سبەینێ حکومەت پرسی دەستپێکردنەوەی خوێندن یەکلایی دەکاتەوە

بڕیارە سبەینێ چوارشەممە 2020/9/1 حکومەتی هەرێم کۆببێتەوە و وادەی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن دیاری بکات.

سەرتیپ خاڵس بەڕێوبەری گشتیی خوێندنی باڵا، لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاندوە، ئەمڕۆ دەوامی فەرمیی ساڵی نوێی خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگاكان دەستیپێكرد و چەند پێشنیازێکیان داوەتە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ چۆنیەتیی دەستپێكردنی وانەكان لە ھەموو زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێمی کوردستاندا.
ئاماژەی بەوەشکرا کە سبەینێ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و پێشنیاز و ڕاسپاردەکانیان تاوتوێ دەکرێن و دواتر بڕیاری پێویست لەبارەیانەوە دەدرێت.

پێشتریش، وەزارەتی خوێندنی باڵا پێشنیازیکرد، خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگاکان لە نێوان ڕۆژی 20ی ئەیلول بۆ چواری تشرینی یەکەم دەستپێبکاتەوە و بەشێک لە وانە تیۆرییەکان بە ئۆنلاین و وانە پراکتیکییەکانیش لە هۆڵەکانی خوێندندا ئەنجام بدرێن، هاوکات چەند پێشنیازێکیش لەلایەن یەکێتی مامۆستایان و بەشێک لە شارەزایانی پەروەردەوە کراوە بۆ دیاریکردنی میکانیزمی دەستپێکردنەوەی خوێندن لە خوێندنگەکاندا.
لە کۆتایی مانگی شوباتی ڕابردوودا، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە خوێندن لە هەرێمی کوردستان ڕاگیرا، دواتریش تەنها خوێندکارانی قۆناغی 12ی ئامادەیی تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵیان ئەنجامدا، خوێندکارانی قۆناغەکانی دیکەش نمرەی وەرزی یەکەمیان بۆ هەژمارکرا.

ھەواڵی زیاتر