پەرلەمانی کوردستان لیژنەیەک بۆ بەدواچوون لە هۆکاری سووتاندنی دار سنەوبەرەکانی سلێمانی پێکدەهێنێت.
جەلال محەمەد، ئەندامی لیژنەی تەندروستی و ژینگە و مافی بەکاربەر لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی باڵکێشی راگەیاند، رۆژی چوارشەممەی داهاتوو لیژنەی تەندروستی و ژینگە لەبارەی سووتاندنی دار سنەوبەرەکانی سلێمانی کۆدەبێتەوە و لیژنەیەکی بەدواداچوون پێکدێنێت و سەردانی سلێمانی دەکەن، بۆ ئەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئیداری و لایەنە ئەمنیەکان و دەستەی ژینگە کۆببنەوە و هەوڵبدەن ئەنجامدەرانی ئەو کارانە بدۆزنەوە.
جەلال محەمەد وتیشی” بە زووترین کات ڕێکارێک بۆ قەرەبووکردنەوەی دارە سووتاوەکان دادەنێین و هەوڵدەدەین ژمارەیەک داری تر لەو شوێنە بڕوێنین”.
هەفتەی رابردوو ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکرایەوە کە تێیدا دەردەکەوێت بەشێک لە سنەوبەرەکانی رێگەی تاسڵوجە – سلێمانی دەسووتێن، ئەمەش دەنگدانەوەی زۆری بەدوادا هات و جگە لە شارەوانی سلێمانی، زۆربەی ئەو کەسایەتی و بەرپرسانەی قسەیان لەبارەوە کردووە دەڵێن” بە ئەنقەست و بۆ کاری بازرگانی ئەو کارە کراوە”.