) لە خۆمان و گشت موسڵمانانی کوردستان و جیهانی ئیسلامی.
لەبەر بارودۆخی ناجێگیری تەندروستی گشتی لە کوردستان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا -کۆڤید19- کە رێنماییە تەندروستیەکان وا دەخوازن گردبوونەوە نەکرێت بۆ هیچ بۆنەیەک.
لەو روانگەوە وەک ئەنجومەنی باڵای فەتوا پێمان باشە بۆ ئەمساڵ شێوازی ئاهەنگگێڕانەکە لە گردبوونەوە لە ماڵ و مزگەوت و خانەقاو تەکیەکان بگۆڕدرێت بە دەربڕینی دڵخۆشی بە بڵاوکردنەوەو هەڵواسینی لافیتەو دروشمەکان لە شوێنە گشتیەکان و هەروەها لە سۆشیال میدیا..
ئاشکرایە کە مەولوودکردن واتە دەربڕینی خۆشحاڵی و خۆشەویستی و ئەنجامدانی خێرو سەدەقەو چاکە بۆ ڕۆحانیەتی پیرۆزی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت)، ئاساییە ئەو سەدەقەو خێرو چاکانەیش، کە موسڵمانان دەیکەن بدرێتە هەژاران و بەشێوەی خۆی بڵاو بکرێتەوە، چونکە سەدەقە دەفعی بەڵاو موسیبەت دەکات بەپێی دەقەکانی شەریعەتی پیرۆزی ئیسلام، ئەم جۆرەیش هەر بەشێکە لە کاری پیرۆزی مەولوودنامەو یادەوەری لەدایکبوونی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) خوای گەورە هاوکاری دڵسۆزانە..
ئەنجومەنی باڵای فەتوا
۱۸ی۱٠ی۲٠۲٠ز
۱/ربیع الأول/۱٤٤۲هـ