ئێران هێرشی مووشەکی و درۆنیی کردە سەر هەرێمی کوردستان، بەهۆی هێرشەکانەوە 9 پێشمەرگە شەهیدبوون.
کاتژمێر شەشی بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 17-07-2026، هێرشکرایە سەر کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە بنکەی ئەو حیزبە لە زڕگوێزەڵەی سەر بە ناحیەی تانجەڕۆ لە سنووری پارێزگای سلێمانی.
بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، 9 پێشمەرگە بە ناوەکانی “فەرهاد قەمەری، سرووش نەسری، سینا سەفەری، یاسین کیانپوور، ئەحمەد مەحموودی، ڕەزا سادقی، کەسرا ڕەحمان نژاد، سیاوان نیکیخا، زەکەریا فەقێ حەسەن ئاقا” شەهید بوون، زیاتر لە دوو پێشمەرگەش بریندار بوون.
زۆربەی ئەو شەهیدانە، گەنجانی تازە تێکەڵبوو بە ڕیزەکانی کۆمەڵەن، لە چەند ڕۆژ یان هەفتەی ڕابردوودا هاتوونەتە ناو ئەو حیزبە.
بەپێی ڕاگەیێنراوی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، شوێنی کەوتنی مووشەکەکان بەم شێوەیە بوون: چوار مووشەک گوندی زڕگوێزەڵەیان کردووەتە ئامانج، یەک مووشەک لە گوندی قسرد کەوتووە، دوو مووشەکی دیکە نزیک گردی کوپانییان لە قەرەداغ کردووەتە ئامانج.
هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 17-07-2026، ئاسمانی شاری هەولێر جارێکی دیکە ڕووبەڕووی هێرشێکی چڕی درۆنی بووەوە.
دژەتیرۆری هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، لە کاتژمێر 4:19ـی بەرەبەیان تاوەکو کاتژمێر 5:25ـی بەیانی، هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە ئاسمانی هەولێر، توانیویانە هەشت درۆنی بۆمبڕێژکراوی دیکە تێکبشکێنن و بخەنە خوارەوە.
هەر لە نیوەڕۆی هەینیدا، هێرشێکی مووشەکی کرایە سەر بارەگایەکی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سنووری شارەدێی سوورداشی سەر بە پارێزگای سلێمانی و دوو کەس بریندار بوون.
لە کاتژمێر دەوروبەری 8:30ـی شەوی هەینی 17-07-2026، لە چەند خولەکێکدا پێنج هێرش کرایە سەر تاسڵوجەی سلێمانی، ئەو شوێنەی هێرشەکانی کراوەتەسەر دوو کۆگای چەک و تەقەمەنی لێیە، دانەیەکیان گەورە و ئەوی دیکەیان بچووکە، سەرەتا کۆگا گەورەکە تەقیوەتەوە، دواتر کۆگا بچووکەکەی گرتەوە و ئەویش تەقیوەتەوە، داوا لە دانیشتووانی ناوچەکە کرا بەهۆی مەترسییەوە ماڵەکانیان چۆڵ بکەن.
هەر بەهۆی هێرشەکانەوە، زیاتر لە هەشت کەس بریندار بوون، برینی بەشێکیان بەهۆی سووتانەوە بووە. ئەو شوێنەی کراوەتە ئامانج، نزیکە لە شوێنی نیشەجێبوونەوە و ژمارەیەک باخی هاووڵاتیانی لێیە و بەشێکیان زیانیان بەرکەوتووە.
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، سەرکۆنەی هێرشەکان بۆ شاری سلێمانی و کوردستان دەکەین، دووپاتی دەکەینەوە هەرێمی کوردستان و حکومەتی خۆجێی سلێمانی، بێلایەنانە و بەرپرسیارانە؛ بەشێک نین لەم جەنگەی بەرۆکی ناوچەکەی گرتووە.
کاتژمێر 10:00ـی شەوی هەینی 17-07-2026، نزیکەی پێنج هێرشی درۆنی دیکە کرانە سەر هەولێر، سەرجەمیان لە لەلایەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی هاوپەیمانانەوە تێکشکێنران و هیچ زیانێکی گیانیان نەبووە.
هەمان شەو دوو درۆن لە ئاسمانی هەریر لە سەر چیای بەنی هەریر تێکشکێندراون.
لە ماوەی 48 کاتژمێری ڕابردوودا، نزیکەی 20 درۆن لە ئاسمانی هەولێر تێکشکێندراون.
وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختی کردەوە لەوەی هێرشەکە پێشێلکاریی زەق و ئاشکرای سەرەوەریی عێراق و هەرێمی کوردستان و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیرییان.
وەزارەتی دەرەوەی قەتەریش جەختی لەسەر پێویستی دوورخستنەوەی ناوچەکە لە لێکەوتەکانی ئەم جۆرە هێرشە بێ پاساوانە کردەوە. هاوکات داوای بەردەوامبوون لەسەر ڕێڕەوی گفتوگۆ و دیپلۆماسی و کەمکردنەوەی گرژییەکان کرد، بە شێوازێک کە هاوکار بێت لە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لەسەر هەردوو ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا.
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر پشتیوانی تەواوی وڵاتەکەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە، پشتگیریی خۆی بۆ سەرجەم ئەو ڕێکارانە ڕاگەیاند کە هەردوو لایەن دەیگرنەبەر لە پێناو پاراستنی سەروەری و ئاسایشی خاکەکەیاندا.
لە کاتژمێر 11:19ـی شەوی هەینی 17-07-2026، تۆم باراک لە ئێکس تویتێکی کرد و وێنەیەکی لەگەڵ بەیان سامی عەبدولرەحمان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە ڕۆڵێکی گرنگ لە پێشخستنی سەقامگیری و ئاشتی و خۆشگوزەرانی لە سەرانسەری عێراق و ناوچەکەدا.