لە ئەنجامی دوو تەقینەوە لە سووریا 18 کەس بریندار بوون
دوو بۆمبی چێندراو لە دیمەشق تەقینەوە و بەهۆیەوە 18 کەس بریندار بوون، تەقینەوەکانیش لە نزیک شوێنی مانەوەی سەرۆکی فەڕەنسا بوون، کە لە دووشەممەوە چووەتە سووریا.
وەزارەتی ناوخۆی سووریا: بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دوو بۆمبی چێندراویان لە نزیک باڵەخانەی وەزارەتی گەشتوگوزار دۆزیوەتەوە و لە کاتی پرۆسەی پووچەڵکردنەوەیاندا؛ تەقیونەتەوە. هەردوو بۆمبەکە بە شێوەیەکی سەرەتایی دروست کرابوون، یەکەمیان لە نێو ئۆتۆمبێلێکدا لە قەراخ رێگەیەک دانرابوو و دووەمیشیان لە نێو تەنەکەی خۆڵدا بووە.
شوێنی تەقینەوەکە دەکەوێتە دەرەوەی ئەو پشتێنە ئەمنییەی بۆ شوێنی مانەوەی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا دیاری کراوە، بۆیە هیچ هەڕەشەیەکی راستەوخۆی دروست نەکردووە.
وەزارەتی ناوخۆ پشتڕاستیشی کردووەتەوە، بەهۆی ئەو دوو تەقینەوەیەی نزیک وەزارەتی گەشتوگوزار لە دیمەشقی پایتەخت 18 کەس بریندار بوون، لە نێویاندا چوار پۆلیس هەن.
لە لایەکی دیکەوە کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا (ئێلیزێ) لە راگەیەنراوێکدا جەختی کردووەتەوە، ماکرۆن و شاندی یاوەری سەلامەتن و کاتی بەجێهێشتنی شوێنی مانەوەیان، گوێیان لە هیچ تەقینەوەیەک نەبووە.
هەردوو بۆمبەکە بە شێوەیەکی سەرەتایی دروست کرابوون، یەکەمیان لە نێو ئۆتۆمبێلێکدا لە قەراخ رێگەیەک دانرابوو و دووەمیشیان لە نێو تەنەکەی خۆڵدا بووە.