باڵكێش ورده‌كاریی كوشتنی دوو برا و ئامۆزاكه‌ی كه‌ركوك بڵاوده‌كاته‌وه‌

كاروان كه‌لاری/ باڵكێش

شه‌وی ڕابردوو شه‌ممه‌، 17ی ئۆكتۆبه‌ر، سێ گه‌نجی گوندی (شه‌وگێڕ)ی ناوچه‌ی شێخ بزێنی خواروو سه‌ربه‌ ناحیه‌ی شوان به‌ناوه‌كانی (ئارام مسته‌فا محه‌مه‌د)، ته‌مه‌ن 32 ساڵ و پێشمه‌رگه‌، (به‌ڕێز مسته‌فا محه‌مه‌د)، ته‌مه‌ن 26 ساڵ، (پێشه‌وا عه‌بدولڕه‌حمان محه‌مه‌د)، ته‌مه‌ن 23 ساڵ، له‌ گوندێكی سه‌ربه‌ ناحیه‌ی شوانی پارێزگای كه‌ركوك كوژران.

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی له‌ پارێزگای كه‌ركوك ورده‌كاریی ڕووداوه‌كه‌ی بۆ‌ تۆڕی میدیایی باڵكێش ئاشكرا كرد، وتی: “شه‌وی ڕابردوو دوو برا و ئامۆزایه‌كیان، به‌مه‌به‌ستی ڕاوه‌ گورگ له‌ماڵ چوونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌سه‌رووی گوندی توڵكی سه‌ربه‌ ناحیه‌ی شوان ته‌قه‌یان لێكراوه‌ و كوژراون.”

وتیشی: “سێ كه‌سه‌كه‌ له‌ناو ئۆتۆمبێلێكی جۆری ده‌بڵدا بوون و هه‌رسێكیان سوتاون، به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی بسوتێندرێن، له‌ دووره‌وه‌ به‌ چه‌كی جۆری ئێم فۆر و كڵاشینكۆف ته‌قه‌یان لێكراوه‌ و كوژراون، چونكه‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌یان ئاسه‌واری گوله‌ی پێوه‌یه‌ و قه‌وانی گوله‌كانیش دۆزراونه‌ته‌وه‌.”‌

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، كه‌ ته‌رمه‌كانیان به‌هۆی سوتانه‌كه‌وه‌، ناناسرێنه‌وه‌ و موبایلی دووان له‌ كوژراوه‌كانیش لای ئۆتۆمبێله‌كه‌ به‌ شكێندراوی فڕێدراون.”

باسی له‌وه‌شكرد، كه‌ تائێستا هیچ كه‌سێك له‌سه‌ر ڕووداوه‌كه‌ ده‌ستگیر نه‌كراوه‌، به‌ڵام هێزه‌كانی پۆلیس لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌باره‌ی ڕووداوه‌كه‌وه‌ و گه‌ڕانیان به‌شوێن تۆمه‌تباره‌كاندا ده‌ستپێكردووه‌.”

ھەواڵی زیاتر