به‌رپرسی یه‌كه‌می خۆبه‌خشه‌كانی خورماتوو بۆ باڵكێش ده‌دوێت

كاروان كه‌لاری/ باڵكێش

عاسی قه‌واڵی، به‌رپرسی یه‌كه‌می خۆبه‌خشه‌كانی كه‌ركوك و یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن حه‌شدی توركمانی خورماتووه‌وه‌، بڕی 50 هه‌زار دۆلار بۆ ده‌ستگیركردن، یان كوشتنی ته‌رخانكرا، دوای تێپه‌ڕبوونی سێ ساڵ و له‌ ساڵیادی ڕووداوه‌كانی شه‌وی 16ی ئۆكتۆبه‌ردا بۆ باڵكێش ده‌دوێت و ده‌ڵێت: “شه‌وی 16ی ئۆكتۆبه‌ر، به‌شێكی زۆر له‌ هێزه‌ كوردییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی ناسروشتی ده‌ستیان به‌ پاشه‌كشه‌ كرد، هیچ كه‌سێك هۆكاری پاشه‌كشه‌ی هێزه‌كانی نه‌ده‌زانی، ئێمه‌ش نزیكه‌ی 20 خۆبه‌خشێك بووین، تا كاتژمێر 4ی به‌یانی ڕۆژی 16ی ئۆكتۆبه‌ر شه‌ڕمان له‌گه‌ڵ‌ “حه‌شدی توركمانی”دا كرد كه‌ له‌ناو شاره‌كه‌دا بوون، دوای چه‌ند سه‌عاتێك شه‌ڕكردن له‌ ده‌روازه‌كانی شاره‌كه‌وه‌ هێزێكی زۆری حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراق به‌ چه‌كی قورس و جۆره‌ها پێداویستی سه‌ربازییه‌وه‌ هاتنه‌ ناو شاره‌كه‌، ئێمه‌ش ژماره‌مان زیادی كرد و چه‌ند خۆبه‌خشێكی تریش په‌یوه‌ندییان پێوه‌كردین، ئه‌وان هه‌مه‌رێك و دوو باجه‌ر و شۆفڵێكیان له‌ هێزێكی لیوای 16 سه‌ندبوو، به‌ڵام ئێمه‌ نه‌مانتوانی به‌گری زیاتر بكه‌ین، چونكه‌ ته‌قه‌مه‌نیمان پێنه‌مابوو، ناهه‌وسه‌نگییه‌كی زۆریش له‌ ژماره‌ و جۆری چه‌كه‌كانمان هه‌بوو، بۆیه‌ پاشه‌كشه‌مان كرد و هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراق گه‌یشتنه‌ ناو سه‌نته‌ری قه‌زای خورماتوو.”

عاسی قه‌واڵی ده‌ڵێت: “دوای تێپه‌ڕبوونی سێ ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و ڕووداوانه‌ ‌تائێستاش نه‌گه‌ڕاوینه‌ته‌وه‌ بۆ خورماتوو له‌ “ئاواره‌یی”دا ده‌ژین، چونكه‌ له‌لایه‌ن حه‌شدی توركمانییه‌وه‌ داواكراوین، به‌هۆكاری ئه‌وه‌ی شه‌ڕمان كردووه‌ و یاسی له‌وه‌شكرد، كه‌ كه‌سایه‌تییه‌كی دیاری ئایینی شیعه‌كان له‌ په‌یجی تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك وێنه‌یه‌كی ئه‌وی داناوه‌ و نوسیویه‌تی، “هه‌ركه‌سێك ئه‌م كه‌سه‌ بكوژێت، یان ده‌ستگیری بكات، چیتر پێویست ناكات نوێژ و حه‌ج بكات.”

ئاشكراشی كرد، “كه‌ له‌ئێستادا نزیكه‌ی 100 خۆبه‌خشن، خانووی 70 خۆبه‌خشیان ته‌قێندراوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ بریاریانداوه‌ نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ خورماتوو، تاوه‌كو پێشمه‌رگه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و ناوچانه‌ و كورد ده‌سه‌ڵاتی له‌ شاره‌كه‌دا ده‌بێت.”

سبه‌ی 16ی ئۆكتۆبه‌ر، سێ ساڵ به‌سه‌ر ڕووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ردا تێده‌په‌ڕێت، له‌و ڕووداوانه‌دا‌ كه‌ركوك و به‌شێكی زۆری ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان، له‌لایه‌ن حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراقه‌وه‌ داگیركراو هه‌زاران خێزانی ئه‌و ناوچانه‌ ئاواره‌بوون، دواتر به‌شێكیان گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ شوێنه‌كانی خۆیان و به‌شێكیشیان تائێستاش له‌ هه‌ولێر و سلێمانی و گه‌رمیاندا ده‌ژین، له‌و ڕووداوانه‌دا سه‌دان دوكان و خانووی كوردانی ئه‌و ناوچانه‌ سوتێندران و ته‌قێندرانه‌وه‌، حكومه‌تی عێراق تائێستاش قه‌ره‌بووی نه‌كردوونه‌ته‌وه‌، له‌كاتێكدا سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ بڕی 15 ملیار دیناری بۆ توركمانه‌ شیعه‌كان ته‌رخانكرد و قه‌ره‌بووی كردنه‌وه‌، به‌ڵام زه‌وی و خانووی هاوڵاتیانی كوردی ه‌و ناوچانه‌ تاوه‌كو ئێستاش له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی داگیركردندان و له‌تازه‌ترین پێشهاتیشدا هێزه‌كانی عێراق چوونه‌ته‌‌ سه‌ر گوندی په‌لكانه‌ و به‌ زۆر فۆرمیان به‌ هاوڵاتیانی ئه‌و ناوچانه‌ پڕكردووه‌ته‌وه‌‌ و داوایان كردووه‌ ناوچه‌كانیان‌ چۆڵبكه‌ن.

ھەواڵی زیاتر