حه‌شدی شه‌عبی له‌ گه‌رمیان داوای هه‌ماهه‌نگی له‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌كات

ئه‌و هێزه‌ی حه‌شدی كه‌ چه‌ند ڕۆژێك پێش ئێستا هاتنه‌ شاری خانه‌قین و چوونه‌ سه‌ر ڕه‌بیه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ سنوری سنوره‌كه‌ و داوای چۆڵكردنی سنوره‌كه‌یان له‌ پێشمه‌رگه‌ كرد، ئێستا داوای هه‌ماهه‌نكی له‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ن.

مقه‌ده‌م سیروان حه‌مه‌ ئه‌مین، فه‌رمانده‌ی فه‌وجی 1ی لیوای 3ی پیاده‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ به‌ تۆڕی میدیایی باڵكێشی ڕاگه‌یاند، “ئه‌و هێزه‌ی حه‌شدی شه‌عبی كه‌ چه‌ند ڕۆژێك پێش ئێستا هاتنه‌ شاری قه‌زای خانه‌قین و چوونه‌ سه‌ر ڕه‌بیه‌كانمان و داوای چۆڵكردنی سنوره‌كه‌یان لێده‌كردین، ئێستا هاتوون داوای هه‌ماهه‌نگیمان لێده‌كه‌ن.”

وتیشی، “داواكردنی هه‌ماهه‌نگی له‌لایه‌ن ئه‌و هێزه‌وه‌ له‌ پێشمه‌رگه‌ دوای ئه‌وه‌ دێت، كه‌ له‌سه‌ره‌تای هاتنیانه‌وه‌ تائێستا پێداگریمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردووه‌، كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناكشێینه‌وه‌ و ناوچه‌كه‌ بۆ هیچ هێزێك چۆڵناكه‌ین.”

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، “كه‌ به‌ هێزه‌كه‌ی حه‌شدی شه‌عبییان وتووه‌، ئه‌گه‌ر پێداگری له‌سه‌ر ئه‌و داوایه‌ بكه‌ن شه‌ڕ دروست ده‌بێت و ده‌شڵێت، ئاماده‌كاری ته‌واومان كردووه‌ و سه‌نگه‌ره‌كانیشمان توندوتۆڵكردووه‌ و ئه‌وانیش زانیویانه‌ ناكشێینه‌وه‌، ئێستا هاتوون داوای هه‌ماهه‌نگیمان لێده‌كه‌ن.”

ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد، “به‌شێك له‌و هیزه‌ی حه‌شدی شه‌عبی كه‌ هاتوون بۆ سنوره‌كه‌، له‌ناوخۆیاندا به‌ فارسی قسه‌ ده‌كه‌ن و هاوڵاتی ئێرانین.”

چه‌ند ڕۆژێكه‌ هێزێكی حه‌شدی شه‌عبی هاتوونه‌ته‌ سنوری میحوه‌ری گه‌رمه‌سێری هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌، هه‌فته‌ی ڕابردووش چوونه‌‌ سه‌ر چه‌ند ڕه‌بیه‌یه‌كی فه‌وجی 1و3 ی لیوای 3ی پیاده‌، كه‌ سنوری ئه‌ركیان له‌ بازگه‌ی باوه‌ محمودی خانه‌قینه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات تاوه‌كو گوندی (ده‌كه‌ی سه‌رچه‌م) له‌نزیك شاخی مرواری، كه‌ ناوچه‌یه‌كی فراوانی كوردستانییه‌ و له‌ڕووی ئه‌منی و سه‌ربازییه‌وه‌ گرنگه، ئامانجی هێزه‌كه‌ی حه‌شدی شه‌عبی كۆنترۆڵكردنی ڕێگای گوندی باوه‌ محمود بۆ گوندی (ده‌كه‌ی سه‌رچه‌م) بوو، كه‌ به‌ری چه‌پی جاده‌كه‌ حه‌شدی شه‌عبی تێدایه‌ و به‌ری ڕاستیشی پێشمه‌رگه‌ی تێدایه‌، دووریی نێوانیشیان 500 مه‌تره‌، به‌ڵام پێشمه‌رگه‌ ڕێگری له‌و هێزه‌ی حه‌شدی شه‌عبی كرد و ڕێگاكه‌ی بۆ چۆڵنه‌كردن.

ھەواڵی زیاتر