بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ فه‌رمی وه‌ڵامی مه‌لا به‌ختیاری دایه‌وه‌

دوای تێپه‌ڕبوونی چه‌ند ڕۆژێك به‌سه‌ر بڵاوبوونه‌وه‌ی كتێبی “له‌ بری بیره‌وه‌ری” مه‌لا به‌ختیار و هه‌ڵمه‌تێكی فراوانی میدیایی له‌ دژی، دواجار بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان خۆی بە فەرمی له‌ڕێگه‌ی ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كه‌وه‌ وەڵامی مەلا بەختیاری دایه‌وه‌ و دەڵێت، “مەلا بەختیار، کۆمەڵێك تۆمەت و بوختان و حیکایەتی بێ بنەمای داوەتە پاڵ نەوشیروان مستەفا، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ بزووتنەوەكەیان لەڕێگه‌ی ئەو هەموو بەڵگانەی لەبەردەستدا هەن، بە هەموو توانایەکەوە، ئەو هەوڵە ریسوا ئەکەن و بەرپەرچی ئەدەنەوە.”

بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ ڕوونكردنه‌وه‌كه‌یدا ده‌ڵێت، “خۆنەپاراستن لە بێڕێزی کردن و ناوزڕاندنی کۆمەڵێک کاراکتەری سەربازی و سیاسی میلەتەکەمان لە قۆناغەکانی ڕابردوودا، سەرەتایەکی مەترسیدارە گەر ڕووبەڕووی نەوەستینەوە.”

ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قی ڕوونكردنه‌وه‌كه‌یه‌: 


ڕوونکردنەوەیەك لە بزووتنەوەی گۆڕانەوە بۆ ڕای گشتی کوردستان
دوای بڵاوبونەوەی کتێبی (لەبری بیرەوەری) مەلا بەختیار، کە کۆمەڵێك تۆمەت و بوختان و حیکایەتی بێ بنەمای داوەتە پاڵ ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا، کە مێژوو سەلماندویەتی یەکێک بوە لە ڕابەرە هەرە دیارو کاریگەرەکانی بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی کوردستان و قەڵەمێکی بەبڕشت و ڕاستگۆی دنیای ئەدەب و فکر و رۆشنبیری  و سیاسەت بووە، لەمیدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا خەڵکی ڕاستگۆو پێشمەرگە دێرینە تێکۆشەرەکان و شاهید حاڵی ڕوداوەکان وخەڵکانی دڵسۆز و بەئەمەك، ئەم حیکایەتە ساختەی ناوەڕۆکی کتێبەکە و چاوپێکەوتنەکەی ناوبراویان لە کەناڵی روداو پێ قبوڵ نەکراو، هەر یەکە بەشێوازی تایبەتی خۆی، هەوڵی ڕاستکردنەوەیان دا

نەوشیروان مستەفا یەکێکە لە رابەر و سەرکردە گەورەکانی میلەتەکەمان و لە هەموو قۆناغەکانی ژیانیدا، خەمخۆرانەو راستگۆیانەو خۆنەویستانە، کاری بۆ ئازادی و عەدالەت و رزگاری کردوە. ئەو چ لە قۆناغی شاخدا، وەک سەرکردەیەکی کارامەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و کۆمەڵە، وەک ئەندازیار و رابەری راپەڕینی ١٩٩١، وەک پلاندانەری پرۆسەی ئاشتی و رێکەوتنەکانی نێوان دوو هێزی شەڕکەری یەکێتی و پارتی، وەک کەسایەتیەکی سەرەکی لە گفتوگۆکانی دوای راپەڕین و دوای روخانی رژێمی بەعس و نوسینەوەی دەستور و پەیکەری نوێی عێراق، وە چ لە قۆناغی دامەزراندن و بەڕێخستنی بزوتنەوەی چاکسازی و گۆڕانخوازی، بزوتنەوەی گۆڕان، هەمیشە لە خەمی بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی مەدەنی  دیموکرات و مۆدێرندا بوە لەسەر بنەماکانی عەدالەت و رێز لە مافی مرۆڤ. بۆیە وەستانەوە بە ڕوی ئەو چەواشەکاری و ناڕاستی و بوختان و حیکایەت داتاشینەی مەلا بەختیار و هاوچەشنەکانی، کە دەیانەوێت لەپاڵ باسکردنی مێژوویەکی ناڕاست و خەیاڵپڵاوانەی خۆیاندا، لە پرۆژە فکری و سیاسیە گەورەکەی بدەن و پەرێزی خۆیان لە دادگای گەل و مێژوو و ویژداندا پاکبکەنەوە، بە ئەرکی هەمو مرۆڤێکی راستگۆ و بەویژدانی ئەم نیشتمانەی ئەزانین، چونکە جورئەتکردن و نەسڵەمینەوە لە هۆنینەوەی کۆمەڵێک بوختانی بێبنەماو تەشهیرکردن بەسەرکردەیەکی دەستپاک و مێژوو پاکی وەک نەوشیروان مستەفا، وە خۆنەپاراستن لە بێڕیزی کردن و ناوزڕاندنی کۆمەڵێک کاراکتەری سەربازی و سیاسی میلەتەکەمان لە قۆناغەکانی رابردودا، سەرەتایەکی مەترسیدارە گەر روبەروی نەوەستینەوە.

ئێمە وەك بزوتنەوەی گۆڕان، وێڕای دەستخۆشی و پێزانینمان بۆ خەمخۆرانی نەوشیروان مستەفا و مێژووە پڕشانازیەکەی و خەباتی هاوسەنگەر و هاوڕێیانی، لەهەمانکاتدا رایدەگەیەنین کە بزوتنەوەی گۆڕان و هەموو گۆڕانخوازان و کەسانی دڵسۆز و راستگۆو خەمخۆری نیشتمان،  بەهەموو توانایەکەوە، ئەو هەوڵە ریسوائەکەن و بەرپەرچی ئەدەنەوە، هەم لەرێگەی خستنەروو و دەرخستنی  راستیەکان و هەمیش لە رێگای ئەو هەموو بەڵگانەی لەبەردەستدا هەن و لە ئایندەیەکی نزیکدا بڵاوئەکرێنەوە.

دواجار دەبێ ئەو راستیە بزانین، کە ئەو رقە پەنگخواردوەی مەلا بەختیار، تەنها پەیوەست نیە بە مێژووەوە، بەڵکو بەشێکە لە هەڵمەتەکانی دژ بە بزوتنەوەی چاکسازی و پرۆسەی ریفۆرم و عەدالەتخوازی. بۆیە بە ئەرکێکی سیاسی و ئەخلاقی خۆمان و هەمو دڵسۆزان و هاوڕێ و یاوەرانی کاک نەوشیروانی ئەزانین، لە دەرفەتێکی نزیکدا، کۆی چەواشەکاریەکان بۆ خەڵکی کوردستان و مێژوو رونبکەینەوەو راستی نیەتی مەلا بەختیار دەربخەین.

بزوتنەوەی گۆڕان
٢١/٩/٢٠٢٠  

ھەواڵی زیاتر