ڕێواز فایەق بۆ عەبدولستار مەجید: چەواشەکاری مەکە

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وەڵامی سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی دەداتەوە و دەڵێ” ڕێگه‌ به‌خۆم نادەم له‌ پێناو ڕازیكردنى هیچ كه‌سێك، یاداشتێكى پڕ له‌ كه‌موكوڕى یاسایی و په‌یڕه‌ویى ئاڕاسته‌ى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران بکرێت و دواتر به‌ نووسراو ئه‌و هه‌موو هه‌ڵه‌ و كه‌م و كوڕییه‌ بۆ په‌رله‌مان بگه‌ڕێنرێته‌وه‌، و وا لێكبدرێته‌وه‌ به‌ڕێزیان ئاگادارى ده‌قه‌كانى په‌یڕه‌وى ناوخۆ نین”.

عەبدولستار مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان، بە نووسراوێک داوای پرساندنی لە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کردبوو، بەڵام داواکارییەکەی رەتکرایەوە و دواتر لە فەیسبووک نووسیبووی” سەرۆکی پەرلەمان داوای لێکردووە بەڵگە بۆ ئەوە بهێنێتەوە کە حکومەت 21٪ی مووچەی فەرمانبەرانی بڕیوە”.

دەقی وەڵامەکەی ڕێواز فایەق بۆ عەبدولستار مەجید

ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ نووسینگه‌ى به‌ڕێز سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه‌

سه‌باره‌ت به‌ چه‌واشه‌كاریه‌كانی په‌رله‌مانتار (عه‌بدولستار مه‌جید) له‌ هه‌ندێك ده‌زگای ڕاگه‌یاندن و سۆشیال میدیا، گوایه‌ سه‌رۆكى په‌رله‌مان داوای لێكردوه‌ سه‌باره‌ت به‌ لێبڕینی 21%ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران به‌ڵگه‌ بهێنێته‌وه‌، ده‌مانه‌وێ به‌ڕای گشتی ڕابگه‌یه‌نین كه‌ :-

1/به‌ڕێز سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌نووسراوێك وه‌ڵامی ناوبراوی سه‌باره‌ت به‌ یاداشتی پرساندنی به‌ڕێز سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و جێگره‌كه‌ی و وه‌زیری دارایی و ئابوری داوه‌ته‌وه‌، كه‌ له‌ڕاگه‌یاندنه‌كان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ ته‌نانه‌ت به‌ ته‌له‌فۆنیش قسه‌ی له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتار (عه‌بدولستار مه‌جید) نه‌كردوه‌، شێوازی كاری ئێمه‌ فه‌رمییه‌ و به‌نووسراوه‌.

2/ناوه‌ڕۆكی نووسراوی ئاماژه‌ پێدراوی سه‌رۆكی په‌رله‌مان پاڵپشت بووه‌ به‌مادده‌كانی (68، 69، 70/ یه‌كه‌م، 74/چواره‌م و پێنجه‌م)ی په‌یڕه‌وی ناخۆی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ڕێز سه‌رۆكی په‌رله‌مان هیچ شتێكی به‌ ئیجتیهادی كه‌سی و ڕای خۆی ئاڕاسته‌ی نه‌كردوه‌.

3/ به‌ڕێز سه‌رۆكى په‌رله‌مان ڕێگه‌ به‌خۆى نادات له‌ پێناو ڕازیكردنى هیچ كه‌سێك، یاداشتێكى پڕ له‌ كه‌موكوڕى یاسایی و په‌یڕه‌ویى ئاڕاسته‌ى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران بكات و دواتر به‌ نووسراو ئه‌و هه‌موو هه‌ڵه‌و كه‌م و كوڕییه‌ بۆ په‌رله‌مان بگه‌ڕێنرێته‌وه‌، و وا لێكبدرێته‌وه‌ به‌ڕێزیان ئاگادارى ده‌قه‌كانى په‌یڕه‌وى ناوخۆ نین، بۆیه‌ هه‌رچى پێویست بێت له‌ په‌رله‌مان چاكده‌كرێته‌وه‌.

4/ له‌جیاتی ئه‌م ئیستفزازه‌ی خه‌ڵك و تاوانباركردن و په‌لامار و چه‌واشه‌كارییه‌، باشتره‌ به‌ڕێزیان جارێكی دیكه‌ له‌ سیاقی په‌یڕه‌وی ناوخۆدا یاداشته‌كه‌ی ئاماده‌ بكاته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستانیش ئه‌ركه‌ په‌یڕه‌وییه‌كانی خۆی جێبه‌جێبكات.

ھەواڵی زیاتر