سکرتێری لیژنەی باڵای چاکسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، راپۆرتی چاکسازیی سێ مانگی یەکەمی دەستپێکردنی پرۆسەکە لە کاتی خۆیدا ئامادە دەبێت و بەر لە 1.10.2020 دەدرێتە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان.
عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و سکرتێری لیژنەی باڵای چاکسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی باڵکێشی راگەیاند، راپۆرتی چاکسازیی سێ مانگی یەکەمی دەستپێکردنی پرۆسەکە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە کاتی خۆیدا ئامادە دەبێت و بەر لە 1.10.2020 دەدرێتە سەرۆکایەتی پەرلەمان کە تێیدا هەموو وردەکارییەکانی جێبەجێکردنی یاساکە لەو ماوەیەدا دەخرێتە روو و وتیشی”لە 1.7.2020ەوە کە یاسای چاکسازیی پەسەندکراوە، هیچ مامەڵەیەک لە دەرەوەی ئەو یاسایەدا نەکراوە و ناشکرێت “.
١١ی کانونی یەکەمی ٢٠١٩ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، پڕۆژە یاسای چاکسازی پەسندکرد و لە ١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠دا، یاساکە لەلایەن پەرلەمانەوە پەسند کرا. لە ٤ی شوباتی ٢٠٢٠یش، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، یاساکەی ئیمزاکرد، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لە 1.7.2020ەوە دەستی بە جێبەجێکردنی یاساکە کردووە و بڕیارە سێ مانگ جارێک راپۆرتی خۆی بداتە سەرۆکایەتی پەرلەمان.