مه‌رزی په‌روێزخان به‌ ڕووی گه‌شتیاراندا داخرا

سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌رپرس له‌ ده‌روازه‌ی نێوده‌وڵه‌تی په‌روێزخان، به‌ تۆڕی میدیایی باڵكێشی وت، “دوای كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌كه‌، دوای چه‌ند مانگیك له‌ داخستنی به‌ ڕووی گه‌شتیاراندا، به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌، چه‌ند‌ ڕۆژێك ده‌روازه‌كه‌مان به‌ ڕووی گه‌شتیاراندا كرده‌وه‌، به‌ڵام دیسانه‌وه‌ هه‌فته‌یه‌كه‌ به بریاری وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كورستان، ده‌روازه‌كه‌ داخراوه‌ته‌وه‌.”

وتیشی، “هۆكاری بڕیاره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌رێته‌وه‌، تا ئێستا ده‌روازه‌ی نێوده‌وڵه‌تی په‌روێزخان، له‌ سیسته‌می ڕێگه‌پێدانی ئه‌لیكترۆنی وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا نییه، تاوه‌كو نه‌خرێته‌ ناو ئه‌و سیسته‌مه‌وه،‌ به‌ ڕووی گه‌شتیاراندا ناكرێته‌وه‌.”


تۆڕی میدیایی باڵكێش، سه‌ره‌ڕای دڵنیابوون له‌ ڕاستی و دروستی زانیاریی سه‌رچاوه‌كه‌ی‌، چه‌ند جارێك په‌یوه‌ندی به‌ به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌روازه‌ی نێوده‌وڵه‌تی په‌روێزخانه‌وه‌ كرد، وه‌ڵامی په‌یوه‌ندییه‌كه‌ی نه‌دایه‌وه‌.


په‌روێزخان، ده‌كه‌وێته‌ سنووری ئیداره‌ی گه‌رمیان و ده‌روازه‌یه‌كی سنوریی نێوده‌وڵه‌تیی پڕ له‌ جوڵه‌ی بازرگانی نێوان هه‌رێمی كورستان و كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌ و به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌، ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه‌ به‌ ڕووی گه‌شتیاراندا داخراوه‌، ده‌روازه‌ی په‌روێزخان، یه‌كێك له‌و ده‌روازانه‌ی هه‌رێمی كورستانه‌، كه‌ له‌ماوه‌كانی ڕابردوودا زۆرترین قسه‌ له‌باره‌ی گه‌نده‌ڵییه‌كانیه‌وه‌ كراوه‌ و به‌ڵگه‌ی له‌سه‌ر خراوه‌ته‌ڕوو‌.

ھەواڵی زیاتر