مامۆستایانی به‌شی زمانی كوردی زانكۆی ڕاپه‌رین په‌یامێكیان بڵاوكرده‌وه‌

كاروان كه‌لاری/ باڵكێش

ئەنجومەنی مامۆستایانی زمانی کوردی لە زانکۆی راپەڕین، یاداشتێکی ناڕه‌زایه‌تییان لەبارەی داخستنی بەشەکەیانەوە بڵاوکرده‌وه‌.

ئەنجومەنی مامۆستایانی زمانی کوردی لە زانکۆی راپەڕین، یاداشتێکیان بڵاوکردەوە و ده‌ڵێن: “جێی نیگەرانییه‌ لە دەڤەری ڕاپەڕین و لە بەرامبەر مۆنۆمێنتی شەهیدانی ڕاپەڕینی ٥ی ئازاری ساڵی ١٩٩١، ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆی ڕاپەڕین (سەرۆکی زانکۆ و یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و ڕاگری کۆلێژەکانی زانکۆی ڕاپەڕین)، ده‌یانه‌وێت بەبیانووی نەبوونی هەلی کار بەشی زمانی کوردی دابخەن.”

ئاماژه‌یان به‌وه‌شكردووه‌: “كه‌ بەشەکە مەرجەکانی هەر بەشێکی زانستی تێدایە و خواستی قوتابییه‌كانیشی لەسەرە و تاڕادەیەک دەستکەوتنی هەلی کاری وانەبێژی لە ناوەندەکانی خوێندنی ئەو دەڤەرەشدا بەردەستە، به‌ڵام له‌باره‌ی ئه‌م كاره‌وه‌، ئێمە وەک ئەکادیمییەکانی زمان و ئەدەبی کوردی لە بەشەکەدا، هیچ ڕا و سەرنجێکمان وەرنەگیراوە.”

ئه‌وه‌شیان خستووه‌ته‌ڕوو: “كه‌ 3 ساڵە بەناوی هەڵپەساردنەوە قوتابی بۆ ئەو بەشە نانێرن و پێشتریش لەسەر لابردنی ئەو هەڵپەساردنە و گۆڕین و گونجانی پرۆگرامی خوێندنی بەشەکە لەگەڵ سیسته‌مە نوێیەکانی خوێندنی دونیا پڕۆپۆزەڵی زانستییان داوەتە (بەڕێوەبەرایەتی دڵنیایی جۆری و ئەنجومەنی زانکۆی راپەڕێن)، بەڵام هەوڵەکانیان لەبەرچاو نەگیراوە.”

چه‌ند ڕۆژێكه‌ ده‌نگۆی داخستنی به‌شی زمانی كوردی له‌ زانكۆی ڕاپه‌ڕین بڵاوبووه‌ته‌وه‌ و نیگه‌رانی قوتابیان و مامۆستایانی به‌شه‌كه‌ و هاوڵاتیانی كوردستانی لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌.

ھەواڵی زیاتر