بۆ تۆمارکردنی ناوەکانیان و وەرگرتنی کارتی بانکی, پڕۆژەی “هەژماری من” دوا مۆڵەتی بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان راگەیاند، بەپێچەوانەوە لەلایەن بەغداوە مووچەکانیان رادەگیرێت.
پڕۆژەی “هەژماری من”: لە دوایین کۆبوونەوەی نێوان شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق بڕیار دراوە ماوەی سێ مانگ دابنرێت بۆ تەواوکردنی هەموو رێکارەکانی تۆمارکردنی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەکەدا.
ئاماژە بەوە دراوە، “بەپێی بڕیارێکی حکوومەتی عێراق، هەر فەرمانبەرێکی هەرێمی کوردستان تاوەکو 31ـی ئابی 2026 تۆمار نەکرابێت و کارتی بانکییەکەی لە رێگەی پڕۆژەکەوە وەرنەگرتبێتەوە، ئەوا مافە داراییەکان و مووچەکەی لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە رادەگیرێت”
سەبارەت بە رێژەی بەشداربووان، ئامارە نوێیەکانی پڕۆژەکە دەریدەخەن تاوەکو ئێستا 96%ـی مووچەخۆرانی کەرتی گشتی لە سەرتاسەری کوردستان ناوی خۆیان تۆمار کردووە. لەسەر ئاستی پارێزگاکانیش، هەولێر و دهۆک بە رێژەی 99% لە پێشەنگدان، پاشان پارێزگای هەڵەبجە بە رێژەی 93% و پارێزگای سلێمانیش بە رێژەی 92% دێن.
هەر لە راگەیەنراوەکەدا داوا لە مووچەخۆران کراوە چاودێریی مۆبایلەکانیان بکەن، چونکە پڕۆژەی هەژماری من لە رێگەی ئەپلیکەیشنەکانی واتسئاپ و ڤایبەر، یانیش لەرێگەی کورتەنامەوە ئاگاداریان دەکاتەوە لە ئامادەبوونی کارتەکانیان بۆ ئەوەی بچن لە بانکێکی دیاریکراو وەریبگرنەوە.