قوباد تاڵه‌بانی: سوتاندنی باره‌گای پارتی له‌ به‌غدا جێگای قبوڵكردن نییه‌

كاروان كه‌لاری/ باڵكێش

له‌باره‌ی سوتاندنی باره‌گای پارتی و ئاڵای كوردستان له‌ به‌غدا، له‌لایه‌ن حه‌شدی شه‌عبییه‌وه‌، قوباد تاڵه‌بانی ڕاگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند: “هەڵكوتانە سەر بارەگای پارتی و سوتاندنی ئاڵای كوردستان جێگای قبوڵکردن نییە و هێرشە بۆسەر هەموو پیرۆزی و بارەگا کوردستانییەكان لە پایتەختی فیدراڵی عێراق.”

ده‌قی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

سوتاندنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان كە سیبمولی باڵای گەلەكەمانە و هەڵكوتانە سەر بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا بە شێوازێكی نایاسایی و ناشارستانی جێگای قبوڵکردن نییە و هێرشە بۆسەر هەموو پیرۆزی و بارەگا کوردستانییەكان لە پایتەختی فیدراڵی عێراق.

بە توندی ئیدانەی ئەم هەنگاوە دەکەم و داواش لە هێزە عێراقییە هاوپەیمان و دۆستەکانمان دەكەین لە بەغدا لەسەر ئەم بێڕێزیکردنە بێنە دەنگ كە پێشێلکردنێکی گەورەی یاسا و دەستور و سیمای فرەجۆری عێراقە و زاڵكردنی هێزی چەكە بەسەر مەنتیقی عەقڵ و دیالۆگدا و ئەمەش دەمانخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی گەورەی یەكڕیزی و یەك هەڵوێستی كورد بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەكانی سەرمان کە ئەمڕۆ گەلەکەمان لەهەموو کات زیاتر پێویستی بەیەکریزی و تەبایی هەیە.
قوباد تاڵەبانی

ھەواڵی زیاتر