تەرمەکانی ئەندامانی ئەو خێزانە کوردەی لە بەغدا کوژران گەیەنرانەوە سلێمانی و لە مزگەوتی ئەحمەد حاجی عەلی نوێژیان لەسەر کرا و بڕیارە هەر ئەمڕۆ بەخاک بسپێردرێن.
بڕیارە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ تەرمەکان لە گردی سەیوان بەخاک بسپێردرێن.
دوو شەوی ڕابردوودا دزێک هەڵیکوتایە سەر خێزانێکی کورد لەبەغداد و هەر سێ ئەندامی خێزانەکە لەناو ماڵەکەی خۆیاندا دەکوژێت و بڕێک پارەی ماڵەکە دەبات و بۆ شاری هەولێر ڕادەکات و خۆی دەشارێتەوە، بەڵام زۆری بەسەردا تێناپەڕێت، کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی هەرێمەوە دەستگیردەکرێت و ڕادەستى هێزە ئەمنییەکانی عیراقی دەکەنەوە.
محەمەد قادر خوشکەزایی (دارا رەئووف) سەرۆک خێزانە کوردەکەی بەغدا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “دەنگۆی ئەوەی کە دەوترێت ئەندامانی ماڵی خاڵم جەستەیان شێوێندرابێت یان سەریان بڕدرابێت دورە لە راستییەوە و روداوەکە بە تەواوی پرۆسەیەکی دزیکردن بوە، تاوانبارەکەش دەڵێت بە تەنها ئەو کارەی کردوە، بەڵام دەزانین کە کارێکی ئاوا بە تەنها کەسێک ناکرێت”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “بکوژەکە کە پاسەوانی باڵیۆزخانەی روسیا بوە لە بەغدا تەنها 20 مەتر لەو شوقەیە دور بوە کە ماڵی خاڵمی تێدابوە و بەهۆی ئەوەی خاڵم کەسێکی کۆمەڵایەتی بوە لە چوار ساڵی رابردودا یەکتریان ناسیوە، رۆژی تاوانەکەش چوەتە ماڵی خاڵم و ئەوە رویداوە کە هەمولایەک ئاگادارن”.