و.تەندروستی: رێکاری یاسایی دژی هێرشکارەکەی سەر پزیشکەکە دەگرینەبەر

وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەنراوێکی لەبارەی ئەو گرتە ڤیدیۆییە بڵاوکردەوە کە تێیدا دوو چەکدار دەردەکەون هێرشدەکەنە سەر نەخۆشخانەیەک و یەکێک لە چەکدارەکان لە پزیشکێک دەدات.

رووداوەکە لە شاری هەولێر ڕوویداوە و تاوەکو ئێستا هێرشکەرەکان دەستگیر نەکراون.

دەقی راگەیەنراوەکە

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی گرتەڤیدیۆیەك كە هێرش دەكرێتە سەر كارمەندێكی دەرمانخانە بە هەڵسوكەوتێكی ناشارستانی و دوور لە مرۆڤایەتی، لەسەر ڕاسپاردەی بەرێز وەزیری تەندروستی و لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتی پشكنین و بەدواداچوون و بەشی یاسایی بەدواداچوون لەم رووداوە دەكرێت و ڕێكاری یاسایی دەگرینەبەر، لێرەوە جارێكی تر جەخت دەكەینەوە و داوا لە وەزارەتی ناوخۆ دەكەین لەپێناو پاراستنی ماف و گیانی پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی و فەرمانبەرانی دامودەزگا تەندروستیەكان لە كەرتی گشتی و کەرتی تایبەت ڕێكاری یاسایی بگیرێتەبەر بۆ دووبارەنەبونەوەی ئەم جۆرە ڕەفتار و ڕووداوانە، داواش لە هاووڵاتیان دەكەین بە گیانێكی مرۆڤدوستانە مامەڵە لەگەڵ دامودەزگا تەندروستیەكان بكەن.

د. ئاسۆ حەوێزی

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی

١٥-١٠-٢٠٢٠

ھەواڵی زیاتر