به‌شێك له‌ 112 پرۆژه‌ ڕاگیراوه‌كه‌ی گه‌رمیان به‌گه‌ڕخراونه‌ته‌وه‌

كۆرۆنا له‌ هه‌رێمی كوردستان و گه‌رمیان به‌تایبه‌تی، 112 پرۆژه‌ی به‌ ته‌واونه‌كراوی ڕاگرتووه‌.

هه‌ڤاڵ ئیبراهیم، وته‌بێژی ئیداره‌ی گه‌رمیان به‌ تۆڕی میدیایی باڵكێشی ڕاگه‌یاند: “به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ هه‌رێمی كوردستان و گه‌رمیان به‌تایبه‌ت، 112 پرۆژی ئیداره‌ی گه‌رمیان به‌ ته‌واونه‌كراوی ڕاگیرابوون كه‌ به‌شێكیان پرۆژه‌ی ستراتیژی بوون.”

وتیشی: “به‌ڵام له‌ئێستادا به‌شێك له‌و پرۆژانه‌ به‌گه‌ڕخراونه‌ته‌وه‌، وه‌ك كاركردن له‌ پرۆژه‌ی دووسایدی ڕێگای كه‌لار- سلێمانی كه‌ به‌ ڕێگای مه‌رگ ناسراوه‌ و ته‌واوكردنی پرۆژه‌ی دووسایدی كفری – كه‌لار و دروستكردنی ژماره‌یه‌ك قوتابخانه و چه‌ند پرۆژه‌یه‌كی تر.”

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه‌ به‌شێك له‌ پرۆژه‌كان زۆربه‌ی كاره‌كانیان ته‌واوبووه‌ و به‌شێكی كه‌میان ماونه‌ته‌وه‌ و ئه‌وانیش به‌ تێچوویه‌كی كه‌م ته‌واو ده‌بن.”

هاوكات ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌، 17ی ئه‌یلوولی 2020، د. جوتیارعادل، وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كدا ڕایگه‌یاندووه‌، “كه‌ بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن، لە مانگی تەمووزی ساڵی 2019، تا تەمووزی 2020، (22) پرۆژەی ڕێگاوبان بە بوودجەی (110,791,000,000) دینار جێبەجێكراون.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، كه‌ وەزارەت سەرپەرشتیی (69) پرۆژەی بەردەوامی ڕێگاوبان دەكات و بە بوودجەی (2,475,868,000,000) دینار جێبەجێ دەكرێن.

باسی له‌وه‌شكردووه‌، “كه‌ پرۆسەی كێش كردن لە وێستگەكانی كێش لە پارێزگاكانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانی گەرمیان و ڕاپەرین، به‌ بڕی (2,437,072) دۆلار جێبەجێكراون.

ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، “وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن لە هەڵمەتی خێرای چاككردنەوەی ڕێگاوبانی نێوان شارەكان لە ماوەی (70) رۆژدا، (79) پرۆژیە بە بەهای زیاتر لە (42) ملیار دینار لە هەولێر، سلێمانی و دهۆك جێبەجێ كردووه.

ھەواڵی زیاتر