ئێران: بەحرەین بووە هاوبەشی تاوانەکانی زایۆنیزم
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئیدانەی رێککەوتنەکەی بەحرەین و ئیسرائیلی کرد و رایگەیاند، رێککەوتنەکە بەحرەین دەکاتە هاوبەش لە تاوانەکانی ئیسرائیل.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند: بەرپرسانی بەحرەین ئیتر دەبنە هاوبەش لەو تاوانانەی کە ئیسرائیل دەیانکات و دەبنە هەڕەشەیەکی بەردەوام بۆسەر ئاسایشی ناوچەکە و هەروەها ئاسایشی هەموو جیهانی ئیسلامی.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە: بە ئیمزاکردنی رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل، بەحرەین بەشدار دەبێت لە دەیان ساڵ لە تووندوتیژی، سەربڕین، شەڕ، تیرۆر و رشتنی خوێنی ستەملێکراوانی فەلەستین و ناوچەکە.
شەوی رابردوو، ئیدارەی ترەمپ گەیشتنی ئیسرائیل و بەحرەین بە رێککەوتنی ئاشتی راگەیاند و ئاشکراشیکرد، رۆژی سێشەممە 15ی ئەم مانگە رێککەوتنەکە بەفەرمی واژۆدەکرێت.