‎گۆڕان داواى پۆستى سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ى گه‌رمیان ده‌كات

مه‌كۆی كفری بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان، پۆستى سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ى گه‌رمیان به‌ به‌ركه‌وته‌ى حزبه‌كه‌یان ده‌زانێت و داوا ده‌كات یه‌كێتى ڕاده‌ستیان بكات

مه‌كۆی كفری بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان ڕاگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌و تیایدا ئاماژه‌ به‌وه‌ دراوه، كه‌ به‌پێی ڕێككه‌وتنى یه‌كێتى و گۆڕان، دەبوو چوار ساڵ ئیدارەی گەرمیان بەرکەوتەی بزووتنەوەی گۆڕان بێت، لەگەڵ جێگرێک و چەند پۆستێکی تر، بەڵام یەکێتی پابەندی رێکەوتنەكه‌ نه‌بووه‌.

له‌وباره‌یه‌وه‌ ڕۆڤان سه‌روه‌ت، سكرتێری مه‌كۆی كفری بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌ تۆری میدیایی باڵكێشی وت: “به‌پێی به‌ركه‌وته‌ی هه‌ڵبژاردن و ئه‌و رێككه‌وتنه‌ش كه‌ له‌نێوان گۆڕان و یه‌كێتی نیشتیمانیدا هه‌یه‌ بۆ دابه‌ش كردنی پۆسته‌كان له‌ سنوری پارێزگاكان و ئیداره‌ خۆجێییه‌كان، پۆستی ئیداره‌ی گه‌رمیان و پۆستی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی گه‌رمیان و چه‌ند پۆستێكی تریش له‌ پارێزگای سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ و ئیداره‌كانی گه‌رمیان و راپه‌رین پشكی ئێمه‌یه‌، به‌ڵام تائیستا یه‌كێتی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ی جێبه‌جێ نه‌كردووه‌و له‌م ماوه‌یه‌شدا سه‌ركردایه‌تی هه‌ردوولا دوو كۆبوونه‌وه‌یان ئه‌نجامدا بۆ ئه‌كتیڤ كردنه‌وه‌ی ڕێككه‌وتنی نێوانیان، به‌ڵام تائیستا هیچ به‌ره‌و پێشچوونێكمان به‌دی نه‌كردووه‌”

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئایا سه‌ركردایه‌تی گۆڕان ئاگاداری ئه‌م راگه‌یه‌ندراوه‌ی ئێوه‌یه‌و هه‌ڵوێستی فه‌رمی گۆرانه‌، وتی: “به‌ڵێ ئێمه‌ ئۆرگانێكی فه‌رمی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانین و به‌رپرسی مه‌كۆكه‌شمان ئه‌ندامی جڤاتی نیشتیمانی گۆرانه‌ و ئه‌م ڕاگه‌یه‌ندراوه‌ هه‌لوێستی فه‌رمی گۆرانه‌”

ده‌رباره‌ى ئه‌وه‌ى بۆچی ئێستا داواى پۆسته‌كه‌ ده‌كه‌ن و پێشتر داواتان نه‌كردووه‌، وتی: “پێشتریش داوامان كردووه‌، به‌ڵام یه‌كێتى ڕاده‌ستى نه‌كردووین و ئێستاش كه‌ سه‌رپه‌رشتیاری پێشووتری ئیداره‌كه‌ خانه‌نشین بووه‌، یه‌كێتی كادیرێكی خۆی كردووه‌ به‌ سه‌رپه‌رشتیاری ئیدراه‌ی گه‌رمیان به‌ وه‌كاله‌ت”.

ھەواڵی زیاتر