له كام بازنه‌ی هه‌ڵبژاردنه پێشوه‌خته‌كه‌ی عێراق‌داین؟
ده‌ستپێك:
هه‌ڵبژاردنه پێشوه‌خته چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی عێراق كه وابڕیاره له ناوه‌ڕاستی ساڵی داهاتوودا بكرێت. چه‌ند هێندەی ئه‌وه‌ی بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كانی عێراق ده‌كرێت، ئه‌وه‌نده‌ش مه‌ترسیی هێنانه ئارای گرفتی گهورهگهروهی سیاسی و ئیداریی لێده‌كرێت. به‌شێكی په‌یوه‌ندیی به یاسای نوێی هه‌ڵبژاردنه‌وه هه‌یه كه تا راده‌یه‌كی زۆر پیشبینی دەكرێت نوێ بێت و له‌گه‌ڵ پرۆسه‌ی سیاسیی باودا له عێراق ناكۆكه و ئه‌سته‌میشه بتوانێت خاڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه بێت بۆ گرفته‌كان. ئه‌و ململانێ سیاسییه تونده‌ی له‌سه‌ر یاساكه هه‌یه، له‌سه‌ر ئه‌رزی واقعیش هه‌مان ململانێ ده‌هێنیته كایه‌وه. ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌سته‌مه بتوانێت پرۆسه‌ی سیاسی بخاته سه‌ر راسته‌ڕێیه‌ك كه هیچ نه‌بێت لایەنی كه‌می داخوازییه‌كانی شه‌قام بهێنێته دی. له‌وانه‌یه ده‌رفه‌ت نه‌بێت ته‌واوی مه‌ترسییه‌كان لێرەدا بخه‌ینه روو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی مه‌به‌سته شیكردنه‌وه‌ی ئه‌گه‌ره‌كانی دابه‌شكردنی بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن و سیسته‌می هه‌ڵبژاردنه‌كانه كه ده‌رئه‌نجامی جیاواز به‌ده‌سته‌وه ده‌دات. ئه‌و پێشنیارانه كه مه‌ترسین بۆ سه‌ر دیموگرافیای سیاسی له عێراق به‌گشتی و ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم و هه‌ندێک ناوچه‌ی تری ده‌شتی نه‌ینه‌وا كه پێكهاته ئاینییه‌كان و ئیتنیه بچووكه‌كانی لێنیشته‌جێن. ئه‌م وتاره بریتیه له شیكردنه‌وه‌ی ئه‌و مه‌ترسییانه كه سیسته‌می هه‌ڵبژاردن و بازنه پێشنیازكراوه‌كان ده‌یهێنیته گۆڕێ.
بژاره‌كانی به‌رده‌ستمان و مه‌ترسییه‌كانی:
یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانی 2019 كه له مانگی 12ی ساڵی رابردوودا په‌سند كرا به نیوه‌ناچڵی به‌جێهێڵراوه بۆ سازان و لێكتێگه‌یشتنی نێوان هێزه سیاسییه‌كان لەبارەی دابه‌شكردنی بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن له سه‌رانسه‌ری عێراقدا. ئێستا زیاد له پێشنیازێك هه‌یه بۆ دابه‌شكردنی ئه‌و بازنانه. مه‌به‌ست له هه‌موویشی بریتییه له پیاده‌كردنی دیموكراسیی زیاتر و به‌دیهێنانی دادپه‌روه‌ریی هه‌ڵبژاردن و نوێنه‌رایه‌تییه‌كی راسته‌قینه‌ی هه‌موو پێكهاته‌كانی كۆمه‌ڵگەی عێراقی كه له لیژنه‌ی یاسای په‌رله‌مان زیاد له پیشنیازێك كراوه بۆ مه‌به‌ستی دابه‌شكردنی بازنه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان. بۆ هه‌ریه‌كێك له بازنه‌كان مه‌ترسیی خۆی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه گرنگه مه‌ترسیه‌كانی چین بۆ سه‌ر كورد و كهمایهتییهكان له عێراقدا كه بریتین له: 1- بژاره‌ی یه‌كه‌م: بریتییه له دابه‌شكردنی كورسییه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌ر 100 هەزار كه‌سێك بۆ كورسییه‌ك. ئه‌م پێشنیازه ناتوانێت دادگەرییەکی هاوسه‌نگ له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا به‌دیبهێنێت. له حاله‌تێك ئه‌گه‌ر ناوچه‌یه‌ك یان قه‌زایه‌ك كه‌متربوو له‌و ژمارەیه، ناچار ده‌بێت بە ناوچه‌یه‌كی نزیك له خۆی یان قه‌زایه‌كی تری هاوسنووریەوە بلکێنرێت. ئه‌مه‌یش ده‌بێته هۆی فه‌وتانی ده‌نگێكی زۆری پێكهاته‌ی كورد له ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان. بۆ نموونه قه‌زایه‌كی وه‌ك دووز خورماتوو ژماره‌ی دانیشتووانه‌كه‌ی ناگاته ئه‌و ژماره‌یه. بێ گومان ده‌خرێته پاڵ قه‌زایه‌كی هاوسنووری كه عه‌ره‌بنشینه و ده‌نگی پێكهاته‌ی كوردیش بۆ بەربژێری عه‌ره‌بی دەڕوات. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری ناوچه كوردنشینه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی کوردستان ئاواره و پهراگهندهن و به‌هۆی رووداوه‌كانی ئۆكتۆبه‌ری 2017وه تا ئێستا نه‌چوونه‌ته‌وه ناوچه‌كانی خۆیان و به ئاواره‌یش دیاری نه‌كراون. سه‌رباری ئه‌وه‌ی بارودۆخی ئه‌و ناوچانه له رووی كارگێری و ئه‌منییه‌وه بۆ هه‌ڵبژاردن له‌بار نییه، ئه‌مه بۆ پێكهاته‌یه‌كی وه‌ك كرستیانهكانیش له سنووری ده‌شتی نه‌ینه‌وا راسته. بۆیه ئه‌سته‌مه ئه‌م پیشنیازه بتوانێت دادگەری به‌دیبهێنێت و نوێنه‌رایه‌تییه‌كی راسته‌قینه به‌دیبهێنێت. 2- بژاره‌ی دووه‌م یه‌ك بازنه‌یە له‌سه‌ر ئاستی پارێزگاكان: ئه‌میش هاوشێوه‌ی خوله‌كانی رابردوو گرفتی خۆی هه‌یه و ناتوانێت نوێنه‌رایه‌تیی ناوچه دووره‌ده‌سته‌كان بكات، به‌ڵكو بەربژێری شاره گه‌روه‌كان سه‌رده‌خات و له‌وانه‌یه هیچ ناوچه‌یه‌ك جگه له ناوەندی شاره‌كان، نوێنه‌ریان نه‌گاته په‌رله‌مان به‌تایبه‌ت پاش كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماری ئه‌ندامانی په‌رله‌مان. لەبارەی هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه له‌وانه‌یه ئه‌وه‌نده گرفتێكی گه‌وره نه‌بێت، به‌ڵام بۆ ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی کوردستان گرفتی راسته‌قینه‌ن. له پارێزگایه‌كی وه‌ك نه‌ینه‌وا ئه‌سته‌مه خه‌لكی مه‌خموور به ئاسانی له چوارچێوه‌ی یه‌ك بازنه‌ییدا لەو پارێزگایە نوێنه‌ریان بۆ په‌رله‌مان ده‌ربچێت. 3- بژاره‌ی سێیه‌م بریتییه له فره‌بازنه‌یی له‌سه‌ر ئاستی پارێزگاكان: ئه‌م پێشنیازه تا راده‌یه‌كی باش دیموكراسیتره له پیشنیازهكانی تر بۆ سیسته‌می هه‌ڵبژاردن، چونكه قه‌زا و ناحیه‌كان و ناوچه جۆراوجۆره‌كان ده‌زانن ده‌نگ به كێ ده‌ده‌ن، به‌ڵام لێره‌دا دووباره گرفتی ژماری دانیشتووانی قه‌زاكان سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه كه رێگرییه‌كی گه‌وره‌یه له به‌دیهێنانی دادگەریی هه‌ڵبژاردن. ئه‌م گرفته ته‌نیا بۆ ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی کوردستان مه‌ترسی نییه، به‌ڵكو بۆ سه‌رانسه‌ری عێراق و ناوچه سوننهنشینهكانیش هه‌مان شته. 4- بژاره‌ی چواره‌م بریتییه له یه‌ك بازنه‌یی له‌سه‌ر ئاستی وڵات: هه‌رچه‌نده ئه‌م پیشنیازه و بژاره‌یه دووره له په‌سندكردن، چونكه زۆربه‌ی هه‌ره زۆری كوتله په‌رله‌مانییه‌كان دژین، چونكه حیزبە گه‌وره‌كان ناچار ده‌كات له هه‌موو شوێنێكی وڵات بەربژێری خۆی هه‌بێت. ئه‌مه‌ش ئه‌سته‌مه بۆ حیزبی سیاسی، هه‌رچه‌نده عێراق له سه‌ره‌تاوه یه‌ك بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن بوو. واته ئه‌م دۆخه‌ی ئێستای عێراق تا راده‌یه‌ك به‌رهه‌می یه‌كبازنه‌یی هه‌ڵبژاردنه‌كان بوو. ئه‌م بژاره‌یه بۆ كورد باشتره، چونكه كه‌مترین ده‌نگی پیكهاته‌كان به فیرۆ ده‌چێت، به‌ڵام تا راده‌یه‌كی زۆر له واقعی ئێستای عێراقه‌وه دووره.
ئه‌نجام:
پێش ئه‌وه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان په‌سند بكرێت و یه‌كێك له‌و بژارانه بكرێته سیسته‌می هه‌ڵبژارد و پاشكۆكهی په‌سند بكرێت، پیویسته له‌سه‌ر سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كوردستان دوو شت بكات: یه‌كه‌میان، هه‌موو هه‌وڵێكی خۆی بخاته كار كه پێش سه‌ری ساڵ باری نائاسایی ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان یه‌كلایی بكاته و كۆتایی به‌و باره سه‌ربازییه بهێنرێت، تاوه‌كو له‌و ناوچانه‌دا ده‌رفه‌تی هه‌ڵبژاردنێكی بێگه‌رد بڕه‌خسێنرێت. پێویسته له‌سه‌ر پارتی و یه‌كێتی گرفتی پارێزگای كه‌ركووك له‌نێوان خۆیاندا و له‌گەڵ به‌غدا یه‌كلایی بكه‌نه‌وه ئینجا بچنه هه‌ڵبژاردنه‌وه. دووه‌میان، هه‌وڵی دیپلۆماسی و سیاسیی خۆیان و قورسایی خۆیان بخه‌نه كار كه له ئێستادا ده‌سكاریی بازنه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان نه‌كرێت، چونكه ده‌بێته هۆی به‌فیڕۆدانی ده‌نگێكی زۆری كورد له كه‌ركووك، نه‌ینه‌وا و ناوچه‌كانی تری ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی کوردستان.