وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، راگەیاندراوێكی لەبارەی دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ بڵاوكردەوە.
تێیدا هاتووە، بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتی قوتابیان و مامۆستایان، بڕیاردرا ناوەندەكانی خوێندنی سەر بە وەزارەت بە شێوازی خوێندنی ناو پۆل نەكرێتەوە.
دەقی راگەیاندراوەكە:
راگەیاندراوێك لە راگەیاندنی وەزارەتی پەروەردەوە :
ئەمڕۆ چوارشەممە ، ۲ ی ۹ ی ۲۰۲۰ ، بەڕێز وەزیری پەروەردە راپۆرتی وەزارەتی پێشكەش بە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران كرد. سەبارەت بە چۆنیەتی دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندنی ۲۰۲۰ـ ۲۰۲۱ ، كە چەندین بژارە خرانە روو ، پاش هەڵسەنگاندنی رەوشی تەندروستیی لەلایەن بەڕێز وەزیری تەندروستی، بەهۆی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا ئەنجومەنی وەزیران بریاریدا، كە ناوەندەكانی خوێندنی سەر بە وەزارەتمان بە شێوازی خوێندنی ناو پۆل نەكرێتەوە. بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتی قوتابیان و مامۆستایان و كۆی گشتی كۆمەڵگا. لەهەمان كاتدا تاوتوێی ئەوەش كرا، كە پرۆسەی خوێندن رانەگیرێت. بۆ ئەوەی ساڵی خوێندنی قوتابیان و خوێندكاران نەفەوتێت و لەكاتی دەستپێكی دەوام خوێندنی ئەلیكترۆنی و خوێندنی ئۆنلاین پەیرەو بكرێت، لە سەرجەم ناوەندەكانی وەزارەتی پەروەردە ، جگە لە قۆناغی ۱۲ ی ئامادەیی . بە هەموو لایەكی رادەگەیەنین، كە وەزارەتی پەروەردە لە نزیكترین دەرفەتدا كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەت ئەنجام دەدات، بۆ تاوتوێكردنی دەرچواندنی رێنمایی ورد بۆ جێبەجێكردنی بریاری ئەمرۆی ئەنجومەنی وەزیران كە چەندین بابەت لە خۆ دەگرێت ، لە گرنگترینیان :
۱ـ ئەنجومەنی وەزارەت بریار دەدات لەسەر دیاریكردنی ڕێكەوتی دەستپێكی ساڵی نوێ خوێندن بەشێوازی ئەلیكترۆنی و ئۆنلاین بۆ قوتابخانە و خوێندنگا و پەیمانگا حكومی و ناحكومیەكان.
۲ـ ئەنجومەنی وەزارەت بریار دەدات لەسەر دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندن بۆ قوتابیانی قۆناغی ۱۲ ی ئامادەیی ، بە هەموو بەشەكانیەوە ، لە خوێندنی حكومی و ناحكومی بە شێوازی ئامادەبوونی تەواو لە ناو پۆل بە گوێرەی ئەورێنماییانەی وەزارەتی تەندروستی دیاری دەكات پاش كۆتایی هاتنی خولی دووەمی تاقیكردنەوە گشتییەكان.
۳ـ میكانیزمی پاڵپشتیكردنی قوتابیانی قۆناغی یەكەمی بنەرەتی و چۆنیەتی ئاشناكردنیان بە ژینگەی قوتابخانە.
كۆی گشتی ئەو بابەتانەی پێویستن بۆ دەستپكی ساڵی نوێی خوێندن لە ئەنجومەنی وەزارەت ڕێنمایی پێویستیان پێدەردەچوێنرێت. رەوشی تەندروستی لە ئێستادا وا دەخوازێت كە ژیانی مامۆستایان و قوتابیان پارێزراو بێت و مەترسی لەسەر ژیانیان دروست نەكرێت و قوتابیانیش بێ خوێندن نەبن. ئەم هەنگاوەش پێویستی بە پشتیوانیكردنی هەمووانە، ئەگەر دۆخی تەندروستیش ڕێگابدات بەگەرانەوە بۆ ناو ناوەندەكانی خوێندن، لە هەركاتێكدا بە دڵنیاییەوە خوێندنی ئاسایی دەستپێدەكاتەوە .
راگەیاندنی وەزارەتی پەروەردە
۲ ی ۹ ی ۲۰۲۰