باڵكێش زیانه‌كانی باره‌گا سوتێنراوه‌كه‌ی پارتی له‌ به‌غدا بڵاوده‌كاته‌وه‌

كاروان كه‌لاری/ باڵكێش

چه‌ند ڕۆژێك پێش ئێستا هۆشیار زێباری، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌ چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی (الحره‌)ی عێراق وتی: “ده‌بێت ناوچه‌ی سه‌وزی به‌غدا له‌ حه‌شدی شه‌عبی پاكبكرێته‌وه‌.”، ئه‌م قسه‌یه‌ سه‌ركرده‌كان و په‌رله‌مانتاران و لایه‌نگرانی حه‌شدی شه‌عبی تووشی كاردانه‌وه‌كرد وبه‌شێك له‌ سه‌ركرده‌كان و په‌رله‌مانناران و لایه‌نگرانی حه‌شدی شه‌عبی هه‌ڕه‌شه‌ی تۆڵه‌‌كردنه‌وه‌یان كرد و بانگه‌شه‌ی سوتاندنی باره‌گای پارتییان له‌ به‌غدا له‌ میدیاكانی خۆیان و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستپێكرد و ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، 17ی ئۆكتۆبه‌ریان ده‌ستنیشانكرد بۆ هه‌ڵوێشته‌كه‌یان، بۆیه‌ سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، هێرشیانكرده‌ سه‌ر باره‌گای لقی5ی پارتی له‌ به‌غدا سوتاندیان، دواتریش سوكایه‌تییان به‌ ئاڵای كوردستان كرد و سوتاندیان.

له‌باره‌ی هێرشه‌كه‌شه‌وه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ سه‌رۆك بارزانی و نێچیرڤان بارزانی ڕاگه‌یه‌ندراویان بڵاوكرده‌وه‌ و ئیدانه‌ی په‌لاماره‌كه‌ی سه‌ر باره‌گای پارتی و سوتاندنی ئاڵای كوردستانیان كرد و سه‌رۆك بارزانیش په‌لاماره‌كه‌ی به‌ “نامه‌ردانه‌” ناوبردووه‌ و ده‌ڵێت: “باجی ئه‌و كاره‌ نامه‌درانه‌یه‌تان ده‌ده‌ن”.

ئیسماعیل مه‌نده‌لاوی، كارگێڕی لقی 5 و به‌رپرسی ڕێكخستنه‌كانی پارتی له‌ به‌غدا به‌ تۆڕی میدیایی باڵكێشی ڕاگه‌یاند، “سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، به‌شێك له‌ لایه‌نگرانی گرووپه‌كانی (عه‌سائیبی ئه‌هلی خه‌ق) و (حیزبوڵڵای عێراقی)ی سه‌ربه‌ حه‌شدی شه‌عبی، به‌ چاوساغی سه‌ركرده‌كانیان هێرشیانكرده‌ سه‌ر باره‌گاكه‌مان و سوتاندیان، دواتر سوكایه‌تییه‌كی زۆریان به‌ ئاڵای كوردستان كرد و سوتاندیان.”

له‌باره‌ی زیانه‌كانی هێرشی سه‌ر باره‌گاكه‌یانه‌وه‌ وتی، “هێرشه‌كه‌ هیچ زیانێكی گیانی نه‌بووه‌، به‌ڵام ته‌واوی باره‌گای لقی5 سوتێنراوه‌ و زیانه‌كان به‌ 350 هه‌زار دۆلار ده‌خه‌مڵێنێت و ده‌ڵێت، پێشوه‌خت زانیاریمان هه‌بووه‌ كه‌ هێرشده‌كرێته‌ سه‌ر باره‌گاكه‌مان، بۆیه‌ ته‌واوی مه‌له‌فه‌كانی ناو باره‌گاكه‌ و كه‌لوپه‌له‌ گرنگه‌كانمان ده‌ر‌كردووه‌ و گواستوومانه‌ته‌وه‌ بۆ شوێنێكی تر و نه‌مانهێشتووه‌ بسوتێنرێن.”

ھەواڵی زیاتر