هێزە ئەمنییەكانی عێراق، زنجیرەیەک هەڵمەتيان بە مەبەستی دەستبەسەرداگرتنی چەكی بێ مۆڵەت و دەستگیركردنی كەسانی داواكراو لە دوو ناوچەی بەغدا دەست پێكرد و هاوکات، هەمان پرۆسە لە شاری بەسرەش بەڕێوەدەچێت.
لەوبارەیەوە، شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەر بە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، كە بەم دواییانە بەشێوەیەكی مەترسیدار چەكی بێ مۆڵەت لە ناكۆكی و ململانێی خێڵەكیدا لە ناوچەكانی حوسەینییە و مەعامل رۆژهەڵاتی بەغدا بەكارهێنراون بێ ئەوەی رێز یاسا و مافەكانی مرۆڤ بگیردرێت.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، “لە پێناو سەپاندنی یاسا و پتەوتركردنی پاراستنی رەوشی ئەمنی، هێزە ئەمنییەكانی عێراق لەسەر فەرمانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی بەغدا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، زنجیرەیەک هەڵمەتيیان لە ناوچەكانی حوسەینییە و مەعامل بە ئامانجی دەست بەسەرداگرتنی چەكی بێ مۆڵەت و دەستگیركردنی كەسانی داواكراو دەستیپێكردووە”
بەپێی راگەیەندراوەكە لەم هەڵمەتانەدا، هێزەكانی دژەتیرۆر، فێرقەی نۆی زرێپۆش و هێزەكانی ناوخۆ بەشدارن.
ئەوەیش خراوەتەڕوو لە میانی هەڵمەتەكەدا، پێنج كەس دەستگیركراون كە بەپێی ماددەی چواری تیرۆر و ماددەی (٤٠٦)ی كوشتن داواكراون.
هاوکات، شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەر بە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق رایگەیاند هێزە ئەمنییەكان، هەڵمەتێكی پشكنینی فراوانیان لە سنووری پارێزگای بەسرە دەستپێكردووە.
لە راگەیەندراوێكدا شانەی ناوبراو بڵاوی كردەوە كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە هێزەكانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی بەسرە هەڵمەتێكی پشكنینی فراوانیان بە ئامانجی دەست بەسەرداگرتنی چەكی بێ مۆڵەت لە سنووری پارێزگای بەسرە دەستپێكردووە.
بەپێی راگەیەندراوەكە هێزەكانی سوپا لەگەڵ هێزەكانی پاسەوانی سنووری و پۆلیسی فریاكەوتنی بەسرە بەشداری لە هەڵمەتەكەدا دەكەن.