دوو بوومەلەرزە بە گوڕی 7.2 و 7.5 پلە بەپێی پێوەری رێختەر، ڤەنزوێلای هەژاند و بەهۆیەوە سەدان کەس بوونە قوربانی و زیانێکی زۆریش بە ژێرخانی وڵاتەکە گەیشت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، دەسەڵاتدارانی ڤێنێزوێلا باری نائاسایییان لە سەرتاسەری وڵاتدا راگەیاند، دوای ئەوەی دوو بوومەلەرزەی بەهێز چەند ناوچەیەکی وڵاتەکەی هەژاند و بەهۆیەوە سەدان کەس بوونە قوربانی و زیانێکی زۆریش بە ژێرخانی وڵاتەکە گەیشت.
دێلسی رۆدریگێز، سەرۆکی ڤێنێزوێلا بەوەکالەت، بۆ گەلی وڵاتەکەی رایگەیاند “تا ئەم ساتە زانیارییەکان ئاماژە بە گیانلەدەستدانی لانی کەم 32 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 700 کەسی دیکە دەکەن.” ئاماژەی بەوەش کرد، هێشتا ئاماری وردی ویلایەتی “لا گوایرا”یان بەدەست نەگەیشتووە کە دەکەوێتە نزیك کاراکاسی پایتەخت و بە زیانلێکەوتووترین ناوچە دادەنرێت.
بەگوێرەی دەستەی رووپێوی جیۆلۆجی ئەمریکا، دوو بوومەلەرزە بە گوڕی 7.2 و 7.5 پلە بەپێی پێوەری رێختەر، لە کەناراوە باکوورییەکانی ڤێنێزوێلا و بە جیاوازی کەمتر لە خولەکێک روویانداوە، کە ئەمەش بە دیاردەی “بوومەلەرزەی دووانە” ناوزەند دەکرێت.
بوومەلەرزەکە زیانی گەورەی بە کاراکاسی پایتەخت گەیاندووە، چەندین باڵەخانە رووخاون و درز کەوتووەتە نێو ژێرخانی شارەکە، بەهۆی زیانگەیشتن بە دامەزراوەکانیشی، حکوومەت بڕیاری دا فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی “مایکێتیا” کە فڕۆکەخانەی سەرەکیی وڵاتە دابخات، وەک رێکارێکی خۆپارێزی بۆ رێگری لە تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوە، دەسەڵاتداران هێڵەکانی گازی سروشتییان لە ناوچە زیانلێکەوتووەکان بڕیوە و فەرمانی چۆڵکردنی بەپەلەیان بۆ ئەو باڵەخانانە دەرکردووە کە مەترسی رووخانیان لەسەرە..