مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا تیشکی خستە سەر چەند پرسێکی گرنگی پەیوەندیدار بە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، پرسی مووچە، ئابووری و دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان.
سەرۆکوەزیران ڕایگەیاند، سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا تەنیا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان نەبووە، بەڵکو مەبەست لێی چارەسەکردنی بنەڕەتیی کێشەکانە. ئاماژەی بەوەش کرد کە هەرێمی کوردستان هەوڵی داوە هاوکاریی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق بکات بۆ بەڕێوەبردنی سەرکەوتووانەی وڵات.
سەبارەت بە دۆسیەی وزە، مەسرور بارزانی وتی: کارمان کردووە هەماهەنگیی نێوانمان زیاتر بکەین لە بواری گواستنەوەی وزە لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق.
سەرۆکوەزیران ئاشکرای کرد، کە پێشتر هەوڵێکی جدی هەبووە بۆ لاوازکردنی ئابووریی هەرێمی کوردستان، بەڵام ئێستا دەیانەوێت هەموو بابەتەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکەن. لەسەر پرسی شایستە داراییەکانیش وتی: بەڵێنمان لە سەرۆکوەزیرانی عێراق وەرگرتووە کە بابەتی مووچە تێکەڵ بە گرفتەکانی نێوانمان نەکرێت، تەنانەت بەڵێنیان داوە کە گرفتە کارگێڕییەکانیش نەبنە ڕێگر لە ناردنی مووچەی خەڵکی کوردستان.
مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، بۆ پرسی پەیڕەوکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا (ASYCUDA) لە دەروازە سنوورییەکان، لەسەر ئاستی باڵا کۆبوونەوەکان بەردەوامن و شاندێکی هەرێمیش سەردانی بەغدا دەکاتەوە.
سەرۆکوەزیران پاڵپشتیی خۆی بۆ پەیامەکەی سەرۆک بارزانی وەک مەرجەعی باڵای کوردستان نیشان دا و جەختی کردەوە کە پێویستە چەقبەستوویی سیاسیی ئێستای هەرێمی کوردستان کۆتایی بێت. داواشی کرد لێدوان و قسەی نابەرپرسانەی هەندێک کەس و لایەن ڕابگیرێت و لایەنەکان ئاقڵانەتر هەنگاو بنێن، هەرچەندە ئاماژەی بەوەش کرد کە تا ئێستا هیچ وادەیەک بۆ کۆبوونەوەی لایەنەکان دیاری نەکراوە.
مەسرور بارزانی هانی لایەنەکان و پەرلەمانتارانی دا بۆ گەڕانەوە بۆ هۆڵی پەرلەمان و ڕایگەیاند: من لەگەڵ ئەوەدام دەرگای پەرلەمانی کوردستان بکرێتەوە، چونکە پەرلەمان موڵکی هیچ حیزبێکی سیاسی نییە، بەڵکو هی دەنگی دەنگدەرانی کوردستانە. دەبێت نوێنەران لەگەڵ دەنگدەرانیان ڕاستگۆ بن، بێن پەرلەمان کارا بکەنەوە، ئەمەش دەبێتە هەنگاوێکی باش بۆ قۆناغەکانی داهاتوو.