بەشێک لە قازانجى پرۆژەکانى نیشتەجێبوونى گه‌رمیان بۆ یەکێتى نیشتیمانییە

له‌ ڕاپۆرتێكی یەکەی چاودێریی حکومەتی خۆجێی گەرمیاندا ئاشکرا كراوه‌، كه‌ به‌شێک له‌ قازانجى پڕۆژه‌کانى وه‌به‌رهێنان له‌ بوارى نیشته‌جێبوون له‌ گه‌رمیان، بۆ ئیداره‌ى گشتى یه‌كێتی ده‌چن، بەڕێوه‌بەری وەبەرهێنانی گەرمیانیش بێئاگایی خۆی لەوبارەیه‌وە پیشانداوه‌.

یەکەکە بڵاویکردووەتەوه‌، ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ی‌ که‌ مانگى ته‌مموزی ساڵی 2019 بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، له‌ بنه‌ڕه‌تدا یاداشتێکى ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندى گه‌رمیانى یه‌کێتییه،‌ که‌ بۆ مه‌کته‌بی سیاسی حزبه‌كه‌یان‌ ناردووه‌ و له‌ به‌شێکیدا ئاماژه‌یان به‌وه‌ كردووه‌، که‌ پێنج کۆمپانیا له‌ بوارى وه‌به‌رهێنان له‌ که‌رتى نیشته‌جێبوون له‌ سنوره‌که‌ ده‌ستبه‌کاربوون و 8%ى داهاته‌که‌یان ده‌ده‌نه‌ ئیداره‌ى گشتى یه‌كێتی له‌کاتێکدا، کۆمپانیا هه‌یه‌ ئاماده‌یه‌ 50%ى داهاته‌که‌ى بدات به‌و حزبه‌، ئه‌گه‌ر ڕێگه‌ى پێ بده‌ن پڕۆژه‌ى نیشته‌جێبوون ئه‌نجام بدات.

له‌میانه‌ى به‌دواداچوونى ڕاپۆرتى ژمارە 11 یەکەى چاودێریی حکومەتى خۆجێى گەرمیاندا ئه‌وه‌ش هاتووه‌، كه‌ کۆمپانیاکان هیچ ئاماژه‌یه‌کیان به‌م خاڵه‌ نه‌داوه‌ و بێئاگایی خۆیان له‌باره‌یه‌وه‌ ده‌بڕیوه‌.

به‌ڕ‌ێوه‌به‌رى وه‌به‌رهێنانى گه‌رمیان بە وەکالەت، ( مەحمود لەتیف)، له‌باره‌ى ئه‌م بابه‌ته‌وه‌ ده‌ڵێت: به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئاگاداری ئەوە نیم کە لە 8%ی داهاتی پرۆژەکان بۆ ئیدارەی گشتی یەکێتی بچێت، تاوەکو ئێستاش ئەو لایەنە هیچ فشارێکی نەکردووە، کە داوای پشك بکات و داواکاریی هەبێت لە خودی خۆم.

ھەواڵی زیاتر