راگەیەنراوێک لە مستەفا کازمییەوە لەبارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ بارزانی

مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەردانێک لە هەرێمی کوردستانە و یەکەم چاوپێکەوتنی لەگەڵ مەسعود بارزانی بوو، کە ژمارەیەک بەرپرسی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون.

نووسینگەی راگەیاندنی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکیدا دەڵێ”دیدارەکە باسکردنی کۆی دۆخی گشتی سەر گۆڕەپانی نیشتمانی لە خۆگرت، لەگەڵ دیارترین ئەو ئاڵنگارییانەی وڵات بەخۆوەی دەبینێت. هەروەها یەکخستنی هەڵوێستەکان لەسەر ئاستی نیشتمانی، جیا لە دۆسێی هەڵبژاردنی پێشوەخت”.

ئاماژە بەوەش کراوە، کازمی لە میانی دیدارەکەدا، جەختی لە پێویستی عێراق بە چاکسازی راستەقینە کردووەتەوە، ئەوەشی خستووەتە روو کە پێویستە ئەوە ببێتە کاری نیشتمانی لەپێناو سەرخستنی وڵات بەسەر ئاڵنگارییەکانی ئێستادا. ئاماژەی بەوەداوە کە هاوئاهەنگی باڵا، لەسەر ئاستی هێزە چەکدارییەکان بەهەموو بەشەکانییەوە لەگەڵ پێشمەرگەدا، هاوکاربوو بۆ بەدیهێنانی سەرکەوتن بەسەر داعشدا. هەر ئەوەش خاکی وڵات دەپارێزێت و دەستەبەری هەلی گەشانەوە و گەشەکردن بە وڵات دەدات.

کازمی باسی لە گرنگیی کامڵبوونی هەڵویستەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد. دووپاتیکردەوە کە هەرێمی کوردستان بەشێکی سەرەکی و تەواوکەری عێراقە. دانووستان و دەستوور ئەو چەترەن کە دەستەبەری داهاتوویەکی ئارام، بۆ عێراقێکی یەکگرتوو و سەقامگیر دەکەن.

بڵاوکراوەکە دەڵێ، کازمی گوتویەتی “ئێستا هەل بەردەستە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی کاری عێراقی لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی و بەهێزکردنی پێگەی عێراق لە نێو گەلاندا”.

ھەواڵی زیاتر