زانیاری نوێ له‌باره‌ی كشانه‌وه‌ی یه‌كگرتوو له‌ حكومه‌تی خۆجێیی دهۆك

كاروان كه‌لاری/ باڵكێش

سەرۆکى فراکسیۆنى یەکگرتوو لە ئەنجومەنى پارێزگاى دهۆک ڕایده‌گه‌یه‌نێت، “ئەو ڕێککەوتنەى لە نێوان پارتى و یەکگرتوودا هەبوو لەبارەى پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی پارێزگاى دهۆک، هەڵوەشایەوە و یەکگرتوو بڕیاریدا لە حکومەتى خۆجێیی پارێزگاکە بکشێتەوە.

سەباح باپیری، سەرۆکى فراکسیۆنى یەکگرتوو لە ئەنجوومەنى پارێزگاى دهۆک بە تۆڕی میدیایی باڵكێشی ڕاگەیاند، ” له‌و كاته‌وه‌ی كه‌ كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێكهێنرا و یه‌كگرتوو ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆی ڕاگه‌یاند، پارتی داوای ئه‌و پۆستانه‌ ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام به‌ دیاری كراوی پێداگرییه‌كه‌یان له‌سه‌ر وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌و پۆستانه‌ له‌وكاته‌وه‌ زیاتر بووه‌ كه‌ فراكسیۆنه‌كه‌مان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان واژۆی كۆكرده‌وه‌ بۆ بانگێشت كردنی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌ت و وه‌زیره‌كان.”

ئاماژەى بەوەشکرد، “كه‌ خواستی یه‌كگرتوو به‌رده‌وام بوون و مانه‌وه‌یه‌‌ له‌ حكومه‌تی خۆجێی پارێزگای دهۆك و نوێنه‌ره‌كانیشیان له‌ حكومه‌تی خۆجێی پارێزگای دهۆك نموونه‌یه‌كی جوانیان پێشكه‌ش كردووه‌ و خزمه‌تی به‌رچاویان كردووه‌، به‌ڵام پارتی پێداگری له‌سه‌ر وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌و پۆستانه‌ ده‌كات.”

له‌وباره‌یه‌وه‌، شیمال عادل میرۆ، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای دهۆك له‌ فراكسیۆنی پارتی به‌ تۆڕی میدیایی باڵكێشی ڕاگه‌یاند: “یه‌كگرتووی ئیسلامی ئه‌و پۆستانه‌ی‌ به‌رمه‌بنای ڕێككه‌وتنێكی حیزبی وه‌رگرتووه‌ و كه‌ له‌ئێستادا ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌، ده‌بێت ئه‌و پۆستانه‌ ڕاده‌ست بكه‌نه‌وه‌ و ده‌شڵێت، ئه‌وه‌ی ده‌یكه‌ن بانگه‌شه‌ی پێشوه‌خته‌یه‌ بۆ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ پێشوه‌خته‌ی كه‌ بڕیاره‌ مانگی 6ی ساڵی داهاتوو ئه‌نجام بدرێت”

وتیشی: “هه‌ر له‌وكاته‌وه‌ی كه‌ كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێكهێنرا و یه‌كگرتووی ئیسلامی ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆی ڕاگه‌یاند، ئێمه‌ نیگه‌رانی خۆمان گه‌یاندووه‌ته‌ سه‌ركردایه‌تی پارتی و داوامان كردووه‌ ئه‌و پۆستانه‌ له‌ یه‌كگرتووی ئیسلامی وه‌ربگیرێته‌وه‌، چونكه‌ ناكرێت له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا ئۆپۆزسیۆن بن و له‌ حكومه‌تی خۆجێی دا ده‌سه‌ڵات بن.”

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: “كه‌ ئه‌وان وه‌ك فراكسیۆنی پارتی ئه‌و پۆستانه‌ به‌ مافی خۆیان ده‌زانن و پڕیده‌كه‌نه‌وه‌ و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هه‌مو ئاماده‌كارییه‌كیان كردووه‌ و به‌ یه‌ك ڕۆژ ده‌نگ به‌و كه‌سانه‌ ده‌ده‌ن كه‌ ده‌ستنیشان كراون بۆ ئه‌و پۆستانه‌.”

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: “كه‌ ئاشووریه‌كان له‌ حكومه‌تی خۆجێی پارێزگای دهۆك‌ به‌شداریی پێده‌كه‌ن و پۆستی جێگری پارێزگاری دهۆك و ژماره‌یه‌ك پۆستی تریان پێده‌ده‌ن، كه‌ تائێستا لای یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستانن.”

چاوه‌ڕوانده‌كرێت دوای وه‌رگرتنه‌وه‌ی پۆسته‌كانیان‌ له‌ حكومه‌تی خۆجێی پارێزگای دهۆك، له‌لایه‌ن پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌، په‌یوه‌ندی نیوان هه‌ردوولا ڕوو له ساردی بكه‌ن.”

یه‌كگرتووی ئێسلامی كوردستان، خاوه‌نی 3 كورسییه‌ له‌ ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای دهۆك‌، ساڵی 2016، به‌رمه‌بنای ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، 25 پۆستی له‌ پارێزگای دهۆك پێدرا، له‌وانه‌: (جێگری پارێزگاری دهۆك و سكرتێری ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا و 2 به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی و 3 به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌) و ژماره‌یه‌ك پۆستی تری پارێزگاكه‌.

ھەواڵی زیاتر