پێنتاگۆن هۆشداری لە کاری سیخوڕیی ئیسرائیل دەدات

لە کاتێکدا گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوامییان هەیە، دزەکردنی ڕاپۆرتێکی هەواڵگریی ئەمریکی پەردە لەسەر قەیرانێکی بێدەنگ بەڵام قووڵ لە نێوان واشنتن و تەلئەڤیڤ لادەبات.

بەگوێری زانیارییەکانی کەناڵی ئێن بی سی نیوزی ئەمریکی، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) ئاستی مەترسیی دژەهەواڵگری لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ پلەی “هەستیار” بەرزکردووەتەوە، ئەمەش بەهۆی زیادبوونی چالاکییە سیخوڕییەکانی ئەو وڵاتە لەسەر بەرپرسانی باڵای واشنتن.

ئامانجی تەلئەڤیڤ و ڕێوشوێنە نوێیەکانی پێنتاگۆن

ئاژانسی هەواڵگریی بەرگریی ئەمریکا لە هەڵسەنگاندنێکی نوێی حەوت لاپەڕەییدا ئاشکرای کردووە، ئیسرائیل توانایەکی سەرنجڕاکێشی لە سیخوڕیی مرۆیی و تەکنیکیدا نیشانداوە، بە جۆرێک کە ئامانجی سەرەکیی تەلئەڤیڤ لەم چاودێریکردنە بریتییە لە بەدەستهێنانی زانیاری لەسەر بڕیارە نهێنییەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە جەنگی ئێران و ململانێکانی ناوچەکە.

بەهۆی ئەم مەترسییانەوە، پێنتاگۆن بە فەرمی داوای لە بەرپرسانی ئەمریکا کردووە لە کاتی سەردانیکردنیان بۆ ئیسرائیل مۆبایلی کاتی بەکاربهێنن و لە ناو ژووری هۆتێلەکانیاندا بە وریاییەکی زۆرەوە بدوێن، چونکە ئەگەری گوێگرتن لەلایەن دەزگا هەواڵگرییەکانی تەلئەڤیڤەوە لە ئارادایە.

کێشەی نێوان ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر دۆسیەی ئێران

ئەم پەرەسەندنە هەواڵگرییە هاوکاتە لەگەڵ ساردبوونی بەرچاوی پەیوەندییەکانی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل. چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرایان کردووە، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی توندی ڕۆژانی ڕابردوودا، ترەمپ بە نەتەنیاهووی گوتووە “شێت”، ئەمەش بەهۆی جیاوازیی قووڵی دیدگای هەردوولا لەسەر چۆنیەتی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران. لە کاتێکدا ترەمپ بەدوای دۆزینەوەی دەرچەیەکی دیپلۆماسی و ڕێککەوتندایە لەگەڵ تاران، نەتەنیاهوو پێداگری لەسەر دەستپێکردنەوەی بۆردوومانەکان دەکات و دژی هەر جۆرە ڕێککەوتنێکە کە ئێران پابەند نەکات.

کاردانەوەی فەرمی واشنتن و تەلئەڤیڤ بەرامبەر ڕاپۆرتەکە

لە بەرامبەر ئەم ڕاپۆرتەدا، گوتەبێژی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە واشنتن هەواڵەکەی بە تەواوی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، ئەمە سەرلەبەری درۆیە و ئیسرائیل هەرگیز سیخوڕی بەسەر دامەزراوە و بەرپرسانی ئەمریکاوە ناکات، بەڵکو هەوڵە هەواڵگرییەکانی ئەوان تەنیا دژی دوژمنەکانیانە نەک هاوپەیمانەکانیان. هاوکات بەرپرسێکی کۆشکی سپی پاڵپشتیی ئەم ڕەتکردنەوەیەی کرد و ئاماژەی بەوە دا کە چیرۆکەکە دوورە لە ڕاستییەوە و لە سەرچاوەیەکەوە وەرگیراوە کە زانیاریی وردی نییە.

پاشەکشەی متمانە لە نێوان دوو هاوپەیمانە مێژووییەکەدا

سەرەڕای ئەم ڕەتکردنەوانە و بەردەوامیی هاوئاهەنگییە ڕۆژانەکانی نێوان هەردوو وڵات لە جەنگی ئێراندا، بەڵام چاودێران پێیان وایە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشداری لە لایەن پێنتاگۆنەوە، نیشانەی درزێکی قووڵ و کەمبوونەوەی متمانەی نێوان ئەم دوو هاوپەیمانە مێژووییەیە لە قۆناغێکی ئاوها هەستیاردا.

ھەواڵی زیاتر