وته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عێراق بۆ باڵكێش: هه‌ڵبژاردن له‌كاتی خۆیدا ده‌كرێت “چونكه‌ مه‌رجه‌عیه‌ت پشتیوانیی ده‌كات”

كاروان كه‌لاری/ باڵكێش

حه‌سه‌ن جیهاد، وته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عێراق له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ باڵكێش وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێكی گرنگ ده‌داته‌وه‌، ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قی پرسیار و وه‌ڵامه‌كه‌یه‌:

باڵكێش: ئایا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراق ده‌گه‌نه‌ ڕێككه‌وتنێكی كۆنكریتی له‌باره‌ی بودجه‌ و ناردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن به‌غداوه‌؟

وته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عێراق: “به‌ڵێ له‌ئێستادا گه‌یشتوونه‌ته‌ جۆرێك له‌ ڕێككه‌وتن و له‌سه‌ر پرۆژه‌ یاسای بودجه‌ی گشتی عێراقیش ڕێككه‌وتن ده‌كه‌ن و دوای ڕێككه‌وتنه‌كه‌ش حكومه‌تی عێراق پێویسته‌ له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ بودجه‌ و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بنێرێت و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش پابه‌ندبێت به‌ ناوه‌ڕۆكی ڕێككه‌وتنه‌كه‌وه‌.”

باڵكێش:ئایا سه‌رۆككۆماری عێراق، هیچ هه‌وڵێكی داوه‌ بۆ نزیككردنه‌وه‌ی هه‌رێم و به‌غدا به‌مه‌به‌ستی ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر كۆی پرسه‌كان به‌تایبه‌ت پرسی بودجه‌ و مووچه‌؟

وته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عێراق: “به‌ڵێ سه‌رۆككۆمار هه‌وڵی زۆری داوه‌ له‌ نزیككردنه‌وه‌ی هه‌ردوولا، له‌ سه‌ردانه‌كه‌شیدا بۆ مێرگه‌پان، مسته‌فا كازمی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق له‌به‌رده‌م میدیاكاندا له‌پای هه‌وڵه‌كانی ستایشی هه‌وڵ و پشتیوانییه‌كانی سه‌رۆككۆماری كرد‌ و تائێستاش هه‌وڵه‌كانیی به‌رده‌وامن و به‌ په‌رۆشه‌ بۆ ئه‌وه‌ی زه‌مینه‌ی ڕێككه‌وتنی هه‌ردوولا له‌بارتر بكات.”

باڵكێش: له‌ئێستادا دۆخی سیاسی و سه‌ربازی و ئه‌منی عێراق چۆن ده‌بینن و به‌ره‌ و چی ئاراسته‌یه‌ك ده‌ڕوات، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌مریكا هۆشداریی داوه‌ له‌ داخستنی باڵیۆزخانه‌كه‌ی و عێراقیش له‌به‌رده‌م هه‌ڵبژاردندایه‌ و وه‌ك باسیش ده‌كرێت دۆخی داراییی باش نییه‌ و داعشیش خۆی ڕێكخستووه‌ته‌وه‌؟

وته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عێراق: “هه‌موو هه‌وڵێك ده‌درێـ بۆ پاراستنی باڵیۆزخانه‌ و نوێنه‌رایه‌تی وڵاتان و باشتركردنی دۆخی عێراق، داعشیش هێشتا ماوه‌ و ناوبه‌ناویش له‌ پارێزگاكانی سه‌ڵاحه‌دین و دیاله‌ و موسڵ كرده‌وه‌ی تیرۆریستی ئه‌نجامده‌دات، به‌ڵام له‌ئێستادا ئه‌و هێزه‌ی نییه‌ بتوانێت ده‌ست به‌سه‌ر شاره‌كاندا بگرێت، وه‌كو ئه‌وه‌ی له ‌(2014) و سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانیه‌وه‌ توانی بیكات.”

باڵكێش: بڕیاره‌ مانگی حوزه‌یرانی ساڵی داهاتوو هه‌ڵبژاردنی‌ پێشوه‌خته‌ له‌ عێراقدا به‌ڕێوه‌ بچێت، ئایا ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ له‌ واده‌ی خۆیدا ئه‌نجامده‌درێت، ئه‌گه‌ر ئه‌نجامده‌درێت، چی ئاماده‌كارییه‌ك كراوه بۆ ئه‌و پرۆسه‌یه‌‌؟

وته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عێراق: “هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ له‌ڕووی سیاسی و یاسایی و ئه‌منی و مادییه‌وه‌ ئاماده‌كاری ده‌وێت، پێویسته‌ په‌رله‌مانی عێراق (یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان) و(یاسای دادگای فیدراڵی) په‌سه‌ند بكات، چونكه‌ هه‌ردوو یاساكه‌ گرنگن و كۆمیسیۆن پێویستی به‌ یاسایه‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ و دادگای فیدراڵیش پێویستی به‌ یاسایه‌ بۆ په‌سه‌ندكردنی ده‌ره‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌، به‌ڵام پێناچێت دوابخرێت، چونكه‌ له‌لایه‌ك مه‌جه‌عیه‌ت پشتیوانیی ده‌كات، له‌لایه‌ك داواكاریی خۆپیشانده‌رانه‌، له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ لایه‌نه‌كان مه‌بده‌ئییه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردندان.”

باڵكیش: وه‌ك ده‌زانیت ‌ئێستا دۆخی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان ناجۆره‌، پرۆسه‌ی “به‌ عه‌ره‌ب”كردنی ناوچه‌ كوردییه‌كان به‌رده‌وامه‌، له‌ حاڵێكی وه‌هادا هه‌ڵبژاردن بكرێت، هاوڵاتیانی كورد و لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان چۆن بتوانن به‌شداریی تێدا بكه‌ن، چی كراوه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌، به‌تایبه‌ت سه‌رۆككۆمار چی كردووه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌؟

وته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عێراق: “سه‌رۆككۆمار له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كاندا كۆبووه‌ته‌وه‌ و وتوویه‌تی، “نابێت ئه‌و دۆخه‌ی ئێستا له‌و ناوچانه‌‌ به‌رده‌وام بێت و پێویسته‌ كۆتایی پێبهێندرێت، داوای كردووه‌ زه‌مینه‌ی له‌بار بڕه‌خسێندرێت بۆ به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردن له‌و ناوچانه‌، كه‌شێكی له‌بارو ئارام دروستبكرێت بۆ لایه‌نه‌كان و هاوڵاتیان، تاوه‌كو بتوانن ئازادانه‌ به‌شداریی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا بكه‌ن.”

ھەواڵی زیاتر