تیمی پارتی لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بە توندی وەڵامی تیمی یەکێتی دەداتەوە و دەڵێ” ئێمە هەمو هەولێکمان داوە بابەتییانە باسی رووداوەکان، وەک خؤیان بکەین و هەموو کەس تێکەڵ نەکەین، بەڵام بە پێچەوانەوە، ئێوە نەک تەنیا دەتانەوێ ڕاستيیەکان پەردەپۆش بکەن، بگرە هیچ هەڵوێستێکیشتان بەرامبەر بەو هێرشە ناڕەوایانە نەبووە، کە بەرامبەر بە موقەدەسات و پیرۆزیی نەتەوەبیمان دەکرێت و ناتوانن خۆتان لە ژێر هەژموونی تاقمێکی خۆسەپێنەر و شەڕخواز، ڕزگار بکەن”.
پەیامێک لە تیمی وەزاریی پارتی دیموکراتی کوردستان
باشتر بوو بۆ تیمی وەزاری یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، بە شێوەیەکی بابەتیانە و واقیعبینانە تەماشای گرژییەکانیان بکردبووایە . کەچی لە یادی ڕیفراندۆمی گەلەکەماندا ،کە هەموو هێزە سیاسییەکان و پەرلەمانی کوردستان بڕیاری لێی دابوو ، 93%ی خەڵکی کوردستانیش بە بەڵێ دەنگی بۆ دا ، ئامۆژگاری ئەو تاقمەیان بکردایە کە ڕەنج و ماندووبوون و خەونی میللەتەکەمانیان بە فیڕۆدا، کەچی لە ڕۆژی ڕیفراندۆمدا ، دەستیان بە هێرش کرد .
باشتر بوو ئەو کەسانەی لە جیاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بێ ئەوەی هیچ حیسابێک بۆ خودی تیمی یەکێتی لە ناو حکومەت بکەن و بریار لە جیاتی حکومەت بدەن، لە بری ئەو بێدەنگیێە دەبووا تیمی وەزاری یەکێتی ئامۆژکاریان بکەن، کە واز لە دەست تێوەردان لە کاروباری حکومەت بهێنن، لە هەمانکاتدا دەبووا تیمی یەکێتی لە حکومەت ئامۆژگاری ئەو کەسانەیان بکردبا، کە ڕۆژانە لە میدیاکانەوە هێرشی ناڕەوا بۆ سەر سەرۆکی ئەو ئەنجومەنی وەزیرانە دەکەن، کە خۆیان تیایدا ئەندامن !
ئەگەر دەتانەوێت لە ژێر فشاری ئەو کەسانەدا هەموو ڕووداوەکان وەک یەک سەیر بکەن، بێگومان دەبێ ئەو ڕاستییە بزانن، کە ڕووداوی خاکفرۆشتن و لە دەستدانی نیوەی خاکی کوردستان لە 16 ئۆکتۆبەر، زۆر جیاوازە لە 31 ی ئابی پیرۆز، کە بڕیاریوو ئەوکاتیش هەولێر و کوردستان بە دەردی ئێستای کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی تر ببەن.
مێژوو شاهیدە، کە مێژووی خاکفرۆشان و بێگانەپەرستی لە کەیەوە و لای کێ دەستی پێکردووە !.
ئێمە هەمو هەولێکمان داوە بابەتییانە باسی رووداوەکان، وەک خؤیان بکەین و هەموو کەس تێکەڵ نەکەین، بەڵام بە پێچەوانەوە، ئێوە نەک تەنیا دەتانەوێ ڕاستيیەکان پەردەپۆش بکەن، بگرە هیچ هەڵوێستێکیشتان بەرامبەر بەو هێرشە ناڕەوایانە نەبووە، کە بەرامبەر بە موقەدەسات و پیرۆزیی نەتەوەبیمان دەکرێت و ناتوانن خۆتان لە ژێر هەژموونی تاقمێکی خۆسەپێنەر و شەڕخواز، ڕزگار بکەن، کە دژی تەبایی و یەکڕیزی و ئامانجە باڵاکانی نیشتیمانە .
ناوی کەسیش لە پەیامی سەرۆکی حکومەت نەهاتووە دەربارەی خیانەتی شازدەی ئۆکتۆبەر ، بەڵام وەڵامدانەوەی تیمی وەزاری یەکێتی ، ساخکردنەوەی ئەو خیانەتەیە بە سەر ئەو تاقمەوە .
تیمی وەزاریی پارتی دیموکراتی کوردستان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان
16 ئۆکتۆبەری 2020