توركیا بۆردومانی گونده‌كانی زاخۆ ده‌كات و بنكه‌ی سه‌ربازی نوێ داده‌نێت

كاروان كه‌لاری/ باڵكێش

له‌ شه‌وی ڕابردووه‌وه‌ فڕۆكه‌كانی توركیا بۆردومانی گونده‌كانی سنوری ناحیه‌ی باتیفای سه‌ر به‌ قه‌زای زاخۆ ده‌كه‌ن و زیان به‌ر خانووی دانیشتووانی ئه‌و گوندانه‌ كه‌وتووه‌.

محه‌مه‌د موراد، به‌رپرسی لیژنه‌ ناوچه‌ی باتیفای پارتی به‌ تۆڕی میدیایی باڵكێشی ڕاگه‌یاند: “له‌ كاتژمێر 9ی شه‌وی ڕابردووه‌وه‌، فرۆكه‌كانی توركیا به‌ چڕی بۆردومانی گوندی ڕویسێ و شودن و كه‌شانی سه‌ر به‌ ناحیه‌ی باتیفای قه‌زای زاخۆ ده‌كه‌ن و به‌و هۆیه‌وه‌ زیانێكی زۆر به‌ر خانووی دانیشتووانی ئه‌و گوندانه‌ كه‌وتووه‌ و ئاگریش له‌ به‌شێكی دارستانه‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ كه‌وتووه‌ته‌وه‌.”

وتیشی: “دره‌نگانی شه‌وی ڕابردووش دوو كۆپته‌ر له‌سه‌ر چیای (كال گهور) له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی بێگۆفا به‌رامبه‌ر گوندی (گریێ بیێ)، له‌ 500 مه‌تر دووری له‌ ‌ڕێگای سه‌ره‌كی باتیفا – كانی ماسی، هێزێكی جه‌ندرمه‌یان دابه‌زاندووه‌ و له‌ئێستادا ئه‌و هێزه‌ دوو بنكه‌ی سه‌ربازییان له‌وێ داناوه‌.”

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد: “كه‌ له‌ئێستادا هه‌ردوو گوندی ڕویسێ و شودن كه‌وتوونه‌ پشتی ئه‌و دوو بنكه‌ سه‌ربازییه‌ی هێزه‌كه‌ی توركیا‌ و ڕێگای گوندی صوریا بۆ هه‌ردوو گوندی ڕویسێ و شودنیش له‌ژێر كۆنترۆڵی ئه‌و هێزه‌دایه‌.”

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، كه‌ ناوه‌ڕاستی ئه‌م مانگه‌، وه‌زاره‌تی به‌رگری توركیا كۆتایی هاتنی ئۆپه‌ڕاسیۆنه‌كه‌ی له‌ خاكی هه‌رێمی كوردستان ڕاگه‌یاند، پێشتریش چه‌ند جارێك حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی عێراق داوایان له‌و وڵاته‌ كردووه‌ هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر خاكی هه‌رێم ڕابگرێت، به‌ڵام توركیا ڕایگه‌یاندووه‌، كه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ هێرشكردنه‌‌ سه‌ر پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌).

ھەواڵی زیاتر