چارەنووسی وێستگە کارەباییه‌کەى گەرمیان دیار نیە

بڕیاربوو وێستگەیەکى بەرهەمهێنانى کارەبا لەم بەهارەدا له‌ گه‌رمیان بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام پرۆژەکە تائێستا چاره‌نووسی دیار نییه

له‌باره‌ی چاره‌نووسی پرۆژه‌كه‌وه‌ تۆڕی میدیایی باڵكێش، په‌یوه‌ندی به‌ به‌ڕێوه‌به‌ری كاره‌بای گه‌رمیانه‌وه كرد، وتی: “هۆكاری جێبه‌جێ نه‌كردنی پرۆژه‌كه‌ تائێستا، په‌یوه‌ندی به‌ بارودۆخی ته‌ندروستییه‌وه‌ هه‌یه‌و هه‌ركات ئه‌م بارودۆخه‌ ئاسایی بووه‌وه‌، ئه‌وه‌ كۆمپانیای جێبه‌جێكار ده‌ست به‌ كاره‌كانی ده‌كات”

وتیشی: “پرۆژه‌كه‌ له‌لایه‌ن كۆمپانیای ئه‌گریكۆی به‌ریتانییه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت و گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیراندا كردووه‌و به‌پێی گرێبه‌سته‌كه‌ش ده‌بێت كۆمپانیاكه‌ پێنج كیلۆمه‌تر له‌وغازه‌ی كه‌ له‌ كێڵگه‌ی حه‌سیره‌ به‌فیڕۆ ده‌چێت، بكێشێت بۆ وێستگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌بای گه‌رمیان و ١٦٥ مێگاوات كاره‌با دابین بكات”

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد: “كه‌ ئه‌م پرۆژه‌یه‌ ١٦٨ مێگاوات كاره‌با به‌رهه‌م ده‌هێنێت و ٨ مێگاواتی بۆ گه‌رمیانه‌، چونكه‌ سیسته‌می دابه‌ش كردنی كاره‌بای هه‌رێم مه‌ركه‌زییه‌، به‌ڵام به‌م ٨ مێگاواته‌ كاره‌بای ماڵان به‌هێز ده‌بێت و ئه‌و بڕه‌ كاره‌بایه‌ش كه‌ له‌نێوان چه‌مچه‌ماڵ و كه‌لاردا ون ده‌بێت، چاره‌سه‌رده‌بێت و هه‌لی كاریش له‌ ده‌ڤه‌ره‌كه‌دا ده‌ڕه‌خسێنێت و له‌ڕووی ژینگه‌ییشه‌وه‌ ئه‌و غازه‌ی كه‌ پێشتر‌ به‌فیڕۆ ده‌چوو و ژینگه‌ی گه‌رمیانی پیس ده‌كرد، چیتر به‌فیڕۆناچێت و ‌ژینگه‌ی گه‌رمیان پیس ناكات”

وەزارەتى کارەبا لە سەرەتاى ئەمساڵدا، ئەنجامدانى پرۆژەیەکى وێستگەى بەرهەمهێنانى کارەبای لە گەرمیان ڕاگەیاند، کە پرۆژەکە پشت دەبەستێت بەو گازەى کە لە کێڵگەى نەوتى حەسیرە دەردەهێنرێت و له‌ئێستادا بە فیڕۆ ده‌چێت و دەسووتێت، بەشێوەیەک ئەو گازە دەدرێتە كۆمپانیای ئه‌گریكۆی به‌ریتانی کە تواناى به‌رهه‌مهێنانی (١٦٥) مێگاوات کارەبای هەیە. پرۆژەکە ئەگەرچی بڕیار بوو ئەم بەهارە جێبه‌جێ بكرێت، بەڵام تائێستا دواکەوتووه‌و جێبه‌جێ نه‌كراوه‌.

ھەواڵی زیاتر