کەرکووک.. پرسیار لە دەرەوەی پرۆگرام بۆ قوتابیان ھاتووەتەوە

ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌، 17ی ئه‌یلوول، قوتابیانی خوێندنی كوردی له‌ كه‌ركوك گردبوونه‌وه‌ و ڕایانگه‌یاند، “ئه‌و پرسیارانه‌ی له‌ تاقیكردنه‌وه‌ی كیمیا و زینده‌زانی دا هاتووه‌ته‌وه‌ نه‌یانخوێندووه‌ و زۆربه‌ی پرسیاره‌كان فیكری بوون و قوتابیان لێ تێناگه‌ن.”

تۆڕی میدیایی باڵكێش بۆ به‌دواچوون له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندی به‌ شێرزاد ڕه‌شید كاكه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی خوێندنی كوردییه‌وه‌ كرد له‌ كه‌ركوك، وتی: “پرسیاره‌كان له‌لایه‌ن ئێمه‌وه‌ دانانرێت، لیژنه‌ی تاقیكردنه‌وه‌كان له‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی عێراق خۆیان ساڵانه‌ په‌یوه‌ندی به‌ چه‌ند كه‌سێكه‌وه‌ ده‌كه‌ن له‌ كه‌ركوك و ده‌یانبه‌ن ڕاوێژیان پێده‌كه‌ن و پێكه‌وه‌ پرسیاری تاقیكردنه‌وه‌كانی پۆلی 12ی ئاماده‌یی داده‌نێن و ئێمه‌ نازانین ئه‌و كه‌سانه‌ كێن.”

وتیشی. “ئێمه‌ به‌دواداچوون بۆ ناڕه‌زایه‌تی قوتابیان ده‌كه‌ین و ئه‌و به‌شه‌ پرسیاره‌ی كه‌ قوتابییه‌كان ده‌ڵێن نه‌مانخوێندووه‌، ده‌یخه‌ینه‌ به‌رده‌م لیژنه‌یه‌كی پسپۆر و دواتر به‌رمه‌بنای وه‌ڵامی لیژنه‌كه‌ هه‌ڵوێست وه‌رده‌گرین و له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی تاقیكردنه‌وه‌كانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی عێراق قسه‌ ده‌كه‌ین و هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كه‌ ده‌ده‌ین، قوتابیان دڵنیاده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وان كۆتایی دێت.”

له‌باره‌ی ئه‌و قسه‌یه‌ی قوتابییه‌كانه‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێن “پرسیاره‌كان فرۆشراوه”‌، وتی: “به‌هیچ شێوه‌یه‌ك پرسیار نه‌فرۆشراوه‌ و ڕتیده‌كه‌ینه‌وه‌ كاری وا كرابێت، به‌ڵام به‌شێك له‌ مامۆستایانی قۆناغی خوێندنی 12ی ئاماده‌یی، له‌به‌رئه‌وه‌ی ساڵانه‌ ئه‌وه‌نده‌ پرسیاریان داناوه‌ و به‌راوردیان كردووه‌ له‌گه‌ڵ پرسیاری ساڵه‌كانی تر، ئه‌زموونیان وه‌رگرتووه‌ و كاتێك كه‌ به‌ قوتابییه‌ك ده‌ڵێن ئه‌و به‌شه‌ بخوێنه‌ گرنگه‌، ئه‌وانی تر ئه‌مه‌ به‌ فرشتنی پرسیاره‌كان ده‌زانن.”

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: “كه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی خوێندنی كوردی له‌ كه‌ركوك به‌رێوه‌به‌رایه‌تییه‌كی فه‌رمی و دانپیانراوه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی عێراقه‌وه‌، مووچه‌ و ئیمتیازات و هه‌موو كاروبارێكمان له‌سه‌ر وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌، ته‌نها كاروباری قوتابیان و بڕوانامه‌ و دانانی پرسیاری ساڵانه‌مان‌ له‌سه‌ر وه‌زاره‌تی په‌روه‌ر‌ده‌ی عێراقه‌.”

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی خوێندنی كوردی له‌ كه‌ركوك، 7 هه‌زار و 500 مامۆستا و هه‌زار و 400 فه‌رمانبه‌ری هه‌یه‌، قوتابیانی خوێندنی كوردی له‌ كه‌ركوك له‌ڕێگه‌ی گردبوونه‌وه‌وه‌ ناڕه‌زایه‌تی خۆیان ده‌رده‌بڕن و ده‌ڵێن، ساڵانه‌ ئه‌م كێشانه‌ دووباره‌ ده‌بنه‌وه‌ و پرسیاره‌كان له‌ڕووی داڕشتن و ڕێنووسه‌وه‌ هه‌ڵه‌ی زۆری تێدایه، به‌شێك له‌ وانه‌كانیش نه‌خوێندراون، به‌ڵام له‌ تاقیكردنه‌وه‌كاندا دانراون و بووه‌ته‌ كێشه‌ بۆقوتابیان.

ھەواڵی زیاتر