ئه‌و دوو كه‌سه‌ی موبایلی منداڵانیان له‌ هه‌ولێر ده‌دزی ده‌ستگیركران

كاروان كه‌لاری/ باڵكێش

بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر ڕایدەگەیەنێت: “ئەو دوو تۆمەتبارەی كه‌ لە هەولێر مۆبایلیان لە منداڵان دەدزی، دەستگیركران و دانیان بە تاوانەكەیاندا ناوه‌.”

پۆلیسی هەولێر لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك ڕایگه‌یاندووه‌: “بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان – نووسینگەی ڕۆژهەڵات، دوو كەسی بە ڕەگەز سوورییان بە ناوەكانی (ش.ع.ق) و (ح.ع.ی) بە تۆمەتی دزینی 11 مۆبایلی زیرەك دەستگیركردووه‌، كە لە چەند گەڕەكێكی جیاوازی شاری هەولێر بە ماتۆڕسكیل مۆبایلی زیرەكیان لە دەستی منداڵان ڕفاندووه‌ و لێیان دزیون.”

ئاماژە بەوەش كراوە: “كه‌ تۆمەتباران دانیان بە تاوانەكەیاندا ناوه‌، بۆیە پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ كراوه‌ته‌وه‌ و بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددە (446) لە یاسای سزادان، ڕاگیران و درانە دادگا.”

پۆلیسی هه‌ولێر، هاووڵاتیان ئاگادار دەكاتەوە، كه‌ هەر كەسێك دزیی له‌و شێوه‌یه‌ی لێ كراوە و مۆبایل لە منداڵەكانی دزراوە، بەمەبەستی تۆماركردنی سكاڵا، سەردانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان – نووسینگەی ڕۆژهەڵات بكات.

ھەواڵی زیاتر