كاروان كه‌لاری/ باڵكێش
له مانگه‌كانی سه‌ره‌تای ده‌ست به‌كاربوونیدا مسته‌فا كازمی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، واده‌ی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی له عێراق دیاری كرد و وا بڕیاره مانگی 6ی ساڵی داهاتوو، ئه‌و هه‌ڵبژاردنه به‌ڕێوه‌بچێت.
له‌سه‌ر ئه‌م پرسه مشتومڕێكی زۆر له‌نێوان لایه‌نه سیاسییه عێراقی و كوردستانییه‌كاندا دروست بووه و تائێستا هیچ ده‌ره‌نجامێكی لێنه‌كه‌وتووه‌ته‌وه و ڕێككه‌وتنیش نه‌كراوه له‌سه‌ر دیاری كردنی میكانیزم و شێوازی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه پێشوه‌خته.
له‌ئێستاشدا چه‌ندین پێشنیار و بۆچوون له‌وباره‌یه‌وه خراونه‌ته‌ڕوو، كه هه‌ندێك لایه‌ن پێشنیاریان كردووه عێراق یه‌ك بازنه بێت، هه‌ندێكی تر پێشنیاریان كرووه 18 بازنه بێت، نه‌ته‌وه‌یه‌كرگرتووه‌كانیش پێشنیاری كردووه 80 بازنه بێت، ئه‌و كه‌سایه‌تیانه‌شی كه خاوه‌نی حیزب و كوتله‌ی سیاسی نین، پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌ن كه فره‌بازنه‌یی بێت، كه له‌م شێوازه‌یاندا كوتله و حیزبی سیاسی نامێنێت و ڕاسته‌وخۆ ده‌نگ به كاندید ده‌درێت.
له‌باره‌ی ئاماده‌كاری و بۆچوون و پێسنیاری كورد له‌سه‌ر ئه‌م پرسه، تۆڕی میدیایی باڵكێش په‌یوه‌ندی به عه‌دنان كه‌ركوكی، به‌رپرسی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی كه‌ركوك گه‌رمیانی پارتییه‌وه كرد، وتی: “تائێستا میكتانیزم و شێوازی هه‌ڵبژاردنه پێشوه‌خته‌كه‌ی مانگی 6ی ساڵی داهاتووی عێراق دیاری نه‌كراوه و چه‌ندین پێشنیار و بۆچوونیش گه‌ڵاڵه كراون و له‌ئێستادا گفتوگۆ ده‌كرێن.”
وتیشی: “ئێمه پێداگری له‌سه‌ر شێوازی یه‌ك بازنه‌یی ده‌كه‌ین و پێویسته هێزه كوردستانییه‌كانی تریش پێداگری له‌سه‌ر ئه‌م شێوازه بكه‌ن، چونكه له‌م شێوازه‌دا ده‌نگه‌كانمان له ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم نافه‌وتێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر شێوازی فره بازنه‌یی جێگیر بكرێت، ئه‌وه كورد زیانی گه‌وره‌ی به‌رده‌كه‌وێت له‌و ناوچانه.”
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: “كه له ئه‌گه‌ری جێگیركردنی شێوازی فره‌بازنه‌ییدا، كورد ته‌نها یه‌ك ڕێگه‌چاره‌ی له‌به‌رده‌مدایه، ئه‌ویش ڕێككه‌وتنی لایه‌نه كوردستانییه‌كانه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر لایه‌نێك له هه‌ر بازنه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردن ده‌نگده‌ری زیاتر بوو، له‌و بازنه‌یه ته‌نها ئه‌و لایه‌نه كاندیدی هه‌بێت و لایه‌نه‌كانی تر ده‌نگێ پێبده‌ن، ئه‌گینا ده‌نگه‌كانمان ده‌فه‌وتێت.”
باسی له‌وه‌ش كرد: “كه تاوه‌كو ئێستا هیچ جۆره ڕێككه‌وتنێك له‌نێوان لایه‌نه كوردستانییه‌كان نه‌كراوه له‌سه‌ر ئه‌و پرسه و زه‌مینه‌ش نه‌ڕه‌خسێنراوه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین ڕیككه‌تن بكه‌ین و پێكه‌وه به‌ره‌و ئه‌و هه‌ڵبژاردنه بڕۆین.”
هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م پرسه یه‌كێتی و پارتی لیژنه‌یه‌كیان له هه‌ردوو ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی خۆیان دروست كردووه و چه‌ند ڕۆژێك پێش ئێستاش ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی پارتی سه‌ردانی شاری سلێمانی كرد و له‌گه‌ڵ ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی یه‌كێتی كۆبووه‌وه.
دوێنێ دوو شەممە، 21ی ئه‌یلوولیش، سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و سەرۆکی زۆرینەی هێزە سیاسییەکانی عێراق لە بەغدا کۆبوونەوە و ته‌وه‌رێكی سه‌ره‌كی كۆبوونه‌وه‌كه پرسی هه‌ڵبژاردنه پێشوه‌خته‌كه بووه و جەختیان لە پەلەکردن لە دەرکردنی یاسای هەڵبژاردنەکان و پشت بەستن بە کارتی بایۆمەتری بۆ پرۆسەی دەنگدان لە هەڵبژاردنی داهاتوو كردووه‌ته‌وه.
نوسینگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق له ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، “كه بەشداربوانی کۆبوونەوەکە کۆدەنگ بوون لەسەر ئەوەی داوا لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بکرێت هەموو ڕێکارەکان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخته دەستپێبکات و گەرەنتی ئەوەش بکات کە سەرجەم ئاوارەکان بتوانن دەنگ بدەن.”