له‌سه‌ر سكاڵایه‌كی قایمقامی كه‌لار ڕۆژنامه‌نووسێك ده‌ستگیر ده‌كرێت

قایمقامی کەلار، سکاڵا لەسه‌ ر ڕۆژنامەنووسێک تۆمار دەکات و بە فەرمانی دادوەر ڕادەگیرێت، ھاوکات سکاڵا لەسەر بەڕێوه‌بەری فەرمانگەیەکیش تۆمار دەکات، ھەردوو سکاڵاکەش بەھۆی ناوزڕاندنەوه‌یه‌.

ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌، 10ی ئه‌یلوولی 2020، له‌سه‌ر سكاڵایه‌كی قایمقامی كه‌لار، ڕۆژنامه‌نووس (سیروان حه‌سه‌ن) ده‌ستگیر كرا و دواتر به‌ كه‌فاله‌تی یه‌ك ملیۆن دینار ئازاد كرا، تا ڕۆژی یه‌ك شه‌ممه‌، 13ی ئه‌یلوول.

ڕۆژنامه‌نووس سیروان حه‌سه‌ن، به‌ تۆڕی میدیایی باڵكێشی وت، “ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر سكاڵایه‌كی شه‌هاب ئه‌حمه‌د، قایمقامی كه‌لار، كه‌ گوایه‌ له‌ نوسینێكدا ناوم زڕاندووه‌ و له‌ كۆمێنت دا ته‌شهیری پێكراوه‌، چوومه‌ به‌رده‌م دادگا و دوای لێوه‌رگرتنی وته‌م، له‌لایه‌ن دادوه‌ره‌وه‌ ڕاگیرام و دواتر به‌ كه‌فاله‌تی یه‌ك ملیۆن دینار ئازاد كرام، تا ڕۆژی یه‌ك شه‌ممه‌، 13ی ئه‌یلوول.”

هاوكات قایمقامی كه‌لار، هه‌ر له‌سه‌ر ناوزراندن، سکاڵایه‌كی لەسەر (دورەید سەلیم)، بەڕێوه‌بەری فەرمانگەی ژینگەی گەرمیانیش تۆمارکردووە و دادگاش بانگێشتنامەی بۆ ناردووه‌، بەڵام تا ئێستا نه‌چووه‌ته‌ به‌رده‌م دادوه‌ر.

ڕۆژنامەنووس (سیروان حەسەن)، پێشتر بەرپرسی ڕاگەیاندنی قایمقامیەتی قەزای کەلار بوو، پاشان بە بڕیاری قایمقامی کەلار (شەھاب ئەحمەد)، بڕیاری گواستنەوەی درا بۆ دیوانی شاره‌دێی ڕزگاریی سەر بە کەلار. ناوبراو پەیامنێری سایتی SNN یشه‌ لە گەرمیان.

ھەواڵی زیاتر