ڕەزامەندی لەسەر ناردنی پارەی گەنمی جووتیاران دەدرێت

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە نووسراوێک داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات، پارەی گەنمی جووتیاران تەرخانبکات و سەرۆکوەزیرانیش لە وەڵامدا بڕیاری خەرجکردنی پارەکە دەدات.

د.ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی و ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی بە تۆڕی میدیایی باڵکێشی ڕاگەیاند، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان نووسراوێکی بۆ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە و داوای لێکردووە پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان خەرجبکات، سەرۆکوەزیرانیش لە وەڵامدا لایەنی پەیوەندیداری راسپاردووە بە خەرجکردنی پارەکە.

لە ناوەڕاستی مانگی ئابدا، قۆناغی یەکەمی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان خەرجکرا کە بڕی هەشت ملیار دینار بوو.

هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری بەوەکالەتی سایلۆی هەولێر ڕایگەیاند “ئەو پارەیەی لە قۆناغی یەکەم دابەشکرا، بەو جووتیارانە درا کە لە 14 و 15 و 16ی مانگی حوزەیراندا گەنمیان رادەست کردووە”.

پارەی گەنم بە گوێرەی کاتی رادەستکردنی گەنمەکە بە سایلۆکان دەدرێت. هەر جووتیارێک زووتر گەنمی رادەستی سایلۆ کردبێت زووتر پارەکە وەردەگرێت. هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیش پێکەوە دەست بە دابەشکردنی پارەی جووتیاران دەکەن.

لە پارێزگاکانی عێراق لە 20ی نیسانەوە گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان لە 10ی حوزەیران لە هەولێر و 14ی حوزەیران لە دهۆک و سلێمانی و هەڵەبجە لە سایلۆکاندا دەست بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران کرا.

ئەمساڵ عێراق 390 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت.

ھەواڵی زیاتر