دەستکرا بە هەڵمەتێکی پاککردنەوە و هۆشیاریی ژینگەیی

ئەمڕۆ یەکشەممە 2020/9/27، لە ڕۆژی جیھانی گەشتوگوزاری، فرسەت سۆفی پارێزگای ھەولێر و ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لە پارێزگای ھەولێر دەستیانکرد بە ھەڵمەتێکی پاککردنەوی و ھۆشیاری ژینگەیی، وا بڕیارە لە ھەڵمەتەکەدا 30 ھەزار دار بڕوێندرێت.

فرسەت سۆفی، پارێزگای ھەولێر لە پۆستێکی فەیسبووکدا ڕایگەیان، لەڕۆژی گەشت و گوزاری جیهانی، هاوڕێ لەگەڵ برای بەڕێزم ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشت و گوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەڵمەتێكی فراوان و سەرتاسەری پاککردنەوە و هۆشیاریی ژینگەییمان لەتەواوی سنووری پارێزگای هەولێر دەستیپێكرد.
سەرەتای هەڵمەتەکەمان لە بازاڕی میللی كورانی مەخموور دەستپێكرد، هەڵمەتەکە سەرجەم بازاڕ و شوێنە گشتییەکان و گەڕەک و کۆڵانەکانی شار و دەوروبەری شار و تەواوی قەزا و ناحییەکانی سنووری پارێزگاری هەولێر لە زبڵ و خاشاک پاکدەکرێنەوە، ئەم هەڵمەتە، هەڵمەتێکی هوشیارکردنەوەیە بۆ هاوڵاتییان بەمەبەستی پاراستنی ژینگە و خاوێنڕاگرتنی شارەکەمان، هەروەها پارێزگاریکردنە لە سەوزایی و پاراستنی دارو درخت و ڕووبارەکانی سنووری پارێزگاکەمانە، جگە لەو هەڵمەتەش لەناوەڕاستی مانگی 10ی ئەمساڵ کە وەرزی دارچاندنە هەڵمەتێکی تری گەورەی دارچاندن دەست پێدەکەین کە زیاتر لە (30) هەزار دارمان بۆی ئامادەکردووە، بۆ پاڵپشتی ئەم هەڵمەتەش داواکارین لەیەکێتی زانایانی ئاینی و پیاوانی ئاینی، بۆئەوەی ئەوانیش لەمینبەرەکانەوە لەمزگەوت، لەکڵێساکان، بەشداربن لەگەڵمان لەو هەڵمەتە و پاک و خاوێن ڕاگرتنی شارەکەمان.

ھەواڵی زیاتر